ئارامی  لاتینی  ئاڤێستایی 
 و        u , uu  , U  

( واو)

لە پیت رێزی زمانی کوردی بە ڕێنووسی ئارامی دەکاتە 35 مین پیت.

 هاوێژی ئەم پیتە بەم کلۆجە دەبێت  هەر دوولێو خڕدەبن و بۆ پێشەوە دەڕۆن، زار بردن بۆ مەڵاشووی خوارەوە، بادەرکردن لە قوڕگەوە بۆ دەرەوەی دەم

ئەم پیتە بەر دەنگی خشەیی frscative دەکەوێت ، کە بەر لێو دەکەوێت وە ( ئاوازەدارە) لە گۆکردنیدا.  کە لە  سەرەتا و نێوەڕاستی ووشەدا دەبێت بەهێز گٶ دەکرێت. لێ کە لە کۆتایی ووشەدا دەبێت و لە دوای دەنگی بزوێن بێت، دەربڕینی پێوێست بە هێز ناکات.

:: وەرە

:: وەخت

:: خەو

:: دەوار.

.

گۆڕانکاری دەگەڵ هەندێک پیتی دیکە دا

: و – ف : ئاخاوتن _ ئاخافتن، حەوت _ حەفت.

: و – ڤ : ئاو _ ئاڤ، ئەو _ ئەڤ، ئاوایی، ئاڤاهی.

: و –  ی : ئوتو _ ئوتی، ئاڵوباڵو _ ئالیبالی.

{ تێبـ : ئارزی یان ئار‌زوو [ ی = و] ئه‌م گۆرڕنگارییه‌ پتر له ‌نێوان دیالێکته‌کاندا رووده‌دات}.

.

ئەم پاشگرە بە دوای ( فرمان) دا دێت و لە ( کارێتی )ی  دەیخات.

: خوێند _ خوێندو.

: داما _ داماو

.

.

______________________

و /W

:  ئامرازی پێوەندی :

1 –  بەیەکەوە بەستنێکی سادەی نێوان دوو شە پێکدێنێت.

:  من و تۆ هاتین.

: ئازاد و ئاسۆ بران.

: من و قادر قوتابین.

2 – بەیەکەوە بەستنێکی سادەی نێوان دوو دەستەواژە ( فرێز) پێک دێنێت.

: مانگا دۆشین و قەزوان کرۆشتن نەگووتراوە.

: دەفتەرێکی سەدپەڕەیی و قەڵەمێکی خۆ نووسم کڕی.

3 – بەیەکەوە بەستنێکی سادەی نێوان دوو ڕستە پێکدێنێت.

: جووتیارەکە زەویەکەی کێڵا و تۆوەکەی پێوەکرد.

: پیاوەکە نوێژەکەی کرد و هەڵستا.

4-  ئاشنایی و گونجانێک هەیە لە نێوان ووسەی ( بەهار) و ( جوانی) دا

: بەهار و جوانی.

5 – دوورکەوتنەوەیەک هەیە لە نێوان ووسەی ( تۆ) و ( درۆ) دا

: تۆ و درۆ.

.

1 – هەندێک جار دەبێتە یاریدەدەر بۆ دروست کردنی ووشەیەک لە لێکدانی دوو وشە.

: کشت و کاڵ : کشتوکاڵ .

: تێر و تەسەل : تێروتەسەل.

: شت و مەک : شتومەک.

: مشت و مڕ : مشتومڕ.

: قبج و قیت : قنجوقیت .

: زرنگ و زیت : زرنگوزیت.

 ئەم ووشانە لە لایەن واتای کەرتەکانیانەوە دەبەش دەکرێن بە سێ بەشەوە:

1 – 1 – ئەو وشانەی هەردوو کەرتەکانیان واتا دارن :

: زرنگ و زیت.

: شۆخ و شەنگ.

: سەر و بەر.

: چەوت و چوێر.

: هاتوچۆ  ( هاتن و چوون)

: هەڵسو کەوت ( هەڵسان و کەوتن).

2 – 1- ئەو وشانەی یەک کەرتیان واتا دارە :

: شت و مەک ( شت : واتادارە).

: تەپ و تۆز ( تۆز: واتادارە).

: شڕ و شاتال ( شڕ : واتادارە).

3 – 1 – ئەو وشانەی هەردوو کەرتەکە بێ واتان :

: جرپ و جۆپان .

خرت و پرت.

.

وشەی ( و) پەیوەند لە گەڵ وشەی ( ش)ی پێوەندا بەکاردەهێندرێت بۆ مەبەستی کۆکردنەوە و دڵنییایی :  

: منیش و تۆش دوێنی بەسەرکراینەوە.

: میوەکە دەشکرم و دەشی خۆم.

: دەشچم و پێشی دەڵێم.

هەست بەوە دەکرێت دڵنییایەکە لە ( ش)ـەکەوە دێت، جاری واش هەیە وشەی ( ش) بە تەنیا دڵنییایی نابەخشێت :

: منیش چووم.   

.

لە هەندێ بەکارهێناندا وشەی ( و) بەسەریەکەوە ، بوون و بەردەوامێتی دەگەیەنێت :

: دەشت و دەشت ڕۆیی.

: ئاو و ئاو چوو.

.

وشەی ( و)ی پەیوەند لە هەندێ بەکارهێناندا جێ گۆڕکێی بەردەوام لە دووبارەکردنەوەی وشەکەدا ڕادەگەیەنێت :

: وەرزێرەکە دەشتاو دەشت هات.

: ئەم کاغەزە دەستا ودەست دەگاتە دەست خاوەنی.

: شاخا وشاخ دەڕۆم بۆ کوێستان.

: دارا بە بانەو بان هاتە ماڵمان.

{  تێبـ : لەم نموونانەدا وشەی ( و ) لەگەڵ بزوێنێکی تردا هاتووە، کە بە وشەی پێشەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر لە وشەکەدا بزوێنی ( ا ) هەبوو، بزوێنەکە دەبێتە ( ە )، وە  ئەگەر لە  وشەکەدا بزوێنی ( ا ) نەبوو، بزوێنی ( ا ) دێت. ئەگەر کۆتای وشەش بزوێنی ( ا )بوو، تەنها ( و) ی بە دوایدا دێت}.

.

وشەی ( و )ی پەیوەند وا دەبێت لە ڕوالەتدا وەک باری ( حاڵەتی) پێشوو کە لە بەندی 3 دا ڕوونکرایەوە بەکاردێت،  بەڵام جێگۆڕکێ ناگەیەنێت، بەڵکۆ لە دووبارەکردنەوەی وشەوە بەردەوام و بەریان( ئیتیجاهـ) دەگەیەنێت:

: دەماودەم کەوت.

: پشاوپشت گەڕایەوە.

: تەنیشتاوتەنێشت بەلادا هات.

.

وشەی ( و )ی پێوەند دا دەبێت لە دروستکردنی ڕستەی ئاوەڵکاری بەشداردەبێت :

: بارام و ئارام دەستەویەخەی یەکتربوون.

: دەستەوئەژنۆ دامەنێشە.

: قوتابیەکان چەنگە و بازی یەکتربوون.  

.

وشەی ( و )ی پێوەند وا دەبێت لە ڕستدا ئاراستە نیشان دەدات :

: ماڵەکەمان پشتەوڕۆژە.

: کابرا بەرەوقیبلە دانێشت.

: دارا ڕووەوچیا ڕۆێشت.

: ئام ڕێیە سەرەوژێر دەبێتەوە بۆ ناو دۆڵەکە. 

{ ڕەنگە لە بنەڕەتدا دەقی ( پشتەوڕۆژ _ پشت بە رۆژ)( بەربەقیبلە _ بەرەوقیبلە) بووبێتت و بۆ سانایی گۆکردنی گۆڕابێت}.

.

وشەی ( و )ی پێوەند وا دەبێت هەندێ  جار  کات پيشان دەدات:

: دەمەوبەهار دەچین بۆ سەیران.

وشەی ( و )ی پێوەند دا دەبێت لەگەڵ ( نە )ی پێوەند کۆ دەبنەوە و سەرەڕای ڕۆلی پێوەند، ڕۆڵیکی تریش دەبینن، ئەویش ئەوەیە کە بەیەکەوە نەرێ دەخەنە سەر دوو شت، وە یان پەیوەندی نێوان دوولایەن نەرێ دەکەن.

: نە ئاسۆ و نە زۆراب هاتن.

: نە شاسوار خواردی و نە  جوامێر.

: نەسرین نە دەخوات و نە دەڕوات.

: نە من هاتم و نە تۆ هاتیت.

: نە دەینووسی و نە دەیخوێند.

: نە بچۆ و نە بخۆ.

{ لەم نموونانەدا دەردەکەوێت، کە ئەم ( نە )یەی نەرێیە کار ناکاتە سەر ڕوواڵەتی وشە، بۆ نـموونە ئەگەر ( نە )ی نەرێ ڕەوشی لە ڕستەدا بەکاربهێنین، دەبوو لە جێگەی ئاو ڕستانەی سەرەوە دا ئەمانەی خوارەوە بێن}

: ئاسۆ و زۆراب نەهاتن.

: ساسوار و جوامێر نەیانخوارد.

: نەسرین ناخوات و ناڕوات.

: من و تۆ نەهاتین.

جاری وا هەیە لەگەڵ ( و )ی پێوەندا، ( نە)ی پێوەند و ( ش )ی پێوەندیش بەکاردێت لە ڕستەدا:

: نەمیش و نە تۆیش چووینە حەج.

: نەدەشخۆین و نە دەشڕۆین.

.

هەندێ جار وا دەبێت ( و )ی پێوەند لە نێوان دوو ڕستەدا دێت، جگە لە ئەرکی خۆی کە ( پێوەند)ـە ، ئەو لایەنەش کە ( فاسیلە ) نییە لە نێوان ڕوودانی دووکاری رستەکەدا ڕادەگەیەنێت :

: هەر هات و هەرای نایەوە.

: نووست و هەڵنەستایەوە.

: باری خۆت بگرە و باجی خۆت بستێنە.

،

{ تێبینی : ئەم ( و )ی پێوەند لە کوردییدا دوو باری هەیە :

 باری یەکەم : کە بە دوای بزوێن دا بێت خۆی دەبێتە  دەنگدار( کۆنسۆنانت) ێکی وەستاو :

: سەرما و گەرما.

: ئازا و مەرد.

: دێ و شار.

: چەقۆ و هەسان.

بەڵام کە بەدوا واوی بزوێنی تیژدا هات، واوەکەی پێوەند دەبێت کورتە بزوێنێکی پێبدرێت بۆ ئەوەی دیاربکەوێت، وەک کە بمانەوێت بە دوا وشەی ( بەڕوو )دا واوی پێوەند بێت، واوە پێوەندەکە بزوێنێکی وەک ( ضمة) ی عيرەبی بدرێت، کە ئەگەر بە ڕێنووسی ئاسای بینووسین بەم شێوەیە دەنووسرێت ( بيروو وو مازوو )، بەڵام نووسەران لە باری وەهادا لە جیاتی زیادکردنی کورتە بزوێنی ( واو) بە دوای ( واو)ی پێوەندا تەنها ( واوێک) دەنووسن لە وشەی پێش خۆی دووردەخەنەوە :

: دوو و سێ.

: دەزوو و دەرزی.

 باری دووەم : کە بە دوا کۆنسۆنانتدا دێت بۆ خۆی دەبێتە بزوێن :

: بەرد و دار.

: هەنار و سێو.

: گورگ و مەڕ.  

.

.

.

.