ئیزن/îzin: ن:[ع : ازن] ئیجازه‌، ده‌ستوور

::  له‌ ئێمه‌و ئیزن به‌، تۆ ئیزنت به‌ ده‌ستی خۆته‌، به‌بێ ئیزن بۆ هیچ کوێ نه‌چی.

{… مه‌رکه‌بی سه‌گلاوی له‌ئێخته‌خانه‌ی دێنا ده‌رێ به‌ئیزنی خولا و پێغه‌مبه‌ری لێ ده‌بوو سواره‌}{تحفه‌}.

.

ئیزن خواستن/îzin xwastin:  کتپ:[ع : ازن+ کو : خواستن]

1- داوای ئیجازه‌کردن بۆ کردنی کارێک.

::  ئیزنمان له‌ ماموه‌ستا خوست وهاتینه‌وه‌.

::  ده‌بوایه‌ ئیزن بخوازی نه‌ک سه‌ربه‌خۆ لێده‌ی بڕۆی.

2- داوای ئیجازه‌ی ڕۆیشتن له‌ خانه‌خوێ کردن. خواحافیزی کردنی میوان له‌ خانه‌خوێ.

:: سێ ڕۆژ میوانیان بوین هه‌ر ئیزنمان ده‌خواست ئیزنیان نه‌ده‌داین.

.

ئیزندان/îzindan: کتپ:[ع : ازن+ کو : دان]

1 – ئیجازه‌دان، ڕێگادان به‌ که‌سێک بۆ کردنی کارێک.

::  باغه‌وانه ‌که‌ خۆی ئیزنی داین ئه‌م تووه‌ بته‌کێنین.

:: هه‌رچه‌ندی به‌هانه‌ی هێنا یه‌وه‌ ماموه‌ستا هه‌ر ئیزنی نه‌دا.

2 – به‌ره‌ڵڵاکردنی قوتابی له‌ قوتابخانه‌ پاش ته‌واوبوونی خوێندن. یا کرێکار له ‌سه‌ر ئیش پاش ته‌وابوونی کاری ڕۆژانه‌.

3 – ده‌رکردنی کرێکار و کاربه‌ده‌ست له ‌سه‌ر کار.

:: قادر ! بزانه‌ و تاو زه‌ند، چه‌ند ڕۆژی ئیش کردووه‌ پاره‌که‌ی بده‌یه‌ و ئیزنی بده‌.

4 – ڕازی بوونی خانه‌خوێ به‌ ڕۆیشتنی میوان.

.

.

.