درنج/dirinc: ن:[ ئاین] درووج : dirȗc _ درج : diric _ درنج : dirinc : دێوی درۆ و دزییە.

دێو و درنج/dȇw ȗ dirinc: نتـ:[ دێو و درنج]

{

لەم دەشتی پڕ لە دێــو و درنــج و جنۆكــەیــە
وەك خدری زیندە وایە مەلای دین پەنای كـورد

}{ بێخود}
لە فەرهەنگی رامان دا سەبارەت بە ریشەی ئەم وشەیە لەگەڵ وشەی drakon ( یۆنانی) “ئەژدیها” هەڵمسەنگاندووە. بە پێی هێندێک زانیاری و لێکۆڵینەوەی تازە، بۆم دەرکەوتووە کە دەشێ وشەکە لە پێوەندی لەگەڵ هێندێک وشەی دیکەدا شی بکەینەوە. هەر وەک لە فەرهەنگی راماندا ئاماژەم پێ داوە، فۆنێمی n لە وشەکەدا زێدەیەکی فۆنێتیکییە کە لە زۆر وشەی دیکەشدا دەبینرێ، وەک کرمانج (کوردماد ← کوردماج ← کورمانج)، ئامانج، قیلەوقانج، قولانج، دیلمانج، فەرەنجی، وانج، کلێنجە و هتد. لە پەرتووکی “فرهنگ فارسی بە پەهلەوی”دا ( نووسراوی د. بهرام فرەوشی) دوو وشە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم باسەدا سەرنج رادەکێشن. لە زمانی پەهلەویدا drujastak بە مانای “شەیتان سفەت” و dȇv kāmakih بە مانای “شەیتان سفەتی” بەکار هاتوون.
وەک دەبینرێ لە زمانی پەهلەویدا هەم وشەی درووج druj و هەم دێڤ dȇv بە مانای “شەیتان” بەکار هاتوون.

لە زمانی کوردی ئێستاشدا هەر دوو وشەی “دێو” و “درنج” پێکەوە و هاومانا بەکار دەهێندرێن.
لە لایەکی دیکەوە دەزانین کە وشەی “دێو” سەرەتا و لە دینە هەرە کۆنەکاندا بە مانای “خودا” بووە و دواتر لە ئایینی زەردەشتیدا ماناکەی گۆڕاوە و بەراوەژوو کراوەتەوە بۆ “شەیتان”. ئەمە بۆمان دەردەخا کە وشەی کۆنتر بە مانای شەیتان هەمان “درووج” بووە. ئێستا پرسیار ئەمەیە کە درووج خۆی لە بنەڕەتدا بە چ مانایەکە و سەر بە چ ریشەیەکە؟
هەر لە کۆنەوە شەیتان بەوە ناسراوە کە مرۆڤەکان هەڵدەخەڵەتێنێ و فریویان دەدا. مانای هەڵخەڵەتاندن و فریو دان بە تەواوی لەگەڵ ژمارەیەک وشە لە زمانی کوردی و زمانای هیندوئورووپایی دیکەدا یەک دەگرێتەوە. هێندێک لەم وشانە بریتین لە درۆ dıro یان درەو dırew ، دروغ dorug (فارسی)، Betrug [Be-trug] (ئەڵمانی) “فیڵ، تەڵەکە”، trügen (ئەڵمانی)، driegen (ئەڵمانی ناوین) “خاپاندن، فریو دان”، Traum (ئەڵمانی)، dream (ئینگلیزی) “خەون” (لە بنەڕەتدا: وێنەی درۆیین، ناراست)، drauger (ئیسلەندی کۆن) “شەوە، تارمایی” (لە بنەڕەتدا: وێنەی فریودەر، درۆیین)،” druj (ئاوێستا) “درۆ، فریو” و هتد.
لە زمانی کوردیدا وشەیەکی سەرنجراکێشی دیکە لەم پێوەندییەدا هەیە کە تراویلکە trawîlke یە بە مانای وێنەی درۆیین و فریودەری ئاو لە بیابان (تراو- یلکە traw-îlke). هەموو ئەم وشانە دەچنەوە سەر ریشەی هیندوئورووپایی dhreugh٭ “خەون. درۆ، فریو”. پێوەندی دوو چەمکی “خەون” و “فریو دان” لە وشەی “خاپاندن”ی کوردیدا بە باشی خۆی نیشان دەدا. ئەم وشەیە خزمە لەگەڵ “خەون” و “خواب” ی فارسی بە هەمان مانا.
بەم شێوەیە دەتوانین ئەم ئەنجامە وەربگرین کە سەرەتا خیسلەتەکانی درۆزنی و فریوکاری وەک خیسلەتی شەیتانی (زۆر خراپ) چاو لێ کراون، بە وتەیەکی دیکە شەیتان بوون بریتی بوو لە درۆ کردن و فریودانی مرۆڤەکان. دواتر ئەم ناوە بۆ بوونەوەرێک بەکار هێنراوە کە دژی خودایە و مرۆڤەکان فریو دەدا و بەم شێوەیە و بەم مانایە لە زمانی پەهلەویدا لەپاڵ وشەی “دێو” بەکار هێنراوە. لە قۆناخێکی دواتردا و لەژێر کاریگەری ئایینی ئیسلامدا وشەی “شەیتان” هاتووەتە ناو زمانی کوردی و ئیتر لەمە بەدواوە وشەی “دێو و درنج” سیمای ئایینی خۆیان لە دەست داوە و وەک دوو بوونەوەری ئەفسانەیی ترسناک سەیر کراون. گۆڕانی “درنج” بەم شێوەیە بووە: درووج dırȗc ←درج dırıc ← درنج dırınc.
شێوەی کۆنتری وشەی درو dıro (درەو dırew) لە زمانی کوردیدا پارێزراوە.

لە وشەی درۆزن dırozın دا کەرتی ئەسڵی وشەکە دەبێتە درۆز (dıroz – ın) و جێی هەڵسەنگاندنە لەگەڵ دروغ dorug (فارسی) و druj (ئاوێستایی).

وێ دەچێ وشەی تەرەس teres “پەست، دزێو” پێوەندی بەم وشانەوە هەبێ.

.

.

.

.

{ سەرچاوە :

فەرهەنگی رامان

}