سیفلیس‌/sîfilîs: نتـ:[ نخ] ئاته‌شه‌ک، ئاگره : نەخۆشییەکی گوازراوە یە و سێکس هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەیەتی و بەهۆی بەکتریای( تریپۆنیما پالیدەم )تووش دەبێت، شایەنی باسە ئەم بەکتریایە لە ئافرەتی سکپڕدا توانای برینی دیواری وێڵاشی هەیە و خۆی دەگەیەنێتە کۆرپەلە وتووشی سیفلیسی زگماکی دەکات لەدوای پێنجەم مانگی سکپریەوە. نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لەپێستدا سەرەتادا بەشێوەی برینێکی ڕەق و بچووک لەسەر ئەندامی زاوزێی ژن و پیاو دەردەکەوێت کە ئازاری نیە و بەزۆری تەنها یەک برینیش دەردەکەوێت شیوە هیلکەی یان خڕدەبێت، و ئەگەر چارەسەرنەکرێت چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و نەخۆشییەکە دەچێتە قۆناغی دووەمەوە و تیادا کەسی تووشبوو هەموو لەشی بەتایبەتی دەموچاو و سنگ و ناولەپ و ژێرقاچیان پەڵەی وردی سووردەردەکات و دواتر دەبێت بە زیپکە و برین دروست دەبێت و لەوانەشە ناودەم، قورگ، زمان، ناوپۆشی لەش وهەندێجار بە قژی سەریش بگرێتەوە و بێتەهۆی ڕووتانەوەی ئەو شوێنانە. دوای دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە لە تاقیگە و بە پشکنینی زۆرتایبەت چارەسەری نەخۆشییەکە تا رادەیەک ئاسانە بەپێدانی دەرزی پێنیسیلین یان کەپسولی تیتراسایکلین و دۆکسیدار و سیفتریاکزۆن دەتوانریت کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکریت.[ ئینگـ : Syphilis]{ د. فەرهاد محمد مصطفی}.

.

.

.

.