پیر¹/pîr: ئان:[ پەهلەوی: پیر]

  لە فەرهەنگی زمانی ئاڤێستادا، وەها تۆمارکراوە. ل. 359
 گۆکردنی بە کوردی زمانی ئاڤێستایی   واتای بە ئینگلیزی
زەیرووە auuriaz old age
زەیریرە aririaz old

1 – بەساڵاچوو، کال( کباک) : مرۆڤ چ نێر، چ مێ كە تەمەنی زۆر چووبێتە سەر یان تەمەنی دوای گەڕاوەیی. 

2 – [ ڕوو] درەختی بەتەمەن.

{

داری پیرەدار بەدار نابێ

یاری دوورە شار بەیار نابێ

}{ پەند}.

3 – [ ڕوو] گژوگیای ناشلک و چیڕ.

4 –[ ئاین] پیاوی باش و نیكی خوداپەرست كە بە ئامۆژگاری مرۆڤ بێنێتەسەر رێگای چاكە، ماموەستا، ڕێپیشاندەر.

{

دەروێشیەكەمان كیسەیەكی بێ بن بوو

مەیگێڕی جوان ڕێبەر و پیری من بوو

}{ خەیام}.

5 – گۆڕی پیاوچاكان.

6 – پێشگرە بۆ گەلێک ناو، ئاوەڵناو وەک

:: پیری موغان.

:: پیرەمێرد.

پیرایەتی/pîrayetî: ئاكتـ:[ پیر+ئایەتی] پیرێتی.

پیران/pîran: نتـ:[ پیر+ ئان] كۆی پیر.

پیرانە/pîrane: ئانتـ:[ پیر+ ئانە]

1 – تەمەنی پیریی.

2 – هەر شتێک كە تابیەت بێت بەپیرانەوە.

3 – چەشن و شێوەی پیر.

پیرە/pîre: نتـ:[ پیر+ ئە]

1 – پیرەكەرە و قەڕاسە!. بە كەسێک دەڵێن كارێک بگرێتە ئەستۆی خۆی لێوەشاوەی نەبێت. یان كەسێكی پیر جل و بەرگی هەرزەكارانە لەبەربكات.

2 – [ کباک، جز] پیرەژن.

پیرەباب/pîrebab: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ باب]

1 – پیرپنتک : منداڵێكە كە كردار و گوفتاری لە گەورە بچێت.

2 – دەم سپی : كویخوا و زانای كۆمەڵ.

3 – ناوی دێیەكە لە ناوچەی شارباژێر سەر بە شاری سلێمانی.

پیرەپیا/pîrepya: ئانتـ:[ هـ][ پیر+ ئە+ پیا( پیاو)] پیرەپیاو.

پیرەپیاو/pîrepyaw: ئانتـ:[ هـ][ پیر+ ئە+ پیاو] پیاوی پیر و بەساڵداچوو، پیرەمێرد.

پیرەپتۆن/pîrepton: ئانتـ:[ ڕەوا] پنەپێتۆ، سەرەسۆدە : منداڵێكە گووتە و ئاخاوتنی پیرانی بێت.

پیرەدا/pîreda: نتـ:[ كباك] نەنک، داپیرە.

پیرەزا/pîreza: نتـ:[ پیر+ ئە+ زا( زایین)] مندالێكە لەكاتی پیری دایک و باووكی لەدایک بووبێت.

پیرەژن/pîrejin: نتـ:[ پیر+ ئە+ ژن] پیرێژن.

پیرەژنی/pîrejinî: نچ:[ پیر+ ئە+ ژن+ ئی] پیرێژنی.

پیرەسەگ/pîreseg: نتـ:[ پیر+ ئە+ سەگ]

1 – سەگی پیر.

2 – [ مجـ] پیری خراپ و ناخۆشەویست.

پیرەكەر/pîreker: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ كەر]

1 – كەری پیر.

2 – [ مجـ] پیری خەرفاو و نەزان.

پیرەكەمۆ/pîrekemo: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ كەمۆ] پیری فێلباز و ناڕاست.

پیرەگورگ/pîregurg: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ گورگ]

1 – گورتی پیر.

2 –  [ مجـ] پیاوی بەئەزموون و تێگەیشتوو، زیرەك، بە فڕوفێڵ، فێڵەزان.

پیرەمێر/pîremêr: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ مێر( مێرد)] پیرەمێرد.

پیرەمێرد/pîremêrd: ئانتـ:[ پیر+ ئە+ مێرد]

1 – پیاوی بەسالاچوو.

2 – نازناوی تۆفیق ئەفەندی فەیلەسووف.

پیرباب/pîrbab: ئانتـ:[ كباك، زا][ پیر+باب] باپیر.

پیرباڤ/pîrbav: نتـ:[ پیر+ باڤ][ كباك] باپیر.

پیربوون/pîrbûn: كتن:[ پیر+ بوون]

1 – چوون بەسالا، گەیشتنە سەردەمی پیری. پەرخاندن، بەناوسالانداچوون، بەسالانداچوون، سەربوون، پیربوون، ژچاخاخۆ دەرباس بوون.

2 – گژوگیا لە قوتاغی ناسک و نەمامی بەسەرچووبێت و چیڕبووبێت.

:: ئێستا ئیدی پنگ پیر بوون و بۆ خواردن نابن.

پیرپەنک/pîrpenik: ئانتـ: پیرپنتک.

پیرپنتک/pîrpintik: نتـ:[ پیر+ پنتک] منداڵێكە كە كردار و گوفتاری لە گەورە بچێت.

پیركردن/pîrkirdin: كتپ:[ ئد][ پیر+ كردن] كەسێک لەبەرخەم و خەفەت و ناڕەحەتی زووتر لەكاتی خۆی گەیاندنە تەمەنی پیریی

:: من پیرنیم خەم و خەفەت پیریان كردم.

پیركوونی/pîrkûnî: ئانتـ:[ پیر+ كوون+ ئی] پیاوی پیری جلف و هەرزەكار.

پیرلێكردن/pîrlê kirdin: كتپ:[ ئد][ پیر+ لێ+ كردن] لێ پیركردن وەكوو نەخۆشی، كە كۆن بێت.

:: دەڵێن لێی پیربووە.

پیرمەند/pîrmend: نتـ:[ پیر+ مەند] سێناتۆر.

پیروپاتاڵ/pîrûpataľ: نتـ:[ پیر+و+ پاتاڵ]

1 – زۆرپیر.

2 – پیری خەرفاو و کەللەویشک.

پیروپەندی/pirûpendi: نتـ:[ پیر+ و+پەند+ی] مەتهەلۆک.

پیر و کاڵ/pîr û kaľ: نتـ:[ کباک] پیروگەنج،  پیروجحێڵ.

پیرێتی/pîrêtî: نچ:[ پیر+ ئێتی] پیریی : ئەوەی پەیوەندی بە پیرەوە هەبێت.

پیرێژن/pîrêjin: ئانتـ:[ پیر+ ئێ+ ژن] پیرەژن. ژنی بەتەمەن و بەسالاچوو، پیرە.

پیڕی/pîřî: نچ: ئەوەی پەیوەندی بە پیرەوە هەبێت، وەک تەمەن، تەندروست، ڕووخسار، هەڵسوکەوت، بیر و بۆچوون دەربارەی پیربوون.

:: پیری و هەزار عەیب.  

پیڕی ئاخرشەر/pîřî axirşer: نتـ، شر:[ پیر+ ی+(ع : ئاخر+ شەر)] كەسێک كە كۆتایی ژیانی بەخێر و خۆشی تەواو نابێت و لە پیرییدا ئەركەكانی ئایینی بوجێ ناهێنێت و دەست دەكات بە خراپە.

{

ئەو قورم ساغە دەڵێن پیری موغانە، پێی بڵێن

پیری ئاخرشەر دەردی مەیخانە تاكەی دادەخەی

}{ مەحوی}.

پیڕی ئیفتار/pîřî îftar: نتـ، شر:[ پیر+ ی+ ئیفتار] پیری كەنفتار.

{

ئەی پیری ئیفتار، ئەتۆ چ عەكسێكت پێشانی ئەو پادشایەی ئێمەدا كەوا دڵی مەحزوون بوو}{ سەعید و میر سێوەدین}.

پیڕی تەریقەت/pîřî terîqet: نتـ. شر:[ پیر+ ی+(ع : تەریقەت: ڕەوت)] مورشد، شێخ.

{

بە پێچی خوار و خێچ ئیما دەكا پیری تەریقەت : بێ

حەقیقەت پیرە زاهیدپیرە، گوم كردوو تەریق ئەمما

}{ مەحوی}.

پیڕی خانەقا/pîřî xaneqa:[ پیر+ ی+ خانەقا] شێخی خانەقا.

پیری خەرابات/pîrî xerabat: ئانتـ:[ پیر+ ی+ خەرابات( خەر+ ئابات )]

1 – پیرێک لە مەیخانە مەی دەفرۆشێت.

2 – ( سۆف) پیر و ڕێبەرێک كە مورید بۆ تەركی داب و نەرێت هان دەدا و بەرە و هەژاریی و سۆفیگەریی هانیان دەدا.

{

من رەند و قەلەندەر و سیفەت و مەست و خەرابم 

تۆ پیری خەراباتی و ئەگەر مەزهەبی وات بێ

}{ وەفایی }.

پیڕی دڵ/pîřî diľ: ئانتـ:[ پیر+ ئی+ دڵ] سەرۆک و ڕێپیشاندەری هەست.

{

بنووسە، پیری دڵم ئەمری كرد، ئیتاعەم كرد 

لە ئیبتیداوە كە بەیتی موناسبی دیوان

}{مەحوی}.

یان

{

چییە پیری دڵ ئیمشەو وەك عەرەقخۆر

لە كونجی تەكیە بۆ مەیخانە ئەگری

}{ بێخود}.

پیڕی فەرتووت/pîřî fertût: ئانتـ:[ پیر+ ی+ فەرتووت( ؟ )] زۆرپیر.

پیڕی سەدساڵە/pîřî sedsaľe: ئانتـ:[ پیر+ ئی+ سەد+ ساڵ+ ئە] كەسێكە كە زۆرپیر بێت، پیری فەرتووت.

پیری شاتی/pîrî şatî: نتـ:[ پیر+ ئی+ شاتی] ناوی یەكێک لە سەرۆک هۆزانی ناوچەی ووڵاتی (ماننا) بووە. هەندێک بۆچوون لەسەر ئەم ناوە هەیە، ناوی یەكێک لە وەزیرەكانی فەرەیدوون ناوی ( پیرشاد)بووە، هەروەسا ( پەری زاتی، ئەرتی شاتی، شاتە بەرزانە) هاوبەشییان هەیە.

پیڕی عەقڵ/pîřî äeqiľ: نتـ:[ پیر+ ی+ ( ع : عەقڵ : ئاوەز)]

1 – ئەقڵی گشتی.

2 – پیاوی زانا و فرەزان.

{

كە ساڵی ریحلەتی ئەم مورشیدەم پرسی لەپیری عەقڵ

بەحەرفی جەوهەری ئەم ئایەتی كردم ئیشارانی

}{ بێخود}.

پیری عیشق/pîrî äîşiq: ئانتـ:[ پیر+ ی+( ع : عیشق)] ماموەستا و رێبەری عاشقان. یان ئەو كەسەی لە عیشقدا پیربووبێت.

{

عەقدی ئیحرامێ د عیشقیدا كو پیری عیشق بەست

دی چغەم گەر خەرقە رەهنی خانەیی خەممار بت

}{جەزیری}.

پیڕی كەنعان/pîřî kenäan: ئانتـ:[ ئد][ پیر+ ی+ (ع : كەنعان)]

1 – پێغەمبەر یاعقووب.

2 – كەسێک گەلێک چاوەڕوانی دیتنی خۆشەویستێكی دووركەوتوو.

{

دەمێ بوو چاوەڕێی مژدەی قودوومی ئێوەبوو پێخود

خودا كردی نەسیمی پیرەهەن بۆ پیری كەنعان هات

}{ بێخود}.

پیڕی كەنفتار/pîřî kenfitar: نتـ:[ پیر+ ی+ كەنفتار] پیری فێڵەزان و دڕ و هار، پیری ئیفتار.

{

ڕاوستاوە تەوە پیرێكی كەنفتارە

ئەوە پیرهەرای لێدە كردەوە هەی عەرەب و عەرەبەسوارە

}{ سەعید و میرسێوەدین}.

پیڕی مەیخانە/pîřî meyxane: نتـ:[ پیر+ ی+ مەیخانە]

1 – پیری مەیفرۆش.

2 – پیری تەریقەت، پیری مەیكەدە.

{

بەبۆنەی پیری مەیخانە منیش پیربووم و لێكەوتم

كەچی هەر جوانەمەرگیم پێدەمێنێ وەك دڵی لاوم

}{ ئاوات}.

پیری مەیكەدە/pîrî meyikede: نتـ:[ پیر+ ی+ مەی+ كەدە] پیری مەیخانە.

{

سۆفی گۆشەی خانەقا بووم، ئێستە پیری مەیكەدەم

زاهیدی خەڵوەنشین بووم، ئێستە مەست و مەیزەدەم

}{ هێمن}.

پیری موغان/pîrî muan: نتـ:[ پیر+ ی+ موغان( موغ+ ئان)]

1 – پێشەوایی گەوەرە پیاوانی ئایینی مەزدایی ( زەردەشتی) بووە.

{

جاما ددەستی شاهید ژەنگێ ددڵ دشۆتن

پیری موغان درەندان وەهوە دكر ریوایەت

}{ جەزیری}.

2 – زیرەک و زۆرزان.

3 – خاوەن بار.

پیریناسی/pîrînasî: نتـ: زانستێكە كە دەكۆڵێتەوە لەمەڕ باری كۆمەلایەتی، دەروونی، و زیندەوەری. ئەم ڕەوتە خۆی جودا دەكاتەوە لە (geriatri) كە دەكۆڵێتەوە لەمەڕ نەخۆشییەكانی دەمی پیربوون لەتەمەنی مرۆڤدا. [ ئینگـ ـ: gerontology : پیرزانی].

پیڕی هەزار ساڵە/pîřî hezae saľe: نتـ، شڕ:[ پیر+ ی+ هەزار+ ساڵ+ ئە] زۆرپیر، پیری فەرتووت.

{

چاو ڕەشێكم دی لەو ماڵە

دە كووژێ پیری هەزارساڵە

}{ كانی مرادان}.

پیری وەجاغان/pîrî wecaan: نتـ:[ پیر+ ی+ وەجاغان( وەجاغ+ ئان)]

1 – خۆی زەلامێكی تایبەت بووە، چارەی دیوانە و شێتی كردووە.

2 – كەسێكە بەنزا و نیایش نەوە بە وەجاغ كوێران دەدا.

{

چارەی نیە دێوانەی رووی تۆیە وەفایی

سەد سال ئەگەر بیبەنە بەر پیرووەجاغان

}{ وەفایی}.

پیریی/pîrî: نچ:

1 – بوونی شت بەپیری.

2 – پیرایی.

.

.

__________

پیر²/pîr: ف:[ پهـ: پەتییرەک] پێشواز، پێرگین، بۆلا، بەرەو.

 تێبینی
 ئەم وشەیە بەتەنها دەكارناكرێت و دەگەڵ ئەم چاوگانەی خوارەوە دێت

بەپیرەوەچوون/be pîreweçûn: كتن:

1 – بۆلای كەسێک چوون بۆ بەخێرهاتن كردن، پێشوازیی كردن، بەرەوپیرچوون، بەپیرەوەڕۆیین، بەپیرەوەڕۆیشتن: بەرەوپیرڕۆیین.

{

بەپیرئەو ماهەوە چووم و بەسەرچووم 

پەری بوو، ئەونەبوو، شەوبوو، بەسەرچووم

}{ مەحوی}.

2 – پێشوازیی كردن لە هەر كار و مەسەلەیەک.

:: خەڵكێكی زۆر بەپیر پێشانگای نەقاشی لاوەكانی شارەوە چوون.

بەپیرەوەڕۆیشتن/be pîrewe řoyiştin: كتن: بەپیرەوەچوون.

بەپیرەوەڕۆیین/be pîrewe řoyîn: كتن: بەپیرەوەچوون.

{

بەپیری مەرگەوە فەرسەخ بە فەرسەخ ڕۆیون مەردان

ئەوی باكی لەمردن بێ دیارە بڵح و نامەردە

}{ مەحوی}.

بەپیرەوەهاتن/be pîrewehatin: كتن: پێشووازیی لێكرانی كەسێك لەلایەن كەسانێكی دیكەوە. بەرەوپیرهاتن.

پیرایی/pîrayî: ن:[د] بەپیرەوەچوون، پێشوازی

:: بەپیرمەوە هات.

.

.

.

.