تەناف/tenaf: ن:[ ع : طناب]
1 – ڕستەی جلكان : ڕایەلێک كە لە نێوان دوو شوێندا تەنراوە و ڕایەڵكراوە، هەموو پەت یا تەلێكی كە شتی لەسەر هەڵبخرێت.
2 – كەمەند.
:: ئەو كابرایە شێرە و بە تەنافی هیچكەس ناگیرێ و نەگیراوە.{ لاس و خەزاڵ. ل. 63}.
لەتەنافدان/letenafdan: كتپ:[ لە+ تەناف+ دان] لەداردان، لەسێدارەدان بەتەناف.
{
مەمدە بەرحەلقەیی ئەو زولفە لەسەر ماچی دەمت
لەتەنافم مەدە مەمكووژە لەسەرهیچ و نەبوو
}{وەفایی}.
تەنافی سێدارە/tenafîsědare: نتـ: پەتی سێدارە.
تەنافی شەیتان/tenafî šeytan: نتـ: خەیاتەی جن، مەچیرشەیتان، مەچیاڕۆجیار: هەودایەكی ناسكی تەنۆكەی جاڵجاڵۆكە كە لە هەوا دایە.
تەنافباز/tenafbaz: ئانفا:[ تەناف+ باز] پالەوان _ پاڵەوان، پەتباز، پەحلەوان _ پەهلەوان، دارباز، دارەوان : کەسێک کە بەسەر پەتێک بڕوات لە بڵندایی و دارێکی بەدەستەوە بێت بۆ هاوسەنگی.
تەنافبازی/tenafbazî: نچ:[ تەنافباز+ئیی] پەتبازیی، پالەوانبازیی : بەسەر پەتارهەنگیوراو دا ڕۆیشتن.
تەناف تەنافێن/tenaf tenafěn: نتـ:[ تەناف+ تەناف+ ئێن]
1 – كایە یان وەرزشكردن بەتاناف.
2 – یاریەكی منداڵان بە تایبەت بە تەناف.
{ تێبـ: دووكەس هەر كام لایەكی تەناف هەڵدەسووڕێنن و یەكێک لە نێوەڕاست خۆهەڵداوێ و تەنافەكە بە بنی دا تێدەپەڕێت و هەتا تەنافەكەی وێ نەكەوێت ناخێچێت}{ نانەوازادە}.
تەنافهۆن/tenafhon: نفا:[ تەناف+هۆن( هۆنین)] ڕستەهۆنینەوە.
تەنافی پووشی خورما/tenafî pǔŝî xurma: نتـ: پەتی پووشی خورما.
تەنافی جل هەڵخستن /tenafî cil heľxistin: نتـ : ڕستەیێكە كاڵای تەڕوشۆراوی لەسەر هەڵدەخەن.
تەنافی چادر/tenafî čadir: نتـ: ڕستەی چادر و خێوەت.
تەنافی كەشتی/tenafî keŝtî: نتـ: ڕستەی كەشتی.
.
.
.
.