ڕەنگکوێری/rengkwêrî: ن:[ نخ][ ڕەنگ+ کوێری] بریتییە لەو کەسەی کە توانای ئەوەی نییە کە ڕەنگەکان لەیەکتر جیابکاتەوە، زۆربەی کات کەسەکە ڕەنگی سەوز و سوور لێکجیاناکاتەوە و هەندێک جار لەگەڵ رەنگی شین کێشەی بۆ دروست دەبێت. هۆکاری ئەم نەخۆشییە لەڕووی توێژکارییەوە بەم جۆرە یە. لە پێکهاتەی چاودا  دوو جۆر خانە هەیە لە تۆڕەی چاودا بەرپرسن لە وەرگرتنی ڕووناکی و ناردنی هەواڵ بۆ مێشک ئەوانیش خانەی چیلکەیی و خانەی قووچەکین. جۆری خانەی چیلکەیی تەنها ڕەنگی ڕەش و سپی دەبینێت و لەڕووناکی کەمدا کاردەکات و هەستیاری زۆرە. خانە قووچەکیەکان بەرپرسن لەبینین و جیاکردنەوەی ڕەنگەکان کە دەکەونە نزیک ناوەڕاستی تۆڕەی چاو. سێ جۆر خانەی قووچەکی هەیە کە ڕەنگی سەوز، سوور و شین دەبینن و مێشک بەکاریاندەهێنێت بۆ جیاکردنەوەی ڕەنگەکان.  ڕەنگکوێری کاتێک ڕوودەدات کە کەسەکە جۆرێک لەو خانانەی یان زیاتری نەبێت یان هەرسێ جۆری هەبێت، بەڵام یەکێکیان بە باشی ئیش نەکات. تووندترین جۆری ڕەنگکوێری ئەو جۆرەیە کەوا هیچ جۆرێک لەو خانانەی نەبێت و سادەترینیان ئەو جۆرەیە کەوا یەک جۆر لە خانەکانی کەمێک لە خانەی ئاسایی هەستیاری کەمترە. لەو نێوانەش دا زۆر ئاستی دیکە هەن. هەندێک کەس لە ڕووناکی زۆر هەموو ڕەنگەکان جیادەکەنەوە بەڵام لە ڕووناکی کەم ناتوانن ئەوە بکەن. هەندێک کەس لە ڕووناکی زۆریش دا شتەکان تەنها بە ڕەش و سپی دەبینن، بەلام ئەم جۆرەیان زۆر بڵاو نیە. ڕەنگکوێری تووشی هەردوو چاو دەبێت و بە درێژایی ژیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. بە نزیکەیی 8 % پیاوان و کەمتر لە1 % ئافرەتان ئەم نەخۆشییەیان هەیە.  هەر گۆڕانکاریەک بەسەر بینینی ڕەنگەکان دابێت لەوانەیە هۆکارەکەی نەخۆشی دیکە بێت و پێویستە لەلایەن پزیشکی چاو ببینرێت.[ ئینگـ : colorblind ]

:: ڕەنگ کوێری چارەسەری نیە.
هەندێک جۆری چاویلکە دیزاین کراون کە یارمەتی کەسە تووشبووەکە دەدات بۆ جیاکردنەوەی ڕەنگەکان.

 تێبینی 
 ڕەنگەکانی تر لە ئەنجامی تێکەلکردنی سێ ڕەنگە سەرەکیەکە دروست دەبن، بۆیە بێگومان ڕەنگ کوێری کاریگەری لەسەر ڕەنگەکانی تریش دەبێت.

.

.

.

.

{ محمد خضر عارف}