شیرەتێن/şîretên: نتـ:[ شیر+ ئە+ تێن( تین : گەرمی)] شلتێن : شلەیەکی نەگەرم و نەسارد بێت وەک شیر ئاسا.

شیلەتێن،  شلەتێن،  شلتێن،  شیلەوتین، شییلەوتیین

تێنشیر/tênşîr: نتـ: ئەم وشەیە لە کرمانجیی باکوردا شێوەی خۆیی پاراستوە، بەڵام لە کرمانجیی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی گۆڕاوی وایە کە بەئاستەم ڕێ دەبرێتەوە سەر بنچینەکەی.
وشەکە لە کرمانجیی ناوەڕاستدا بە شێوەی “

تێنشیر،  تێێنشییر تێهنشیر” |تێێهنشییر| و “تهنشیر” |تهنشییر| و “تینشیر” |تیینشییر|.

لێرەوە دەزانین کە مەبەست لە “شیلە” و “شیل” ی کرمانجیە ناوەڕاستەکە هەر “شیر” ە، و بەشەکەی تری وشەکەش هەمان وشەی “تێن” و “تین” ـە. بەم شێوەیە: “شیر” |شییر|، وشەیەکی ناسراوە، و بە شێوەی “شیرە” یش دێت،

بەتایبەتی لە حاڵەتی لێکدراویدا. هەروەها دەبێتە “شیلە” یش. هەر بۆیە ـ بۆ نمونه ـ شیری هەندێک ڕوەک و شتی تری وەکو شیر [بۆ نمونه: شەکراو] “شیلە” |شییلە| ی پێ دەوترێت کە خۆی لە بنەڕەتدا هەر “شیرە” |شییرە| یە. ڕیشەی “شیر” |شییر| یش زانراوە: پێشتر لە پەهلەویدا هەر “ش‌ی‌ل” |شییر| بوە، پێشتریش لە ئەوێستاییدا “خشڤید-” بوە. ئێرانیە سەرەتاییەکەی بە “خشیرە-” |خشییرە| بینا دەکرێتەوە، کە “شیر” ە ەپەهلەوی و فارسی و کوردیەکە لێرەوە هاتوە، هەروەها بە “خشڤیپتە-“، کە لێرەوە “شت” şit [و “ست” sit و “شد” şid] ـە زازاییەکە هاتوە کە هەر بە واتای شیرە.

“تێن” |تێێن|، بەم شێوەیە لە کرمانجیی باکوردا ماوەتەوە، هەروەها بە شێوەی “تێهن” |تێێهن=تێێـ’ـهن| ـ کە لە کرمانجیی باکوردا ئەم دیاردەیە هەیە کە دوای بزوێنێکی درێژ دەنگی |هـ| زیاد دەکرێت. هەروەها بە شێوەی “تین” |تیین| یش هەر لە کرمانجیی باکوردا هەیە، ئینجا ئەمەش دەنگی |هـ| ی تێدا زیاد دەبێت و دەبێتە “تیهن” |تییهن=تییـ’ـهن|، ئەمەش ئینجا بزوێنەکەی کورت دەبێتەوە تا دەبێتە “تهن”.

بەڵام لە کرمانجیی ناوەڕاست و باشور و هەروەها هەورامیدا هەر “تین” |تیین| ـە.

واتای یەکەمی وشەکە لە بنەڕەتدا “گەرمی” و “گەرمایی” ـە، بەڵام هەر لێرەوە واتای وزە و هێزی وەرگرتوە، و هەتا واتای “زۆر” و “فشار” یش وەردەگرێت.

هەرچەند کاتێك لە کرمانجیی باکوردا دەوترێت “تێنی” و “تێهنی”؛ ئەمە لەگەڵ “تێنی” و “تێهنی” ی بە واتای “تینو” دا تێکەڵ دەبێت، هەتاکو “تهن” لەو شێوەزارەدا بە هەردو واتای “تین” ـ واتە وزە ـ و “تینو” دێت.

خۆی لە ڕاستیدا وشەکە بە هەردو واتاکە “گەرمی” و “تینوێتی” هەر یەک ڕیشەیان هەیە، و هەردو واتاکەش پێکەوەبەسراون، چونکە هەردو حاڵەتەکە هەر وشکی و بێ‌ئاوی و نەبونی فێنکیە:

وشەکە لە شێوەزارە کوردیەکاندا بە چەند شێوەیەک دەردەکەوێت: “تی” |تی=تیی| و “تین” |تیین| و “تێن” |تێێن| و “تیهن” |تییهن| و “تێهن” |تێێهن| و هەروەها “تهن”، و ئینجا “تێنی” و “تینی” و “تێهنی” و “تیهنی” و هەروەها “تینو” |تیینوو| و “تێنو” |تێێنوو| و هەندێک شێوەی تریش (لەمانە لە کرمانجیی ناوەڕاستدا زیاتر “تینو” و کەمتر “تێنو” باون، ئیتر ئەوانەی تر لە کرمانجیی باکوردا هەن). ئەمانە هەمویان ـ کە ئاوەڵناون ـ بە واتای “تینو” ن. لە فارسیدا “تشنە” |تیشنه=تێشنێ| یە، ئەمە پێشتر لە پەهلەویدا “ت‌ی‌ش‌ن‌ک'” |تیشنەگ| بوە بە واتای تینو، کە “ت‌ی‌ش‌ن” |تیشن| بە واتای تینوێتیە. پێش ئەمانەش لە ئەوێستاییدا “تەرشنە-” بوە بە واتای تینوێتی (هەروەها “تەرشو” لە ئەوێستاییدا، بە واتای “وشک”)، بۆیە ئێرانیە سەرەتاییەکەی بە شتێکی وەکو “ترشنە-” بینا دەکرێتەوە. بەرامبەری ئێرانیەکە لە هیندیەکەدا “تررش-” तृष् ـە، ئەوەتا لە هیندیی کۆن (سەنسکریتی) ـدا तृष्यति |تررشیەتی| کردارێکە واتای تینوبون دەدات، و ئیتر तृष्णा |تررشنا| یانی “تینوێتی”. وشەکە هاوبەشی هیندی-ئەورۆپاییە [بۆ نمونە: thirst (=تینوێتی) ی ئینگلیزی و terra |تێررا| (=وشکی=وشکانی) ی لاتینی، و وشەگەلی تر، لە هەمان ڕیشەن]، و هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکەی بە شتێکی وەکو “تێرس-” [یاخود “تێراس-” یان “تراس-“] بینا دەکرێتەوە کە واتای “وشکی” دەدات، کە ئیتر دوایی واتای “دەم‌وشکی” و حاڵەتی وشک‌بونەوی گەرو لە تینوان، و هەروەها گەرمی و ئینجا بەهێزیی وەرگرتوە، هەتا “ترش” ی کوردی لە هەمان ڕیشەیە چونکە ئەمیش بەهێز و کاریگەر و سوتێنەرە.


جا ئەوەی لە هەندێک فەرهەنگ‌ساز و ڕیشەناسی کورد ون بوە؛ ئەوەیە کە “تین” یش ـ بە واتای گەرمایی و وزە ـ لە هەمان ڕیشەیە، ئەوەتا لە کرمانجیی باکوردا ئەو وشانەی بە واتای گەرمایی و وزەن؛ بە ئاستەم جیا دەکرێنەوە لەوانەی بە واتای “تینو” و “تینوێتی” ـن. لە کرمانجیی ناوەڕاستیشدا سەرنجی لێک‌چونی “تین” و “تینو” بدە ئێستە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە “تێن” ی “تێنشیر” ە کرمانجیە باکوریەکە و “شیلەتێن” ـە کرمانجیە ناوەندیەکە؛ بە واتای “گەرمی” ـە.

و “شیر” ی “تێنشیر” ە کرمانجیە باکوریەکە، لەگەڵ “شیلە” ی کرمانجیە ناوەندیەکە هەر یەک شتن، چونکە “شیلە” هەمان “شیرە” یە کە لە هەمان “شیر” ساز کراوە.


کەواتە “تێنشیر” و “شیلەتێن” لێرەوە بەو واتا و چەمکە دروست بوە کە یانی: گەرمە بە ئەندازەی گەرمیی شیر (ی مەمکی دایک).

شیری دایک گەرمییەکی سروشتیی ئاسایی هەیە، گونجاوە بۆ ئەوەی هەم گەرمی و وزە ببەخشێت بە کۆرپە، و هەم ئەوەندەش گەرم نیە کە تۆزقاڵێکیش ئازاری بدات یان وەڕسی بکات.


جا شیری مرۆڤ مەبەست بوبێت یان گیانداری تر، گرنگ ئەوەیە ئەو کاتەی شیر دادێت بۆ بەچکە؛ گەرمییەکی سروشتیی هەیە کە بوەتە نمونەی گەرمیی گونجاو کە نە گەرمە و نە ساردە یان لەو نێوانەدایە.


لێرەوە “تێنشیر” و “شیلەتێن” بە هەر شلەیەک وتراوە کە هەر بە ئەندازەی شیر گەرم بێت، واتە لەنێوان گەرمی تەواو و سارددا بێت.

تێنشیر/tênşîr: نتـ:[ کناو]

شلەتێن/şiletên: نتـ:[ کباک]
شیلەتێن/şîletên: نتـ:[ کناو]
شلتێن
شیلەوگەرم : شیلەوتین
شیلەوگەرم : شیرگەرم
نیم گەرم : نیوەگەرم. 

 

شیتین/şîrtîn: ن:[ لەنگە][ مەریوان][ هەر ( شیرتین)ـەکەیە، لێ ( ر)ی شیرەکە سوواوە یان قرتێندراوە] شیرتین.  

شیرتین/şîrtîn: : شییرتیین. 

لەم ڕیشەناسیەوە یەک شتی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە بەراوردی هەمو شێوەزارە کوردیئەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی ڕیشەناسییەکی ورد و زانستی بۆ وشە کوردیەکان. ئەوەی لە شێوەزارێکدا بەئەستەم دەناسرێتەوە؛ لە شێوەزارێکی تردا ئاسان دەناسرێتەوە

.

.

.

.