تار ¹ /tar: ن:[ مۆسیقا] ڕەواو _ ڕەواوە : ئامێرێكی مۆسیقایە، پتر لە دارەتوو سازدەكرێت، دەسكی درێژە، كاسەیەكی تایبەتی نێو بۆشی هەیە كەسیم بەسەریدا تیدەپەڕێت هەتا دەگاتە دەسكەكەی و لەوێ دەبەسترێتەوە، لەسەركۆشی دادەنێن و بە مزراب لێدەدرێت.
تارچی/tarçî: ئانتـ:[ تار+ تور : چی] تارژەن.
تارژەن/tarjen: ئانفا:[ تار+ ژەن( ژەنین)] كەسێک كە شارەزایی لە سەرلێدانی تار هەیە، كەسێک كە تار دەژەنێت.
تارژەنیی/tarjenîy: نچ:[ تارژەن+ ئیی] كار و پیشەیی كەسێک کە تارژەن بێت.
تار و دمبەک/tar û dimbek: نتـ:[ مۆسیقا][ تار+ و+ دمبەک]
1 – تار د گەل دمبەک.
2 – [مجـ] تەواوی ئەو ئامێرە مۆسیقایانەی كە بۆخۆشی وشادی لێدەدرێن.
:: لێیدە لە تار و دمبەک پەروانە دێ بۆ شایی.{ گۆرانی}.
.
.
__________________________
تار²/tar: ئان:[ ئاڤێسـ : arqNt : تەﺜرە، پهـ: تار][ ڕەنگ]
1 – تار _ تاریک، تنووک، هەترە، بێبەرق.
2 – [ ڕەنگ] ڕەنگی بێ بریقە و مات.
3 – كەلـلەدەفە.
4 – پێنجینەی تار : دوو ڕۆژی دومایی وەرزی زمستان و سێ رۆژی سەرەتای وەرزی بەهار.
تارستان/tar: نتـ:[ کباک][ تار+ ستان] تاریک.
تارمایی/tarmayî: نتـ:[ تار+ م+ ئایی] هەرامەت، ڕەشایی لە دوورەوە، ڕەشایی بەدیمەن.
:: تارماییەكم دیت. چاوم تارمایی ناكات.
تاری/tarî: نچ: تاریک، ڕەشی.
تاریتی/tarîtî: ئاكتـ: تاریکی وەک ڕەشایی شەو.
.
.
________________________
تار³/tar: ن:
1 – تاڵ، تاڵەموو، تاڵی موو.
تێبینی |
گۆڕانكاری لە نێوان دەنگ و پیتی ( ر)( ل) دا دەبیندرێت |
{
نەباخچەی تار مووی تار دا
سپی شكۆفەی پیریم دیاردا
}{ مەولەوی }.
2 – تان : ڕاهێلی تەون. >< پۆ.
3 – هەودای دریژی باریک.
تاروپۆ/tar: نتـ: تان و پۆ.
.
.
______________________
تار4/tar: ئان:[ تاران] ئاقەڕێ، ئاوارە، ئاوەكی، ئەوداڵ، باوەژۆ، باشیل، بێماڵ وحاڵ، تەرا _ تەرە، دەربەدەر، دووركەوتە، ڕەهەند، ڕیتاڵ، ڕاتووڵ، سەرگەردان، سڕگوم، گومڕا، لێقەوماو، وێڵ، هێوەلەک، هەڵەتە، هەرزەگەر : كەسێک لەنیشتمان و زێدی خۆی دووركەوتبێتەوە.
تارا/tara: نفا: ڕۆیشتن بەبێگەڕانەوە.
تاران/taran: كتن: دووركەوتنەوە و ڕۆیشتن بێگەڕانەوە لە ترسان یان لەبەر هەر هۆیەكی یكەبێت.
تاراندن/tarandin: كتپ:[ فار : تاراندن] تارۆندن( كرما) ڕەواندنی یەكجارەكی، تەڕەكردن.
تارانن/taranin: كتپ: تاراندن.
تاراو/taraw: ئانفا: تەرە، تارسە، تەراوەگە :
1 – ڕەوی و لە ترسان، ڕۆیشتووی بێ گەڕانەوە.
2 – تەراوەگە : شوێنێكە كە خەڵكی دەركراو، دەرپەڕێو لە هەواری خۆیان، تێیدا بژێن.
تاراوگە/tarawge: نتـ:[ تاراو+ گە] غەریبایەتی: شوێنێک كە كەسی تاراوخۆی لێدەگرێتەوە و لەوێ دەگیرسێتەوە.
تاربوون/tarbûn: كتن: تەرەبوون، تاران، رەوین، هەترەبوون.
تاربوونەوە/tarbûnewe: كتن: بڵاوبوونەوە، پەریشان بوونەوە.
تاركردن/tar kirdin: كتپ: هەڵوەداكردن، ڕەواندن، لەجێ ئاوارە كردن، تەرەكردن.
تاركرن/tarkirin: كتپ:[ كباك] تاركردن.
تارۆندن/tarondin: كتپ:[ كباش، كرما] تاراندن: ڕەواندنی یەكجارەكی، تەڕەكردن.
تارومار/tarûmar: ئانتـ: هەڵڵاداد، تێكوپێک، لەناوچوو، تێكشكاو و لێكبڵاو، پرژوبڵاو.
تارومار/tarûmar: كتن: تاران و لێکبڵاوبوونی كۆمەڵێک.
تاروماركران/tarûmarkiran: كتن:[كارابزر] بڵاوەپێكران.
تاروماركردن/tarûmarkirdin: كتپ: تاراندن و لێكپڕژوبڵاوكردن بە كۆمەڵێک.
تێبینی |
مار لەم وشەیەدا مانایەكی تایبەتی نیە و بۆ هاوتایی دەگەڵ تار هاتووە}{ نانەوازادە}. |
تاریاگ/taryag: ئانفا:[ ڕۆژک] تاراو.
.
.
__________________________
تار5 /tar: ن: پەراوێز، سجاف، سیجاف، چەمە _ چەمەر _ چەمەرە، چوارچێوە.
.
.
.
.