سەرسەری/serserî: ئان:[ كباك] ئه‌وباش، بارنەبەر، بارووتە، تڕۆ، خوێڕی، خووێڕی، سەركێش، لۆتی : ئەو کەسەیە کە لە کۆڵان بە کۆڵان و گەڕەك بە گەڕەك دەخووڵیتەوە، لە شووێنی خۆی چەقاوەسوو دەبێت و لە جێی نەناسراویش ترسنۆك دەبێت.

بەڵام هەروەها خوێڕی دەشێت “سەرسەری” بێت، ئاخر لەبەر ئەوەی سەرەڕۆیە، ئەوا هەردەم دەشێت بخزێتە نێو گێچەڵ و مەترسییەوە. جگە لەوە نەشیاو نییە کە خوێڕی وەک سەرەڕۆ چڵیت بێت و بە کەسانی دیکەوە بنازێت، بۆ نموونە کەس و کاری یان دۆستانی لە گێچەڵەوە بگلێنێت. کەواتە خوێڕێ بێشوناسە. ئەو وەک سەرەڕۆ و بەرەڵا ڕیشەی نییە، بۆیە میانەی ئەو لە شەقاوە ئەوەندە دوورە کە ڕەنگە شەقاوە بەلایدا تێبپەڕێت و دەرکی نەکات.
فێنۆمێنە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جەبان، خوێڕی، سەرسەری، شەقاوە، چڵیت، چەکل، چەقاوەسوو و هتد، ئاماژەییانە سنووریان بۆ کێشراوە، بەمەش دەشێت جوودایی هەر یەکەیان لە ئەوانی دی ببینرێت.
 
ئاگایی ڕۆژانەی خەڵک هەرگیز شەقاوەیەک ناونانێت سەرسەری، چونکە ئاشکرایە شەقاوە لە وەهمی دادپەروەریدا دەژی و ڕووبەڕوو کردار دەنوێنێت. ئەو بۆ نموونە ئامادە نییە لە پشتەوە دەست لە دوژمنی بێچەکی خۆی بووەشێنێت، یان گەر بەڕێکەوت بەو دوژمنەی بگات و ببینێت چەکی پێ نییە، ئەوا داوای لێدەکات بڕوات چەکەکەی بهێنێت، بۆیە ناشێت شەقاوە چڵیتی بۆ نێو خۆ شکاوە بێت، هەروەها ناشێت وەک موئاناتدار چەکلی “خاوەن کلکەلەقێ” بێت. جگە لەوە گەر شەقاوە ئامادە نەبێت دەست لە دوژمنی بێچەکی خۆی بووەشێنێت، ئەوا ئاشکرایە ناشێت جەبان بێت، واتا ئەو ناکەسە بێت کە خۆی بەزۆریی مەڵاسداوە تاکو بە خشکەیی لە پشتەوە دەست بووەشێنێت. ئەوجا شەقاوە کە پێداگریی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕوو دەکات، نەشیاوە سەرسەری بێت، واتا ئەو حەواس بارگاویبووە کە ئەوداڵی ئەوەیە کەسانی دی دیدێکی ئەرێنیی ئاڕاستەبکەن و بە ئازای دابنێن. ئەم فێنۆمێنانە لە ئاگایی ڕۆژانەی خەڵکدا نزیکەی سنووری دیاریکراویان هەیە.
.
.
.
.
.