جەرگ¹/cerg: ن:[ توێ][ ئاڤێستایی : rakhY: یاكەر : جگر] كەزەبا ڕەش( كباك)، جەگەر _ جگەر، مێلاك، یەهەر( هـ)، پشاڕەش _ پێلاڕەش: لە دوای پێست، جگەر دووم گەورەترین ئەندامی لەشە، وە گەورەترین لووە لە لەشدا، كێشەكەی نزیكەی كیلۆ و نیوێك دەبێت، ڕەنگی سوورێكی تێری جگەرییە. جگەری مرۆڤ لە پارچەی ڕاست و چەپ پێكدێت. جگەر یەكێكە لە گرنترین ئەندامە كار هەڵسووڕێنەرانی لەش و گەلێك ئەركی لە ئەستۆدایە. ئۆرگانێكە هەڵسوكەوت دەكات دەگەڵ مژاكەكانی پاشەرۆكی لەش. جەرگ لە توانای داهەیە گۆڕانكاری بەسەر مژاكەكان بهێنێت، ئەوجا مژاكە سووكەكان بتوانن دەرهاوێشتە بكرێن، بۆ نموونە بكرێنە تواوەی نێوئاو، ئەوجا بەسانای لە ڕێگای گورجیلەوە دەرهاوێشتە بكرێن. دەگەڵ ئەم چۆنییەتیە، توانایەكی بڕیاردەری هەیە لە بۆ كۆئەندامی هەرسكردن. یەكێك لەوانە ئەنباركردنی( گلیكۆجێن)ـە. خانەكانی جگەر گلوكۆزوەر دەگرێت، ئەنباری گلیكۆجێن پڕدەكاتەوە، هەروەها چەوری دەنێرێت بۆ خانە چەوریەكان. بەو شێوەیە جگەر ماددەكان گۆڕانی بەسەردا دێنێت و دەرهاوێشتە یان دەكات لە ڕێگای زراوەوە بۆ ڕیخۆڵە. هەروەها لە توانایدا هەیە ئەلبومین و پرۆترۆمبین و سێریۆلۆپلازمین دروست بكات. لە جگەردا لە كۆئەنزیمی ئەسیتایلی A، كۆلیسترۆل پێكدێت. هەندێك جۆری ڤیتامین پاشەكەوت دەكات. لە جگەردا ژەهری زۆر مژاد لە ناو دەبرێت یان كەم دەكرێنەوە، بەكورتی جگەر كارگەیەكی كیمیاوی لەشی زیندەوەرە، گەلێك كاری ئاڵۆزی لەشی مرۆڤ ئەنجام دەدات. ئەوەی كە بووە بە مایەی سەرسووڕمان، ئەوەیە كە لە كاتی لە ناوچوونی بەشێك لە جگەر بەهۆی ژەهر یا كاری نەشتەرگەرییەوە زۆرخێرا ئەو بەشەی دروستدەكاتەوە كە لەدەستی داوە و قەبارەی جارانی خۆی پێكدێنێتەوە بۆ دەستنیشان كردنی ئەوەی ئایا جگەر ئەركەكانی خۆی بەباشی جێبەجێ دەكات یان نا دەستەیەك ئەزموونی تایبەتی هەیە كە پێیان دەگووترێت، ئەزموونەكانی كاركردنی جگەر.

نەخۆشیەكانی جگەر :

شێرپەنجەی جگەر

هەوكردنی جگەر : Hepatitis

كرمی جگەر: جۆرە كرمێكە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە و گەرا دادەنێت و دەبێتە هۆی ئاوسانی جگەر، بەزۆری لە ناوچە گەرمەكاندا ئاوودەدات.

جگەرچەوری : زۆربوونی ڕێژەی چەوری لە خانەكانی جگەردا.

گواستنەوەی جگەر: گۆڕینی جگەرێكی نەخۆش بەجگەرێكی ساغ.  ئەم ڕێگایە لە ناوەڕاستی ساڵەكانی هەشتاوە بەكاردێت. دەبێت جۆری خوێنی ئەو‌ كەسەی جگەر دەدات و ئەو كەسەی جگەر وەردەگرێت وەكو یەك بێت. هەروەها دەبێت كێش و قەبارەی جگەرەكە لە یەك ئەندازە دا بێت.{ فەرهەنگی پزیشكی. ل. 114، بەدەستكارییەوە}.

جەرگ ئێشە /cergěše: نتـ:[ جەرگ+ ئێشە] ژانی جەرگ.

.

.

____________________________

جەرگ²/cerg: ن: ڕۆڵە، منداڵ.

جەرگ ئاووس/cergaŭs: ئانتـ:[ خ][ جەرگ+ ئاووس( ماسای)] دەهری، تووڕە، تەنگەتاو، وەڕەز _ وەڕەس : دڵ پڕ لە خەم، مەینەتبار.

جەرگ ئاووسی/cergaŭsî: نچ:[ نخ][ جەرگ ئاووس+ ی] دەهرێتی، توورەیی: دەردێكە جەرگی مرۆڤی دەپەنەمێنێت، بەهۆی نۆبەتێی كۆن، كەوتوویی، سەرما و گەڵێ شتی دیكە دێت.

لە كوردەواریدا دەڵێن: ئاوی گەڵا بی یان گوڵی پنگیش بە ئاوەوە بكوڵێندرێت بۆ جەرگی ئاووسی، كەبەسەرماوە بێت باشە .

بەجەرگ/becerig: ئانتـ:[ خ][ بە+ جەرگ]

1 – نەترە. 

2 – مرۆڤی ئازا و نەترس، خوێنگەرم .

:: کابرایەکی بەجەرگە لە پەنجا سواران ناگەڕێتەوە.

بەجەرگی/be cerigî: نچ:[ بە+ جەرگ+ ئی] ئازایەتی، چاونەترسی.

بێجەرگ/bêcerg: ئانتـ:[ بێ+ جەرگ] ترسنۆک، قزە.

جەرگبڕ/cerg biř: ئانفا:[ خ][ جەرگ + بڕ(بڕین)] جگەربڕ، جەرگمژ، خوێنمژ، بەسەرهاتی پڕ لەخەم.

:: دەنگوباسی جەرگبڕ.

جەرگبڕان/cergbiřan: كتپ:[ خ][ جەرگ+ بڕان( بڕین)] زگسووتان، ڕۆڵەمران، دڵسووتان، زۆرلێكردن.

جەرگبڕاو/cergbiřaw: ئانفا:[ جەرگ+ بڕاو( بڕین)] زگسووتاو، دڵسووتاو، جەور و بێدادی لەتەككراو.

جەرگبڕاوی/cergbiřawî: نچ:[ جەرگبڕاو+ ی] زگ سووتاوی، دڵسووتاوی.

جەرگبڕین/cergbiřîn: كتپ:[ خ][ جەرگ+ بڕین] كوشتن.

جەرگخۆرە/cergxore: نتـ: خەمی گەورە، كوڵ و كەسەری مەزن.

جەرگی خۆداگرتن/cergî xodagirtin: كتن: ئارامی گرتن، هێدی و هێمن بوون.

جەرگدار/cergdar: ئانتـ:[ جەرگ+ دار] ئازا، بەجەرگ، چاڤنەترس.

:: پێشمەرگەیێن جەرگدار.

جەرگداری/cergdarî: نچ:[ جەرگدار+ ی] ئازایی، بەجەرگی.

جەرگسۆز/cergsoz: ئانتـ:[ خ] جگەرسۆز، دڵسۆز.

جەرگسۆزی/cergsozî: نچ: جگەرسۆزی، دڵسۆزی.

جەرگسووتان/cergsŭtan: كتن:[ خ][ جەرگ+ سووتان] جەرگ سۆتەێ ( هـ){ بێستوون. ل. 37}، جەرگ هەڵقرچان، منداڵمردن، زگسوو تان، جگەرسووتان پەلاس( ڕۆژ).

جەرگسووتاندن/cergsŭtandin: كتپ:[ خ][ جەرگ+ سووتاندن] منداڵكوشتن، زگسووتاندن.

جەرگ سووتاوی/cerg sŭtawî: نچ:[ خ] منداڵمردووی.

جەرگقایم/cergqaîm: ئانتـ:[ خ][ جەرگ+ قایم] ئازا، دلێر، بەجەرگ.

جەرگقایمی/cergqaîmî: نچ:[ خ][ جەرگقایم+ ئی] ئازایی، دلێری، بەجەرگی.

جەرگماسای/cergmasay: چ:[ هـ] جەرگ ئاووسان.

جەرگ و ناو/cergŭnaw: نتـ:[ جەرگ+ و+ ناو (هەناو)] جەرگ و هەناو ، دڵ و گورچیل.

جەرگ و هەناو/cerg ŭ henaw: نتـ: دلجگەر( ڕەوا)، جەرگ وناو، جیگەروسی، شووش و یەهەر، جەرگ و سیپەلاك.

جەرگ و هناڤ/cerg ŭ hinav: نتـ:[ باد] جەرگوناو، جەرگەدڵ.

جەرگ هەڵقرچان/cerg heľqirčan: كتن:[ خ] جەرگسووتان، زگسووتان، جەرگ بڕان.

جەرگ هەڵقرچاندن/cergheľqirčandin: كتپ:[ خ] جەرگسووتاندن، زگسووتاندن، جەرگبڕاندن.

جەرگ هەڵقرچاو/cerg heľqirčaw: ئانفا: زگسووتاو، جەرگبڕاو.

جەرگ هەڵقرچاوی/cerg heľqirčawî: نچ: زگسووتاوی، جەرگ بڕاو.

.

.

.

.