پرپیۆزیشن     Preposition  

 

زمانه‌وانی کورد له‌ مێژووی ڕێزمانی کوردییدا به‌م شێوه‌یه له‌ سه‌ر ئه‌م مژاره‌ ‌ دوواوون :

 

1 – ماموه‌ستا سه‌عید سدقی له‌ ڕێزمانه‌که‌یدا( صرف و نحوی کوردی ) کاتێک باسی ( ا‌دوات) ده‌کات (  به‌ ، بۆ ، تا ، له ) دێنێته‌ ناو میسالانه‌وه‌ و هیچ عینوانێکی تایبه‌تی بۆ دانه‌ناوون.

 

2 – ماموه‌ستا تۆفیق وه‌هبی له‌ ده‌ستووری زمانی کوردی، برگه‌‌ 69 دا ده‌ڵێت : ئه‌داتی ته‌واوی که‌لیمه‌یه‌ک له‌ جومله‌یێکا بۆ پێشاندانی لاقه‌ی مانای ناوێ، سیفه‌تێک و که‌لیمه‌یێکی تر به‌که‌ڵک ئه‌هێنرێت، وه‌کو:

ئێمه‌ له‌ مه‌رگه‌وه‌ هاتین  :   له‌ …. وه‌.

پیاوه‌که‌ی تۆش ڕۆی  : ‌ ی

جامانه‌ سه‌رپۆشێکی ناقۆڵایه‌  :    ی

 

3 – کوردوییف له‌ کتێبه‌که‌ی ( زمانی کوردی له‌ ساڵی 1970 ) له‌ ژێر ناونیشانی ( به‌رناڤ) ده‌کات به‌ سێ به‌شه‌وه‌  :

1 – به‌رناڤه‌کانی کۆن، وه‌ک ‌ :  ب ، با ، بۆنا ، بێ ، په‌ی ، جه‌م، دوو ، ژ ، سه‌با ، گه‌ل، ل ، هه‌تا .    

2 – به‌رناڤه‌کانی تازه، تازه‌  :   به‌ر ، بن ، پاش ، پێش ، ره‌خ ، سه‌ر ، ناڤ. ‌

3 – به‌رناڤه‌کانی به‌جووت   :    به‌رب ، دگه‌ل ، له‌گه‌ل.  

هه‌روه‌ها به‌رناڤه‌ کۆنه‌کان له‌گه‌ڵ تازه‌کان پێکه‌وه‌ به‌کاردێن، وه‌کو :  ل سه‌ر، ب سه‌ر، ل به‌ر ، ژبه‌ر، دناڤ، ژناڤ. 

 

 4 – رشید کورد له‌ کتێبه‌که‌ی ( رێزمانا کرمانجی ) له‌ ژێر عینوانی ( حروف جر، پێربه‌ست ) دا ده‌ڵێت : پێربه‌ست وشه‌یێکه‌ که‌ ناوه‌کان و به‌رناڤه‌کان ده‌کات به‌ مه‌فعولی صریح ، وه‌ک : من قه‌له‌مه‌ک ژ کوڕێ خوو ڕا کری.  

له‌م ڕسته‌دا ( ژ ) و ( ڕا) پێربه‌ستن. پێربه‌ست له‌ زمانی کوردییدا ئه‌مانه‌ن :  ئانگۆ ، ب ، بۆ ، پاشێ ، د ، ژ ،  ژبۆ ، قاندی ، ل ،  ل پێش.

 

5- نوری عه‌لی ئه‌مین له‌ ڕێزمانه‌که‌یدا ( ڕیزمانی کوردی ) چاپی ساڵی 1960 ده‌ڵێت : ئامرازی پێوه‌ندی ئه‌و واژه‌یه‌یه، که‌ له‌ پێش

( ناو ،  ڕاناو ، ئاوه‌ڵناو )ـه‌وه‌، به‌کارده‌هێندرێت بۆ ده‌رخستنی پێوه‌ندی ناوه‌که‌ ، یا ڕاناوه‌که‌ ، یان ئاوه‌ڵناوه‌که‌ له‌ته‌ک وشه‌کانی تری رشتکه‌دا ، ئامرازی پێوه‌ندیش ده‌کات به‌ دووبه‌شه‌وه‌ :

 1 – ساده‌ ( ه‌ ،  به‌ ، بۆ ، په‌ی ، پێ ، تا، تێ ، له‌ ، لۆ ، لێ ، وه‌ ، وه‌ک ، ی) ئامرازی ( پێ ، تێ ، لێ) له‌ ته‌ک فرماندا به‌کاردێن.

2 – لێکدراو‌ ( به‌بێ ، له‌سه‌ر ، وه‌کو ، هه‌تا ، هه‌تاکو، هه‌تاوه‌کو ).

 

 6 – ماوه‌ستا  مه‌ردۆخ له‌ فه‌رهه‌نگه‌که‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ 25  له‌ نێوان تێکڕای باسی حرف و ادوات ته‌نیا ناوی ( تا ،  له‌ ) ده‌بات. که‌ به‌ واتای پرپیۆزیشن ده‌که‌ون، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناونیشانێکی تایبه‌تیان بۆ دابنێت، وه‌ یا پێناسه‌یێکیان بۆ بکات.   

 

7 –  له کتێبی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی پۆلی یه‌که‌می ناوه‌ندی چاپی دووه‌می ساڵی 1972 که‌ له‌ لاپه‌ڕي ( 25، 26، 27 ) دا له‌ پارچه‌کانی ئاخاوتن دا ده‌دوێت له‌ به‌شی شه‌شه‌مدا ده‌ڵێت :

ئه‌گه‌ر وشه‌که‌ بۆ ده‌رخستنی پێوه‌ندیی ناوێ، ڕاناوێ یا ئاوه‌ڵناوێ به‌کارهێندرا له‌ته‌ک وشه‌کانی تری ڕسته‌که‌دا پێی ده‌گووترێت ( ئامرازی پێوه‌ندیی)

ته‌نیاش ( بۆ ، له‌ ، ی) له‌ڕسته‌دا  وێنه‌ی بۆ هێناوه‌ته‌وه‌.

پار ئێوه‌ و ئه‌وان چوون بۆ هه‌ولێر    :    بۆ

ئێمه‌ی دواکه‌وتوو که‌ی ده‌گه‌ێنه‌ ریزی گه‌لان    :    ی

دۆشاو له‌ ترێ دروست ده‌کرێت  :    له‌

 

 

8 –  کۆڕی زانیاری کورد  له ( رێزمانی ئاخاوتنی کوردی) یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ 257، 258 ئاماژه‌ بۆ دوو بابه‌تی گرنگ ده‌که‌ن.

1 – هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م مژاره‌  له‌ زمانی فارسییدا.

2 – هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌ک بۆ ئه‌م مژاره له‌ زمانی کوردییدا‌.

 

      ‌

 

     ‌‌