چیمەنتۆ/çîmento: ن:[ کیمیـ] چەمەنتۆ : شێوەی دوستکردنی : کەرەستە خاوەکانی دروستکردنی چیمەنتۆ، قوڕی خاوێن(کە زۆربەی سیلیکاتی ئەلومنیۆمە)و بەردی کلس(کە زۆربەی کاربۆناتی کالسیۆمە ) ئەو دوو ماددەیە دەهاڕدرێن وشک دەکرێنەوە و دوای ئەوە تێکەڵدەکرێن، ئینجا ئەو تێکەڵە لە فڕنێکی لوولەکیی کەمێک لە ئاسۆیی لاری بە ئاگرە خشت ناو پۆشراوی 250 پێ درێژ، گەرم دەکرێت، کە زۆر بە هێواشی لە سەر تەوەرێک دەسووڕێتەوە ( هەر جارێک سووڕانەوەی دەقیقەیەکی پێدەچێت)، کەرەستە خاوەکانی لە سەرەوەی کوورەکەوە( فڕنەکەوە) تێدەخزێت، لە پێشدا لای خوارووی فڕنەکەوە بەرەو ژوور گەرم دەکرێت، کە ئەو هاڕدراوەیە دەخزێت، تووشی سێ ناوچەی گەرمکردنی جیاواز دەبێت، لە یەکەم دا ئاو ون دەکات ووشکدەبێتەوە، لە دووەمدا CO2 ون دەکات و لە ناوچەی سێیەمدا کە گەرمییەکەی دەگاتە 1400 پلەی سەدی، ماددەکان شل دەبنەوە و چیمەنتۆ پێکدێنن کە وەک چەو وایە و هەردەنکەی ئەوەندەی هێلکەیەک دەبێت و پێی دەڵێن( کلینکەر)، لە دامێنی فڕنەکەوە دێتەدەرێ، سارددەکرێتەوە و دەهاڕدرێت و ئینجا 2 – 3 % بۆرەک( جیپس) CaSO4.2H2O ی تێدەکرێت و تێکەڵدەکرێت و دووبارە دەهاڕدرێتەوە ئەوسا ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان. ماددەیەکی لکێنە لە دروستکردن و لکاندنی هەندێک ماددەی بیناکاریدا بەکاردێت وەک بەرد و خشت و ئاوەڕۆ و کۆنکرێت…. هەموو جۆرەکانی چیمەنتۆی پۆرتلاندی و چیمەنتۆ ئەڵومینی و چیمەنتۆی پۆزولانا و هەموو جۆرەکانی چیمەنتۆی ئەندامی لە بیناسازیدا بەکاردەهێندێت.[ ئینگـ : Cement].

چیمەنتۆکراو/çîmento kiraw: ئانفا:[ کیمیـ] بە چیمەنتۆ چەسپکراو.[ ئینگـ : cemented]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.

چیمەنتۆ کردن/çîmento kirin: ن:[ کیمیـ]

1 – پرۆسەی پێکهاتنی بەندێکی چیمەنتۆیی لە نێوان گەردیلەکانی خۆڵدا. [ ئینگـ : cementation].{ پەیامی ڕەنج، ل، 43}.

2 – پڕکردنەوە و بەهێزکردن بە چێمەنتۆ.  

            چەند نموونەیەک لە چیمەنتۆ                    

چیمەنتۆی ئەلومنیۆم/çîmentoy elumnyom: نتـ:[ کیمیـ] جۆرە چیمەنتۆیەکی هایدرۆلیکیە لە چیمەنتۆی پۆرتلاند دەچێت، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەلومیناتی کالسیۆم پێكدێت.[ ئینگـ : aluminous cement]{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 50}.

چیمەنتۆی پۆرتلاند/çîmentoy Portland: نتـ:[ کیمیـ] بە چەمەنتۆی کۆزەری پۆرتلانیش ناسراوە، بەهاڕینی تێکەڵی کۆزەری دەنکی فڕنە بەرزەکانی ئامادەدەکرێت کە کوتووپڕ لە ئاودا سارددەکرێتەوە( بە ڕێژەی لە 10 تا 85%) و کلینکەری چیمەنتۆی پۆڕتلاندی ئاسایی و بڕێک بۆڕەک( نزیکەی 5%) وەک هێواش کەرەوە و دەست بەسەراگری بەستن، تا وردی لە 2240 سم² /گم تا 4000 سم² /گم. وە دەشگونجێت بە سووتانی کۆزەی هاڕراو( لە جیاتی وردە) لە گەڵ بەردی کلس، گەرمی ئاوێنی لە چاوخۆدا نزم و زۆر بەرگری گۆگردات و کیمیامەنی دەکات، بۆیە بۆ کاروباری لکاندن و سپیکاری و خشت بەکاردەهێندرێت، هەروەها بۆ کۆنکرێتی تۆپەڵی لە داموودەزگا دەریاییەکاندا – کانزایانە لە سیلیکاتی سیانە کالسیۆم و سیلیکاتی دوانە کالسیۆم و ئەلۆمینای سیانە کالسیۆم و چوارە کالسیۆم ئەلۆمێنۆفریت پێک دێت.{ فەرهەنگی کیمیا. جەمال عەبدول. ل304، 305}.[ ئینگـ : Portland cement].

چیمەنتۆی پۆرتلاند زووبەستوو/çîmentoy Portland zûbesitû: نتـ:[ کیمیـ] جۆرە چیمەنتۆیەکە لە زۆر ورد هاڕینی کلینکەری چیمەنتۆی پۆرتلاندی(جۆرە ڕوی لە 3250 سم²/گم زۆرتر) یان دابینکردنی تێکەڵەکە بۆ پێکهێنانی ڕاددەیەکی زۆرتری سیلیکاتی سیانە کالیسۆم( ئەو ماددەیەی کە دەبێتە هۆی زوو بەرگری چیمەنتۆ). و تا ڕاددەیەکی زۆر میکانیکە بەرگریدەکات لە ماوەیەکی کەمدا( نزیکەی 25% ی ماددەیەی چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی پێویستێتی لەو دەزگایانەدا بەکاردەهێندرێت کە پێویستە خێرا دروست بکرێت وەک دەزگا درێژەکان و سەربازییەکان).[ ئینگـ : Rapid hardening Portland cement].  

چیمەنتۆی سوپەر سەلفاتدارکراو/çîmentoy super selifatdarkiraw: نتـ:[ کیمیـ] جۆرە چیمەنتۆیەکی دروستکراوە، کە سەرباری ئەو چیمەنتۆیەی سەرەوە، ئالۆمینی زۆرتر، هەروەها ئەنهیدرت یان گەچی سووتاو نزیکەی 5% چیمەنتۆی پۆرتلاندی تێدایە. ئەم چیمەنتۆیە بەرگرییەکی زۆری گۆگردات دەکات و زۆرتر بۆ کاروباری ژێر زەوی و دەریا سوودی لێ وەردەگیرێت.[ ئینگـ : supersulphated cement].{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 214}.   

چیمەنتۆی سۆرێل/çîmentoy Sorêl: نتـ:[ کیمیـ] تێکەڵێکە لە مەگنیسایتی کلساو و گیراوەیەکی خەستی کلۆریدی مەگنیسیۆم. لە ماددەیەکی کەمدا دەیبەستێت و دەبێتە تۆپەڵێکی پتەو لە زەمینەسازیدا بەکاردەهێندرێت.[ ئینگـ : Sorel’s cement].

چیمەنتۆی شل/çîmentoy şil: نتـ:[ کیمیـ] ئەو چیمەنتۆیەی بۆ کوێرەوە کردن و پڕ کردنەوەی نێو دیوار دەگیرێتەوە.[ ئینگـ : cement grout]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

چیمەنتۆی فرەئەلومین/çîmentoy fire elumîn: نتـ:[ کیمیـ] چیمەنتۆیەکی ڕەنگ تێرە، زۆر ڕەق دەبێت، بەگەرنکردنی تێکەڵێکی بۆکسایت و بەردەقسڵ تا نزیکەی 185 پلەی سەدی پێک دێت، بڕی جیاوازی ئۆکسید‌ەکانی ئاسن و سیلیسیشیان تێدایە. ئەم چیمەنتۆیە بەرانبەر کاری گۆگردات، ئاوی دەریا و ترشاوەکان زۆرخۆڕاگرە، لەگەڵ سۆدەی خشتی نەسووت بۆ ئامادەکردنی کۆنکریتی نەسووتیش بناکردێت.[ ئینگـ : high alumina cement ].{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 213}.   

چیمەنتۆی فۆندا/çîmentoy fonda: نتـ:[ کیمیـ] چیمەنتۆیەکی ئەلومنیۆمییە کە بە هێواشی دەگرێتەوە، بەڵام زوو ڕەق دەبێت، بەرانبەر ئاوی دەریا و گیراوەی گۆگردات خۆڕاگرە، بۆ ئامادەکردنی چیمەنتۆی نەسووتیش بەکاردێت [ ئینگـ : cement fonda ].{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 245}.

چیمەنتۆی کلێنکەر/çîmentoy kilênker: نتـ:[ کیمیـ] ئەو بەردەی چیمەنتۆی لێ دروست دەکرێت، کە بریتییە لە پاشماوەی خەللوزی سووتاو.[ ئینگـ : cement clinker]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

چیمەنتۆی لەکیسەکراو/çîmentoy le kîsekiraw: نتـ:[ کیمیـ] چیمەنتۆی چیمەنتۆ.[ ئینگـ : saked cement]{ پەیامی ڕەنج، ل، 470}.    

چیمەنتۆی لیسارج _ گلیسیرۆل/çîmentoy lîsarc kikîsîrol: نتـ:[ کیمیـ] بە تێکەڵکردنی گلیسیرۆل، لەگەڵ شەشییەک یان نیوبەش ئاو، لەگەڵ بڕێکی گونجاو لیسارج هەویرێکی پتەو و گونجاو پێک دێت و دەبێت هەر کە ئامادەکرا، بەکاربێت، دژەترش دەبێت، خورادنی ژەهرە.[ ئینگـ : Litharge – glycerol cement ].{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 687}.

پۆڵای کربیدی/poľay kirbîdî: نتـ:[ کیمیـ] پۆڵایەک کە ڕووەکەی بە کاربۆنی زۆر گەرم ڕەق کراوە.[ ئینگـ : cemented steel]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

تۆزی چیمەنتۆ/tozî çîmento: نتـ:[ کیمیـ] تەپ و تپزی چیمەنتۆ.[ ئینگـ : cement dust]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.

تێکەڵکردنی چیمەنتۆ/têkeľ kirdinîçîmento: نتـ:[ کیمیـ] پێوەرەکانی تێکەڵکردنی چیمەنتۆ. یان سەنگاندنی چیمەتۆ.[ ئینگـ : cement batching]{ پەیامی ڕەنج، ل، 43}.

چەسپێنەری چیمەنتۆیی/çespênerî çîmento: نتـ:[ کیمیـ] چەسپێنەری پالانجەیی( گەچی).[ ئینگـ :  cement – based adhesive]{ پەیامی ڕەنج، ل، 43}.

ڕێژەی چیمەنتۆ/řêjey çîmento: ن:[ کیمیـ] ڕێژەی چەمەنتۆ و لم لە تێکەڵەی کۆنکرێتیدا. [ ئینگـ : cement  – sand ratio]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

ڕێژەی سەدی چیمەنتۆ/řêjey sedî çîmento: ن:[ کیمیـ] [ ئینگـ : cement rate]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

ڕووپۆشی چیمەنتۆ/řûpoşî çîmento: ن:[ کیمیـ] ڕووکەشکردن بە جێمەنتۆ. [ ئینگـ : cement rendering]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.  

ڕێگای چیمەنتۆ ڕێژکراو/çîmento: نتـ:[ کیمیـ] [ ئینگـ : cement – bound macadam]{ پەیامی ڕەنج، ل، 43}.

فڕنی چیمەنتۆ/fiřnî çîmento: نتـ:[ کیمیـ] فڕنێکی لوولەکی درێژی کەمێك لە ئاسۆیی لارە و بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و هەموو ناوچەکانی بەگەرمەمەنی گونجاو ناوپۆش کراوە بۆ سووتانی تێکەڵەی چیمەنتۆ بۆ بەرهەمهێنانی کلینکەری چیمەنتۆی پۆرتلاند بەکاردەهێندێت. [ ئینگـ : Cement kiln].{ ئینسایکلۆپێدیا، ل، 213}.

گەچی چیمەنتۆیی/geçî çîmento: نتـ:[ کیمیـ] بالانجەی گەچی بۆ ڕووەکانی ناوەوە بەکاردەهێندرێت.[ ئینگـ : cement plaster]{ پەیامی ڕەنج، ل، 44}.

.

.

.

.

.