پیاڵە/piyaľe: ن:[ کەرەستە][ هـ] ئیستیكان _ ستیكان، بادین، پەیالە، پیارە، پیال _ پیان، كاسە، ناڵبەكی.
{
خوم ئاسا خەڵێن وەتەن مەی خانەم
چون پیاڵەی وڕق شیشەی پە یمانەم
}{ مەولەوی}.
:: واتە شیشەی دڵم وەكوو پیاڵەی خالـی وایە هیچی تێدا نیە}{ مدرس}.
1 – جامی شەراب و مەی بۆ خواردنەوە.
:: پیاڵەی شەراب.
2 – ئەندازەیەك بۆ خواردنەوەی مەی و بادە.
:: بە دووپیاڵە مەست دەبێت.
3 – ئیستیكانی چاخواردنەوە.
لەپیاڵەدان/lepiyaľedan: كتن:[ لە+ پیاڵە+ دان] بەسلامەتی خواردنەوە.
{
لەودەمەی دا پیاڵە دەدرێن لە پیاڵە
لەو دەمەی دا لێوتان بە بادە ئالە
}{ هێمن}.
پیاڵەفرۆش/piyaľe firoŝ: نفا:[ پیاڵە+فرۆش( فرۆشتن)] كەسێك كە لە مەیخانە مەی و بادەبە پیاڵە و پێك دەفرۆشیت و كریار دەستبەجێ لەوێ دەیخواتەوە.
پیاڵەفرۆشتن/piyaľefiroŝtin: كتن:[ پیاڵە+ فرۆشتن] پیاڵەفرۆتن.
پیاڵەفرۆشیی/piyaľe firoŝyî: نچ:[ پیاڵە+ فرۆش+ ئیی]
1 – كار و پیشەی پیاڵەفرۆش : ئارەقفرۆشی.
2 – دوكان و شوێنی كاری پیاڵەفرۆش.
پیاڵەگێڕ/piyaľegěř: نفا:[ پیاڵە+ گێڕ( گێڕان)] ساقی، بادەگیڕ، مەیگێڕ : كەسێك كە پیاڵە و جامی مەی دەگێڕێت و دەیدا بە مەیخۆران.
{
ئەی پیاڵەگێڕی مەجلیسی تۆ تووشی نەوزەری
كەیخوسرەوی زەمانی و جەمشیدی كیشوەری
}{ بێخود}.
پیاڵەگێڕان/piyaľegěřan: كتن:[ پیاڵە+ گێڕان] بادەگیڕان، مەیگێڕان.
پیاڵەگێڕیی/piyaľegěřyî: نچ:[ پیاڵە+ گێڕ+ ئیی] ساقێتی، بادەگیڕیی، مەیگێڕیی : كار و پیشەی پیاڵەگێڕ. ئەوەی پێوەندی بە مەیگێڕییەوە هەبێت.
پیاڵەی چاو/ piyaľey čaw: نتـ:[ توێ] پیاڵەی دیدە، چاوخانە : ئەو قوڵكەی كە چاو تییای جێگیرە.
پیاڵەی دیدە/piyaľey dîde: نتـ: پیاڵەی چاو ، چاوخانە : ئەو قوڵكەی كە چاو تییای جێگیرە.
{
پیاڵەی دیدە لە برێزە دلا تۆش
بجۆشە سازی ناڵەی هەم ببێ كۆك
}{ مەحوی}.
پیاڵەی شەراب/piyaľey ŝerab: نتـ: ئەو پیاڵەیەی كە مەی و شەرابی تێدا دەخورێتەوە.
پیاڵەی مەی/piyaľey mey: نتـ: پیاڵەی شەراب.
{
لە شێخ و واعیز و سۆفی لە مەولا من كەنار ئەگرم
پیاڵەی مەی بە یادی دیدەیی مەستی نیگار ئەگرم
}{ ئەحمەد موختار}.
.
.
.
.