مانگر/mangir: نتـ:[ مان+ گر( گرتن)]

مانگرتن/mangirtin: کتن:[ مان+ گرتن] گرەڤگرتن( باد) : مرۆڤ گرەڤێ د گرە، مانگرتن، کوردستانییان هەیاما چەند رۆژان گرەڤا برچیبوونێ گرتن دژی دەسدرێژییێن داگیرکەران.{ فەرهەنگا کامێران}

مانگرتن لە خواردن/mangirtin le xiwardin: کتن:[ مان+ گرتن] بەوتای خۆگرتنەوە دێت لە خواردندا. 

مانگرتن لە کار/mangirtin le kar: کتن:[ مان+ گرتن]

.

هەڕەشەی مانگرتن دان/heřešey mangirtin dan: نتـ:

.

     مانگرتن و جۆرەکانی      

.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و لەم چەند ساڵانەی دوایدا، مانگرتن و بایکۆتی دەوام و رێپێوانی ئاشتیانە، لە زۆر شوێنی جیهاندا، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بوونەتە دیاردەو ڕوودانیان دووبارەو سێبارە دەبێتەوە، ئەمە وا دەکات ئاوڕیان لێبدرێتەوەو قسەو باسیان لەبارەوە بکرێت. یەکێک لەو دیاردانەی کرێکاران بەتایبەتی و جەماوەر بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانن پەنای بۆ ببەن و لە رێگەیەوە بەرگری لە بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان بکەن، بە تایبەت بەرژەوەندییە پیشەییەکانیان، بریتییە لە پرۆسەی مانگرتن. کەواتە مانگرتن یەکێکە لەو ئامرازە کاریگەرانەی کە بە دەست هاوڵاتیانەوەیە بۆ فشار خستنە سەر حکومەت و دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیاکان. ئەم ئامرازە بە یەکێک لە ئامرازە ئاشتخوازەکان دادەنرێت کە دەکرێت چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بە یەکەوە یان بە جیا، پەنای بۆ ببەن و لە رێگەیەوە داواکارییەکانی خۆیان بگەیننە لایەنی پەیوەندیدار. سیفەتی ئاشتیانەی ئەم ئامرازە، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی مانگرتن بایەخی زۆری هەبێت و لە هەندێک لە ساتەوەختەکاندا، تەواوی کۆمەڵگا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەکاریبهێنێت. ئەم حاڵەتەیە وایکردووە مانگرتن وەک مافێک لە مافە سەرەکییەکان لەقەڵەمبدرێت، هەر ئەمەشە وایکردووە زۆربەی دەستورەکان مانگرتن وەک مافێکی بنچینەیی تاک و گروپ حسابی بۆ بکەن و لە رێگەی یاساوە دانی پێدابنرێت و رێکبخرێت.{ RID}
شارەزایان گەلێک پێناسەی جۆراو جۆریان بۆ ئەم ئامرازە کردووە، لە خوارەوە هەندێکیان دەخەینەڕوو:
مانگرتن بریتییە لە راگرتنی ئیش بە شێوەیەکی دەستەجەمعی، ئامانجی لێی فشارخستنە سەر خاوەن کارە لە پێناو جێبەجێکردنی داواکاریی مانگرتووەکان. مانگرتن بریتییە لە فشار خستنە سەر حکومەت بە مەبەستی گۆڕینی سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵات بەرەو باشتر کە تێیدا رەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکرێت. لە یاسای هەندێک لە وڵاتاندا ئاوا پێناسەی مانگرتن کراوە: بریتییە لە شێوەیەک لە شێوەکانی ناڕەزایی ئاشتیانە و زۆرجار دوا بژاردەیە کە چینێک یان توێژێک پەنای بۆ دەبات لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکانی. فەرهەنگی سیاسی فەرەنسی لە پێناسەی مانگرتندا دەڵێت: مانگرتن کارێکی جەماعیی فەرمانبەرانی کۆمپانیایەک یان پیشەسازییەکە، بۆ راگرتنی ئیش بە شێوازێکی رێکوپێک و لەبارو گونجاو، بە ئامانجی فشار خستنە سەر خاوەن کارەکان یان حکومەتەکان بۆ دانوستان یان بۆ رازیبوون بە جێبەجێکردنی داواکاری مانگرتووەکان، دیارترین داواکاری مانگرتووەکان، بۆ نموونە بریتییە لە: زیادکردنی کرێ، باشترکردنی بارودۆخی کارکردن، رەتکردنەوەی بڕیارێک کەزیان بە بەرژەوەندی کرێکاران بگەیەنێت وەک (زیادکردنی سەعاتەکانی کارکردن). لەلایەکی دیکەوە ئینسایکلۆپیدیای لارۆس-ی فەرەنسی ئاوا پێناسەی مانگرتن دەکات، راوەستانێکی کاتی ئیشکردنە بۆ دەرخستنی توڕەیی و بێزاریی و ناڕەزایی. دواجار دەکرێت بڵێین مانگرتن ئامرازێکی ئاشیتانەیە بۆ گوزراشتکردن لە دەربڕینی ناڕەزایی، دژ بە بڕیارێک لە بڕیارەکان کە لەلایەن جیهەتێکی فەرمییەوە یان جیهەتێکی تایبەتەوە دەرچووەو سەرجەم بوارەکان دەگرێتەوە، لە بواری ئابورییەوە بۆ کۆمەڵایەتی بۆ ئابوری بۆ کەلتووری….هتد.
دەرکەوتنی زاراوەی مانگرتن
وشەی مانگرتن لە زمانی فەرەنسیدا بە مانای ( گریڤ Greve) دێت کە لە وشەی لاتینی (Grava) داتاشراوەو بە مانای کەناری لمین دێت. لەمڕۆدا وشەی (گریڤ) ناوی شارێکی فەرەنسییە دەکەوێتە سەر کەناری رووباری سین و تێیدا کرێکارە بێ ئیشەکانی فەرەنسا لێی کۆدەبنەوە. لە زمانی ئینگلیزیدا پێیدەوترێت (The Strike)، ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1768 بەکارهێنرا کە دەریاوانە بەریتانییەکان لە بەرامبەر کەمکردنەوەی موچەکانیان، رازینەبوون کار بکەن و لە بەندەری لەندەن چارۆکەی کەشتییەکانیان هێنایە خوارەوە، بەم کارەیان جووڵەی دەرییایی کەشتییەکان پەکی کەوت.
جۆرەکانی مانگرتن
نەچوونە سەر کارو کارنەکردن لەلایەن مانگرەکانەوە، تەنها یەک شێوەی نییە و لە یەک وێنەدا کورت ناکرێتەوە، مانگرتن گەلێک شێوەی جیاوازی هەیە. جیاوازی شێوەکانی مانگرتن پشت بە ئامانجی مانگرەکان و شوێنی کارکردنیان و داواکارییەکانیان کە دەیانەوێت بەدەستی بێنن، دەبەستێت. لە خوارەوە زۆر بە کورتی هەندێک لە جۆرەکانی مانگرتن دەخەینەڕوو:
1-مانگرتنی تەقلیدی (ئاسایی): بەربڵاوترین جۆری مانگرتنە لە ژیانی عەمەلیدا، تێیدا مانگرەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک ناچنە شوێنی کارکردنیان، یان ئەگەر بڕۆنە شوێنی کارکردنیان، لەوێدا ماندەگرن و هیچ کاروبارێکی راناپەڕێنن یان بە نیوەو ناچڵی رایدەپەڕێنن. لێرەدا سەندیکاکان تەواوی ئەو رێوشوێنانەی پێویستە بۆ سەرکەوتنی مانگرتنەکەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی، دەگرنەبەر.
2-مانگرتنی کورت و دووبارە: بریتییە لە دەستلەکار هەڵگرتنی زۆرو دووبارەکردنەوەی، لەگەڵ مانەوە لە شوێنی کاردا. هەندێکجار بۆ ماوەیەکی کورت بەتەواوی لە کارکردن رادەوەستن، پاشان دەست بەکارکرن دەکەنەوە.
3-مانگرتنی هاریکاری: لە کاتێکدا روودەدات کە کرێکارەکان یان فەرمانبەرەکان، بۆ داواکاری خۆیان مانیان نەگرتووە، بەڵکو پشتگیری و هاریکاری کرێکارو فەرمانبەری دیکە دەکەن کە مانیانگرتووە، سا ئەو کرێکارو فەرمانبەرانە سەر بە هەمان چینی خۆیان بن یان سەر بە چین و توێژی دیکە بن، گرنگ نییە.
4-مانگرتنی بازنەیی: ئەم جۆرە لە مانگرتن پێویستی بە یەکڕیزی و نەخشەو پلان تۆکمە هەیە، چونکە مانگرتنەکە بە شێوەیەکە هەر جارەی توێژێک ماندەگرێت. بۆ نموونە سەرەتا توێژێک بۆ کاتێکی دیاریکراو مان لە کارکردن دەگرێت، پاشان ئەم توێژە مانگرتنەکەی دەشکێنێت و دەستدەکاتەوە بە کارکردن، لەهەمان کاتدا توێژێکی دیکە دێت و مانگرتن رادەگەیەنێت. بەم جۆرە رێگا بۆ مانگرتنی سەرجەم فەرمانبەرانی کەرتی گشتی خۆشدەکرێت.
5-مانگرتنی لەناکاو: پێشیدەوترێت مانگرتنی بروسکەئاسا، لێرەدا پرۆسەی مانگرتەکە لە ناکاو یان کتوپڕ روودەدات، بێ ئەوەی پێشتر حکومەت یان کارگێڕی کۆمپانیاکەی لێ ئاگادار بکرێتەوە. رەگەزی لە ناکاوی ئەم مانگرتنە، وا دەکات کاریگەرییەکی گەورەو کتوپڕی لەسەر کەرتی گشتی هەبێت و بە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی مانگرتن دادەنرێت.
٦-مانگرتنی سیاسی: بە مەترسیدارترین جۆری مانگرتن دادەنرێت، لەلایەن کرێکاران یان فەرمانبەرانەوە، دچ بە سیاسەتی حکومەت یان دەوڵەت، ئەنجامدەدرێت. واتە ئەم مانگرتنە دژ بە پیادەکردنی سیاسەتێکی دیاریکراوی حکومەتە یان حیزبەکانە کە حکومەتیان پێکهێناوە. لێرەوە ئامانجی ئەم مانگرتنە، بەدیهێنانی ئامانجێکی پیشەیی نییە، بۆیە بەلای بەشی هەرە زۆری یاساناسانەوە، ئەم جۆرە لە مانگرتن ناڕەوایە، بۆچی. چونکە بەلای ئەو یاساناسانەوە خودی مانگرتن لە بنەڕەدا پیشەییە و نابێت بۆ مەبەست و ئامانج و غایەتی سیاسی بەکاربێت. ئەمە لە کاتێکدا هەندێک لە یاساناسان و شارەزایان پێیانوایە زەحمەتە جیاکاری بکرێت لە نێوان داواکاری پیشەیی و داواکاری سیاسی، لە نێوان ئەو دوو داواکارییەدا بەیەکداچوون و تێکەڵبوونێکی بونیادی هەیە، بۆیە ئەم جۆرە لە مانگرتن رەوایە.
7-مانگرتن بە دانیشتن: لە زمانی ئینگلیزیدا پێیدەوترێت (Sit-down strike)، لێرەدا کرێکاران و فەرمابەران دەڕۆنە سەر کارەکانیان، بەڵام رازینابن بە هیچ جۆرێ کارەکانیان و ئەرکە وەزیفییەکەی سەر شانیان راپەڕێنن. ئەوان تەنها لە شوێنی کارەکانیان دادەنیشن بێ ئەوەی مامەڵەی رۆژانەی هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن.
8-مانگرتنی نیوەناچڵ: لێرەدا کارمەندان دەڕۆنە سەر کارەکانیان، بەڵام وەک پێویست کارەکان رایناکەن، بەڵکو هەندێکی بەڕێدەکەن و هەندێکی دیکەی دەهێڵنەوەو خاوخلیچکی تێدادەکەن، یان بە نیوەناچڵی کارەکان ئەنجامدەدەن.
9-مانگرتنی سنوردار: تێیدا یەک کەرت یان فەرمانبەرانی یەک دامودەزگا ماندەگرن، فەرمانبەرانی دیکەی کەرتەکان دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن.
10-مانگرتنی گشتی: زیاد لە کەرتێک و ژمارەیەکی زۆری کرێکارو فەرمانبەر بەشداری تێدا دەکات. بەشداریکردنەکە لە یەککاتدا دەبێت و زۆرجار کرێکارو فەرمانبەرەکان ناڕۆنە سەر کارەکانیان و دەرگای کارگەو فەرمانگەکان بە داخراوی دەمێننەوە.
مانگرتنی هاوسۆزی: لە زمانی ئینگلیزیدا پێیدەوترێت ( sympathy strike)هەندێک لە کرێکاران یان فەرمانبەران، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو کرێکارو فەرمانبەرانەی مانیانگرتووە، ئەمانیش ماندەگرن.
11-مانگرتن لە کڕین و مامەڵەنەکردن: بریتییە لە فەرامۆشکردن و نەکڕینی هەندێک کاڵا، بە مەبەستی فشار خستنە سەر کۆمپانیانی خاوەن کاڵا بۆ دابەزاندن و کەمکردنەوەی نرخی کاڵاکانی. دەکرێت ئەم مانگرتنە ئاراستەی کۆمپانیایەک یان مارکەیەکی بازرگانی بکرێت. لێرەدا پێویستە قەبارەی ئەم مانگرتنە زۆر گەورەو قەبە بێت و زۆرترین خەڵک بەشداری تێدا بکەن و بۆ کاتێکی دیاریکراویش بێت. دەکرێت مانگرتنەکە وردە وردە تەشەنە بسێنێت و بۆ ئەوەی کاریگەربێت چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت. لەوانەیە ئەم مانگرتنە ئامانجی سیاسی لە پشتەوە هەبێت، وەک فشار خستنە سەر حکومەت بۆ دابەزاندن و کەمکردنەوەی نرخ و قازانج، ئەمەش داهاتی حکومەت کەمدەکاتەوەو حکومەت ناچار دەکات رێوشوێنی دیکە بۆ قەرەبووی کەمکردنەوەی داهاتەکەی بگرێتەبەر. هەروەها دەکرێت مانگرتن لە کڕینی کاڵا پەیوەندی بە هەڵوێستی سیاسییەوە هەبێت، لێرەدا مانگرتنەکە دەگۆڕدرێت بۆ موقاتەعە. واتە هۆکاری مانگرتنەکە بریتی نابێت لە بەرزبوونەوەی نرخ و ئامانجەکەشی بریتی نابێت لە دابەزاندنی نرخ، بەڵکو ئامانجی مانگرتنەکە ناڕەزایی دەربڕینە لەبەرامبەر هەندێک لە ڕەفتارو هەڵسوکەوتی حکومەت یان دەوڵەت. وەک ئەو مانگرتنەی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە ئیسرائیل گرتویانەتەبەر موقاتەعەی کاڵاو بەرهەمی ئیسرائیل دەکەن، بۆچی؟ چونکە ئیسرائیل فەلەستینی داگیرکردووە.
12مانگرتن لە خۆراک: ئەم جۆرە لە مانگرتن زیاتر لە گرتووخانەکاندا روودەدات و هەندێک لە زیندانییەکان کە بە زۆری زیندانی سیاسین و لەسەر پرسی سیاسی گیراون، ئەنجامیدەدەن. مانگرتن لە خۆراک شێوەیەکە لە شێوەکانی ناڕەزایی سیاسی و مەبەست لێی راکێشانی سەرنجی دەسەڵاتداران و رای گشتی ناوخۆو دەرەوەیە بۆ بارودۆخی خراپی گیراوەکان، یان بۆ گرتن و زیندانیکردنیان و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر بە ناحەق و ناڕەوا. ئەم جۆرە لە مانگرتن دەکرێت تاکە کەسی بێت و دەکرێت بە کۆمەڵیش بێت.
13-مانگرتنی کەلتووری: لێرەدا ژمارەیەک لە هونەرمەندان یان چەند دەزگایەکی هونەری، ماندەگرن لەوەی بەرهەمی سینەمایی یان زنجیرەی درامایی یان شانۆگەری پێشکەش بکەن یاخود ئاهەنگی گۆرانی رێکبخەن، بێگومان ئەم مانگرتنە لە ئەنجامی ناڕەزایی دەربڕین دێت دژ بە بڕیارێک یان یاسایەک کە کاری کەلتووری و هونەری سنوردار دەکات، یان لە ئەنجامی گرتنی ناڕەوای ئەکتەرێک یان هونەرمەندێکی ناسراو.
14-مانگرتن لە دانی کرێ: ئەم جۆرە لە مانگرتن کاتێک روودەدات کە ژمارەیەک لە کرێچییەکان، پێکەوە کۆدەبنەوەو رازی نابن کرێ بدەن بە خاوەن خانوو، تا کۆمەڵێ چاکسازی و نۆژەنکردنەوە بۆ خانووەکان ئەنجام بدات یان تاکو کرێکان کەمبکاتەوە.
15-مانگرتنی خوێندکاران: بریتییە لەو مانگرتنەی تێیدا کۆمەڵێک خوێندکار بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەرە بە مامۆستایەک یان بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، ناچنە پۆلەکانی خوێندنەوە.
16-مانگرتن بە پاساوی نەخۆشی: بە زمانی ئینگلیزی پێیدەوترێت (sickout)، مانگرتووەکان وا خۆیان پیشان دەدەن کە نەخۆشن و توانای کارکردنیان نییە. واتە نەخۆشی دەکەن پاساو بۆ مانگرتنەکەیان و نەچوونە سەر کار. زۆرجار ئەم جۆرە لە مانگرتن لەو کاتەدا بەکاردێت کە یاسا رێگە نادات ئەو فەرمانبەرانە بە ئاشکرا مانبگرن، وەک پۆلیس و پیاوانی ئاگر کوژێنەوە، بۆیە ئەوانیش بە شوێن رێگایەکدا دەگەڕێن کە ناڕەزایی خۆیانی پێدەربڕن و پەنا دەبەنە بەر ئەوەی گوایە نەخۆشن و توانای کارکردنیان نییە.
رەگەزەکانی مانگرتن
مانگرتن بە تایبەت لە شێوە جەماعییەکەیدا، مەترسیدارترین ئامرازە کە بە شێوەیەکی رێکوپێک هەڕەشە لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی دەکات، ئەم خاڵەیە وا لە شارەزایان دەکات بڵێن پێویستە مانگرتن رێکبخرێت، یاسای بۆ دەربکرێت و تێیدا پارێزگاری لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی دەوڵەت بکرێت. چونکە یەکێک لە خەسڵەتەکانی مانگرتن بریتییە لەوەی کارێکی دەستەجەمعییە، راستە مانگرتنی تاکە کەسیش هەیە، وەلێ مانگرتنی تاکە کەسی کاریگەری ئەوتۆی نابێت و نابێتە هۆکاری راوەستانی کەرتی گشتی و وەک ێویست فشار لەسەر دەسەڵات و حکومەت دروست ناکات. بۆ ئەوەی بە هەموو کارنەکردنێک بووترێت مانگرتن، پێویستە چەند رەگەزێکی سەرەکی لەو کارنەکردنەدا هەبێت تا بچێتە خانەی مانگرتنەوە، لەوانە.
*پێویستە کارنەکردنەکە (مانگرتن لە کارکردن) بە شێوەیەکی ئیرادەیی بێت، واتە مانگرتنەکە لە ئیرادەی کرێکارەکان یان لە ئیرادەی فەرمانبەرانەوە دەرچووبێت. لێرەوە هەندێک راوەستان لەکارکردن ناچێتە خانەی مانگرتەوە، وەک نەبوونی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنان کە وا دەکات بۆ کاتێک کرێکارەکان کارنەکەن، ئەم جۆرە لە کارنەکردن نابێت بە مانگرتن. لە راستیدا رەگەزی سەرەکی لە دیاریکردنی چەمکی مانگرتن بریتییە لە کارنەکردن، نەبوونی ئەم رەگەزە وا دەکات ئەوەی روویداوە نەچێتە خانەی مانگرتنەوە.
*پێویستە گوزارشتکردن لە ئیرادەی گشتی و ویستی مانگرتن، لەلایەن سەرجەم کرێکاران یان فەرمانبەرانەوە بێت، یاخود لەلایەن بەشی هەرە زۆریانەوە بێت و زۆرترین کەسیان راستەوخۆ یان لە رێگەی نوێنەرەکایانەوە(سەندیکاو رێکخراوەکانەوە) بەشداری تێدا بکەن. ئەگەرچی بەشێک لە یاساناسان پێیانوایە بەشداریکردنی چەند کرێکارێک یان فەرمانبەرێک بەسە بۆ ئەوەی بە مانگرتن ناوببرێت و مەرج نییە مانگرتن بە زۆرینە و کەمینە بێت، بەڵکو مانگرتنی ژمارەیەکی کەمیش هەر دەچێتە خانەی مانگرتنەوە.
*پێویستە مانگرتن کردەیەکی راستەقینە و فیعلی بێت و هەر قسەی سەر زمان نەبێت. چونکە کارکردن بە شێوەی نیوە ناچڵ و خاوەخاوکردن، ناچێتە خانەی مانگرتنی راستەقینەوە.
*پێویستە ئامانج و مەبەستی مانگرتنەکە زۆر روون و ئاشکرا بێت، بۆ نموونە ئامانج لە مانگرتنەکە باشترکردنی بارودۆخی ئیشکردنە، زیادکردنی کرێی کارکردنە. یاخود ئامانج لە مانگرتنەکە پیشەیی نییە و سیاسییە و مەبەست لێی فشار خستنە سەر حکومەت و دەسەڵاتە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو یان رێگریکردن لە هەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو.

.

.