هەوجاڕ/hewcař: ن:[ کشت][ کۆن] ئاموور، ئەسبابی جووت : ئامێرێکى سەرەتایییە بۆ کێڵانى زەوى بەکارهاتووە، تەواو کوردانەو دەستکردى کوردە، لە پێش پەیدابوونى تەراکتۆردا بە هەوجاڕ زەوى کێڵاراوەو بە گا ڕاکێشراوە.{ هەژار، ل، 1009}.

 هەوجاڕ لەم بەشانە پێکهاتووە 
 گاسن، دەمەگاسن  تەنها ئەم بەشەى هەوجاڕى لە ئاسنە و ئیتر بەشەکانى تری لە دارە.
 دەسەدو  دارێکى دوو پەلە چەقێنراوە بەسەر پشتى هەوجاڕەکەدا، جووتیار لەکاتى کێڵاندا دەستى پێوە دەگرێت و بۆ جوڵاندنى هەوجاڕەکە بەکارى دەهێنێت.
 مژان  دارێکى دوو مەتریە، دەکرێت بە نیلەکەوە گاسنەکەى پێ ڕادەکێشرێت.
 کەڵەمە  دارێکى تاشراوە لە شێوەى پیم دایە، لە چەند شوێنێکى هەوجاڕەدا کەڵەمە هەیە

کورد ئەڵێ: کەڵەمەى بجەڕێنە، واتە: ئیشەکە باش ئەنجام بدە.

 نیل  دارێکى دوو مەترییە دەخرێتە سەرى هەردوو گاجووتەکە.
 بانملە  دوو لوولە موشەماى پڕ لە پوشە داخرێتە سەر ملى گاجووتەکان، بۆ ئەوەى لەکاتى ڕاکێشانى هەوجاڕەکەدا بەهێزبن و ملیان ئازارى نەبێت.
 نەقیزە  داردەستێکە بزمارێک دەکەن بەسەرێکیەوە جوتیار بەکار دەهێنێت بۆ لێخوڕینى گاجووتەکان.

.

هەوجاڕ
ئامێرێکى تایبەتە بۆ کێڵانى زەوى بەکارهاتووە، ئەم ئامێرە تەواو کوردانەو دەستکردى کوردە، لە پێش پەیدابوونى تەراکتۆردا بە هەوجاڕ زەوى کێڵاراوەو بە گا ڕاکێشراوە،
هەژارى موکریانى ئەڵێ هەوجاڕ ئامور، ئەسبابى جوت، فارسی خیش. هەنبارنەبۆرینە، ل109.
هەروەها خاڵ ئەڵێ: هەوجاڕ هێرەق. فەرهەنگى خاڵ،ل٦٤٨.
زەوى کێڵان بە هەوجاڕو گاجووت ماندووبوون و کاتێکى زۆرى سەخت بووە، بەڕاستى ژیانى ئەو ئەکاتە زۆر سەخت و دژوار بووە، کورد گوتەنى: نان لە قوڕگى شێردا بووە.
ئێستاش ئەگەر کەسێک بڵی زۆر ماندووم، پێی ئەڵێن: خۆ لە جووت نەبووى بۆ ماندووى. جووت کردن ئەوەندە زەحمەت بووە!.
ئەو (گا)یەى جووتى پێ بکرێت پێى ئەڵین (گاجووت) لە کوردیدا ئەگەر کەسێک زۆر گەورەبێت و بیانەوێ بیشکێنن، پێی ئەڵێن: بە قەد گاجووتێک ئەبێ. ئەمە لە عەرەبیدا بە (التشبیه القبیح) ناو دەبرێت.
هەروەها لە پەندى پێشیاندا هاتووە: (جوتێ گاى لە بێوڵەتیدا ئەگەڕێ) یان: (جووتە گایەکى لە نەگبەتیدا ئەگەڕێ) بە کەسێک ئەوترێ زۆر بەدبەخت و چارەڕەش بێت.
یان وتویانە: (گا کردى کەر خواردى) هەموو جووت و گێرەو کارێکى کشتوکاڵى بە گا کراوە، بەڵام بەرهەکەى کە (جۆ) بووە کەر خواردوویەتى. ئێستا لەڕووى گازەندەوە ئەڵین: (گا ئەیکاو کەر ئەیخوا) کەسێکى تر کارەکەى کردووەو یەکێکى تر بەرهەمەکەى دەخوا.
لەبەر ئەوەى زۆرێک لە ئیشوکارى کشتوکاڵ و بارگواستنەوە لە کوردەواریدا لە کۆندا بە گا ئەنجام دراوە، گا زۆر خۆشەویست بووە لاى کورد، هەربۆیە وتویانە: (خەسویەکى باش جووتێ گا ئەهێنێ).
ئەو کەسانەى دەوڵەمەندبوون زیاتر (هێستر)یان بەکارهێناوە بۆ جووتکردن، هێستر خێراترەو ڕۆژانە زەوى زیاتر ئەکێڵێ.
زۆرجار خەڵکى هەژار تواناى پەیدا کردنى دوو (گا)ى نەبووە، بە گایەک و کەرێک جووتى کردووە، پێیان وتوە (کابراى کەرو گا) ئێستایش ئەگەر بە کەسێک بڵێن زۆر بێ عەقڵە، پێی ئەڵێن: کەرو گایە.
بەڕاستى لە پێشدا ژیان سەخت بووە، نان لە قوڕگى شێردا بووە، جووت و گێرەو درەو جۆماڵ و گۆلبڕین و دەیان کارى سەختى تر، هەمووى بە شان و قۆڵى خەڵکى هەژار و ڕەنجکێش کراوە.

.

.

.