تۆبە/tobe: ن:[ ئاین][ ئیسـ][ ع : توبە]

1 – پەشیمان بوونەوە لە گوناه و ئەنجام نەدانەوەی.

2 – [ مجـ] پەشیمان.

:: تۆ بەی گورگ مەرگە.

تۆبەدادان/tobedadan: كتپ: كەسێك هاندان بۆ تووبەكردن و دەست لەكاری نالەبارهەڵگرتن.

تۆبەدار/tobedar: ئانتـ:[ تۆبە+دار] تۆبەكار.

تۆبەداریی/tobedaryî: نچ:[ تۆبە+دار+ئیی] تۆبەكاریی.

تۆبەشكاندن/tobešik andin: كتپ: لە ژێر پێ نانی تۆبە و دەست بەگوناهكردنەوە.

{

ماچ كردن خۆشە نۆبەبەنۆبە

حەفت جارسۆفی بم ئە شكێنم تۆبە

}{ فۆلكلۆر. ل. 162}.

تۆبەشكێن/tobeşkên: كتن:[ تۆبە+ شكێن] كەسی تۆبەكار كەبەڵێنی تۆبە دەشكێنێت و گوناه دەكاتەوە.

تۆبەشكێنیی/tobeşkênyî: نچ:[ تۆبەشكێن+ ئیی] كاری تۆبەشكێن، ئاكامی تۆبەشكاندن.

تۆبەكار/tobe kar: ئانفا:[ تۆبە+ كار( كردن)] پژمان، پاشگەز : كەسێك كە پەشیمانە و دەستی لە گونا‌ هەڵگرتووە و تۆبەی كردوە، تۆبە دار.

تۆبەكاربوون/tobekarbûn: ئانفا:[ تۆبەكار+ بوون] دەست لەگوناه هەڵگرتن وتۆبەكردن.

تۆبەكاریی/tobekaryî: نچ:[ تۆبەكار+ ئیی] پەشیمانیی، پاشگەزیی، پژمانیی: ئاكامی دەست لەگوناه هەڵگرتن و تۆبەكردن، تۆبەداریی.

تۆبەكردن/tobekirdin: كتپ:[ تۆبە+ كردن]

1 – دەستهەڵگرتن لەكاری گوناه و ئەنجام نەدانەوەی.

2 – پەشیمان بوون.

:: تازە ئیدی من لەهەرچی كاسبی و دوكاندارییە تۆبەم كردووە!.

تۆبەكردن لەسەردەستی كەسێک/tobekirdin leserdestî kesêk: كتپ، شڕ: قەوڵ و بەڵێندان بەكەسێك بۆ ئەنجام نەدانەوەی كار و كردەوەیەكی خراپ.

:: لەسەر دەستی تۆ تۆبەی دەكەم تازە بەدوای قوماردا نەچمەوە.

تۆبەی ڕاست/tobey řast: نتـ، شڕ:[ تۆبە+ ی+ ڕاست] تۆبەیەك كە دیسان تۆبە نەكرێتەوە، تۆبەیەك بۆ هەمیشە، تۆبەی نەسووح.  

تۆبەی گورگ/tobey gurg: نتـ، شڕ:[ ئد][ تۆبە+ ی+ گورگ] تۆبەی بە قەستی و بەدرۆ، تۆبەیەك كە سەرنەگرێت.

:: تۆبەی گورگ مەرگە.

تۆبەی نەسووح/tobey nesûĥ: نتـ، شڕ:[ تۆبە+ ی+ نەسووح] تۆبەی ڕاست : تۆبەیەك بۆ هەمیشە بێ پاشگەزبوونەوە و تۆبە شكاندن.

( گۆیا: نەسووح پیاوێک بووە، كە ڕوخساری ژنانەی هەبووە و سی ساڵ دەلاک بووە لەحەمامی ژنان. ڕۆژێک كچی شا لەحەمام مروارییەكی لێون دەبێ و خەریكی پشكنین و گەڕانی لەشی كاركەران و دەست و پێوەند دەبن. نەسووح دەست دەكا بەپاڕانەوە لە خودا كە ئەگەر ئەمجارە ئەم بەڵایەی لەكۆل ببێتەوە تازە ڕوو لەوكارەناكاتەوە و تۆبە دەكات. لە دوایین ساتەكاندا كە نۆرەی پشكنینی نەسووح دەبێ مرواری دەبیننەوە و نەسووح رزگاری دێ و ئیدی ڕوو لەم كارە ناكاتەوە).

.

.

.

.