ئاوەلەمە/aweleme: ن: ئاولهمه، بهچكه، بێچوو، پز ، پیزه، كۆرپه _كۆرپهڵه، مهلۆتكه : منداڵ لە پزدانی دایكیدا كە تازە پێکهاتووە و هێشتەئاوە، بهر له گووران.[ ئینگـ: Embryo][ ع : جنین]
.
.
.
بێزاندن: نبذ. بێزاندنی توندتیژی: نبذ العنف. لە گۆرانیی كوردیدا هاتووە “دنیام لەبەر دەبێزێ”، واتە ركم لێی دەبێتەوە، دەیبێزێنم. كابرا توندتیژی دەبێزێ: “ینبذ العنف” یان “يَنْفُرُ منه”. بێزاندن لە واتەی شاراوەی خۆیدا نێزیكییەكی هەیە لەگەڵ “نَبْذ”ی عەرەبیدا لەبەرئەوە بۆ ئەو واتەیە یەكەویەكە. بێزراو لە ئاخاوتنی كوردیدا “منبوذ”ە، پیاوێكە كەس حەز لە دیتنی نەكا.
باری داسەپاو: امر واقع. سەپاندنی مەرجەیل: “فرض شروط”. سەپان پێشگری “دا”ی وەرگرتووە و واتەی گۆڕاوە. ئەم جۆرە زاراوانە دەبێ لە كوردیدا دەق بگرن و هەموو كەس بەكاریان بهێنێ.
بەپاشدانەوە: “رد”. رد التهم: بەپاشدانەوەی تۆمەتەیل. بەپاشدانەوە باشترە لە رەتكردنەوە و رەتدانەوە. كوردییەكی پەتیی سەرزاری كورد بووە و دەستكرد نییە.
بناوانڕۆ: أصولي. بزاوێكی بناوانڕۆی لاڕێگر: حركة أصولیة متطرفة. بناوانڕۆ وەك ئاوەڕۆ، تانجەڕۆ، لەگەڵ چێژكەی كوردیدا زۆر تەواوە. لەسەر هەمان كێش: نەتەوەڕۆ “التیار القومي”. دەشێ بنووسین نەتەوەڕۆیی لە بزاوی سیاسیی عەرەبیدا. بناوانگر: “سلفي”. بناوانگر وەك لاپەڕگرە كە من لاپەڕگرم بۆ “منعزل” بەكار هێناوە لە نووسینی خۆمدا و كوردیی رەسەنە.
بەرهەڵست: معارض. ئەمە باشترە لە ئۆپۆزسیۆن كە زۆر بەكار دێ. بێ شك زاراوەی خۆیی بۆ تێگەیشتن ئاسانترە لە زاراوەی بیانی. هیچ بیانگەیەك نییە بۆ بەكارهێنانی زاراوەی بیانی ئەگەر لە زمانی خۆتدا هەتبێ. گەلانی وەك تورك و فارس كە زمانەیلیان پڕ بووە لە زاراوەی یەكتر و لە زاراوەی عەرەبی، سەبارەت بەوەیە ئەوان لە زووەوە دەوڵەتیان هەبووە و زمانیان لە دەوڵەتداریدا بەكار هاتووە. ئەو دەمانە پارێزیان نەكردووە لە بەكارهێنانی وشەی بیانی، بگرە شانازیشیان كردووە بە تێكەڵەییی زمان. دواتر داودەزگەیان دانا و بە لێشاو پارە و ئەرك و كاتیان بەخت كرد بۆ خاوێنكردنەوەی زمانیان، ئێستەش بەردەوامن. كورد پێچەوانەی دنیا دەكا. بەرهەڵست و بەرهەڵستی واتە ئۆپۆزیت و ئۆپۆزیشن “معارض و معارضة”، بەرهەڵستكار و بەرهەڵستكاری هەڵەن. زاراوەكە لە ناخی خۆیدا كارەكەی تێدایە و “كار”ێكی زیادەی لە دواوە ناوێ.
بەرشەو: “عشیة”. لە نێوانی بەرشەو و پارشەوێكدا: بین عشیة و ضحاها. لە توحفەی مزەفەرییەدا هاتووە دەڵێ: “بەرشەوێ بۆت دەكوژمەوە كەڵێ پارشەوێ بۆت دەكوژمەوە بەرانی”.
بارەبەر: حمل. قانع دەڵێ “دائیم بارەبەر ئاغا و مام كوێخام”. لە نووسینی كوردیدا دەڵێن “بارهەڵگر” كە هەندێك گرانە، دەستكردیشە. بارهەڵگر دەبێ، بەڵام زیاتر بۆ “شحن” دەگونجێ نەك حمل. كورد لە زووەوە گوتوویەتی “باری و سواری”. چارەوێی بارەبەر: مركبة یان عجلة للحمل. چارەوێی سواری: عجلة نقل الركاب. لە نووسینی كوردیدا دەڵێن “سەرنشین لە برێتی راكب”. سەرنشین لە كوردیدا نییە، بۆ گوێی من واتەی تەواویش بەدەستەوە نادا. كورد هەر گوتوویەتی سوار. سوار “راكب”ە جا چ سواری ئەسپ یان باڵەفڕ. پێش چەند ساڵێك نووسێكی پۆلیسی هاتوچۆم بینی نووسیبوویان: “واژۆی خاوەنی سوارۆ”. دەڵێی لە لاوكی كۆنیان وەرگرتووە. سوارۆ بۆ “مركبة، عجلة، سیارة” نابێ. ئەو “ۆ”یە “سوارۆ” ئامێری بانگكردنە، وەك لە لاوكدا دەڵێ: “لێلێ سوارۆ تو وەرە مالا مە جارەكی…”. “سوارە”ش نابێ لەبەر ئەوەی سوارە واتە “راكب”. دەڵێن “سوارە و پیادە”. دەبێ لەمەبەدوا بنووسن “خاوەنی چارەوێ” بۆ “واژۆ”ش، بەڕاستی من نازانم لە چییەوە هاتووە، بێ شك شتێكی قۆڕە و بووە بە ملەوە. “واژ” وەك لە پێشەوە گوتم “واژی، بەرەواژ، ڤاژی، بەرئاوەژوو، ئاوەژوو”ە بە واتەی پێچەوانەیە، “و”ێكی بۆ فشەی چووەتە سەر. “واژۆ” هیچ واتە نادا نێزیك بێ لە مۆركردنی پەنجەوە، ئیمزاش نییە، تێكدانی زمانە و هیچی تر.
بێینەوە سەر “چارەوێ”، لە هەندێك ناوچە، رەنگە لای جافەتی و گەرمیان بێ زیاتر، دەڵێن “چارەوێ”، دەق لە جێی “مركب”ی عەرەبی. جاران عەرەب بە گوێدرێژیان گوتووە “مركب الصالحین”. جارێكی تر دووبارەی دەكەمەوە: چارەوێی بارەبەر و چارەوێی سواری. “سوار”یش لە جێی سەرنشینی بەدفەساڵ. بارهەڵگر: شاحنة نقل.
بیاوان: لە جێی بیابان خۆشترە بۆ “صحراء”. بیابان وەك لە شێوەیدا دیارە لە “بێ ئاب”ەوە هاتووە. لە ناوچەی بادینان “بیاڤ” دەڵێن بۆ دەشتایی و چۆڵایی. بیاڤ دەبێ لە “بێ ئاڤ”ەوە هاتبێ. “دۆڵی بیاو”یش هەیە لە شوێنێك لەم كوردستانە. واتە: بیاو، بیاڤ هەردووكیان لە كوردیدا هەن. تكایە نەبێ بە چیڕۆكەكەی بزاو.
باو: تقلید. ئێمە لە زوانی كوردیدا دەبێ بۆ “عادة، عرف، تقلید” سێ زاراوەی جیاوازمان هەبێ نەك وەك ئێستە بە هەڕەمەیی. ئەو سێ زاراوەیە زۆر جیاوازن لە یەكتر. باو بۆ “تقلید” باشە لەبەرئەوەی باو زوو زوو دەگۆڕێ. دەڵێن “وا باوە، باویەتی، باوی نەماوە”. بۆ “عادەت”یش خوو باشە لەبەرئەوەی خوو بە شتێكەوە گرتن “تعود”ە. خوو وەك “ادمان”ە. دەڵێن “معتاد” واتە خووی پێوە گرتووە. دەمێنێتەوە “عرف” كە دەقودەق نەریتە. ئێمە گشتمان زۆر دەڵێین خووڕەوشت، داوونەریت، ئەمانە دیار نییە، كە دەق و دروست چ واتەیەكی دیار دەگەینن. زاراوەی زانستی دەبێ یەك واتەی دیار و دەستنیشان “محدد” بدا و هیچ لێڵییەكی تێدا نەبێ.
بڕكە: بلۆك. بۆ نموونە بلۆكی سۆسیالیزم. بە عەرەبی دەیانگوت “معسكر” كە واتەی تەواو ناداتە دەست بۆ ئەو مەبەستە. بلۆك بۆ كۆمەڵە باڵەخانەیەك یان كۆمەڵە ماڵێكیش دێتە گوتن، یان كۆمەڵە وڵاتێكی شێوەی دەسەڵاتداریەتی لەیەكترچوو. بڕكە زاراوەیەكی كوردیی گونجاوە بۆ واتەی بلۆك، لە “بڕ+كە”، وەك دەڵێی بڕكە ماڵێك یان بڕكە وڵاتێك یان بڕكە مەڕێك. لە فۆلكلۆری كوردیدا هاتووە دەڵێ: “تەشی باریكان خوری مێ تاڵە، خاتوون بیڕێسێ لەو بڕكە ماڵە”. بڕكەی وڵاتەیلی سۆسیالیست. ماڵتان لە كیهە بڕكەیە؟ بڵێ بڕكەی ژمارە پێنج بۆ نموونە.
بنەبڕكردن، بەكۆتاهێنان: “إنهاء”. چارەسەری بنەبڕ بۆ كێشەیەكە كە كێشەكە بە كۆتا بهێنی. بەڵام بۆ “حسم” دەبێ بڵێین یەكلاكردنەوە. حسم الصراعات: یەكلاوەكردنی ململانێ. ئەو “ەوە”یە هەر بێنە پێشەوە. گۆرانیی كوردی دەڵێ “دەرگام لێ وەكە كوشتمی سۆزەی بەیانی”. وەكە “ڤەكە”یە.
بنەوا: مبدأ. بنەوا كوردانەترە لە بنەما. لە كوردیدا “بنەوێ”ش دەڵێن بۆ “اسس” و بناخە. دیارە كە هەردووكیان یەكن، دەڵێ ژنێكی بە بنەوێیە. المبادىء الأساسیة: بنەوایەلی سەرەكی. لە نووسینی كوردیدا زۆرتر “پرەنسیپ” دەڵێن كە زاراوەیەكی بیانییە و لە رێی فارسییەوە بە كوردی گەیشتووە.
لە بن هەڵكەندن: اجتثاث. &یاسای لە بن هەڵكەندنی بەعس”. ئەمە باشترە لە ریشەكێشكردن، لەبەرئەوەی ریشە و رەگ، گیاش هەیانە بەڵام رەگی دار زیاتر بە ئاخدا رۆچووەتە خوارەوە. “لە بن هەڵكەندن” بۆ شتێكە رەگی گەورە و ئەستووری هەبێ وەك حزبی بەعس. یاساش بۆ كاری گەورە دەردەچێ. فۆلكلۆر دەڵێ: “خوایە هەڵكەنی ئەو كێوە لە بن”. دەشگونجێ بڵێین “لە بنەوە هەڵكەندن” بەڵام ئەوەی یەكەم باشتر و سادەترە.
بانگەشە: “إشاعة”. لە مێژە بەكار دێ و زاراوەیەكی بەجێیە. لە كرمانجیی سەروودا “گەنگەشە” هەیە كە هەر خۆیەتی بەڵام ئەوان بە هەڵە بۆ وتووێژ بەكاری دەهێنن. وەك دەبینی بانگەشە لە “بانگ+پاشگری ەشە” پێك هاتووە و دەنگ بەسەر دۆخەكەدا زاڵە. لە گەنگەشەدا، دەبێ “گ”ی یەكەم لە بنەڕەتدا دەنگێكی تر بووبێ، وشەكە یان “بانگ” یان “دەنگ” بووە. لەبەرئەوە گەنگەشە وتووێژ نییە، لەوێشدا لایەنی دەنگ و بانگ و گازی زیاتر مەبەستن، واتە هەر بانگەشەكەیە و دەبێ چی تر بۆ گفتوگۆ بەكاری نەهێنن. بانگهێشتن بۆ “دعوة” دێتە بەكارهێنان، هەندێك جار كورتی دەكەنەوە و دەڵێن “ئێوە بانگێشت كراون یان بانگێشتتان دەكەین بۆ…”، ئەوە هەڵەیە. بانگهێشتن لێی كورت بكەیەوە دەبێ بە بانگەشە “اشاعة” و تۆش “دعوة یان نداء”ت مەبەستە. لە بانگهێشتندا، هێشتن كاربەدەستە لە بوارەكەدا نەك بانگ.
بلەرزەی زەوی: “هزة ارضیة”. رەگی چاوگی لەرزین كە دەكاتە “لەرز” پێشگرێك و پاشگرێكی چووەتە سەر.
بەندەن: قمة. بەندەنی دەسەڵات. هێمن دەڵێ “عاشقی كێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن”. بەندەن بەرزایییە، لای سەرەوەی هەموو بەرزایییەكە دەگرێتەوە نەك تەنیا لووتكەكەی. بەندەنی دەسەڵات كۆمەڵێك كەسن. دەشێ “كۆنگرەی بەندەن”یش بڵێین بۆ كۆبوونەوەی گەورە پیاوێل، وشەیەكی تریشمان هەیە بۆ “قمة”ی كۆنگرە و كۆبوونەوە، ئەویش تۆقەڵانە، تۆقەڵانی عەرەبی كۆنگرەی سەرۆكەیلە. دوندی دەسەڵات “رأس السلطة”یە، واتە پیاوە هەرە گەورەكە.
.
.
.
.
.