باڵا/baľa: ن، ئان:[ پهـ: بالاد][ باڵ+ ئا]

1 – بەرزی شت، درێژی شت، بڵندایی.

:: ئەنجومەنی باڵای گشتی .

2 – سەر، بەرەوژوور، درێژ.

:: دەستێکی باڵای لە کیمیادا هەیە.

باڵابستە/baľabiste: ئانتـ:[ باڵا+ بستە( بست+ ئە)] کورتەباڵا، کوڵەبنە.

باڵابەرز/baľaberz: ئانتـ:[ باڵا+ بەرز]

1 – هەرشتێک زۆر بەرز بێت.

2 – گەلەگەت، شاگە، شیکە: بە ئافرەتێک دەگوترێت کە جوان و قەد باریک و ڕێک و پێک بێت.

باڵابەرزە/baľaberze: نتـ:[ توێ][ باڵا+ بەرز +ئە] ئال، زەرنەقوتە، تبلی ناوی، پەنجە( قامک)ی هەرەدرێژی ناوەڕاستی دەست. پەنجەی سێ هەمی دەست، قامکێ قونێ، قامکە قوچە.

باڵابەژن/baľabejin: ئانتـ:[ باڵا+ بەژن] ئاوێنەی باڵاڕووان.

باڵابۆست/baľbost: ئان:[ باڵا+ بۆست( بست)] باوەعومرە، بستەباڵا، چڵەنۆک، بەتەمەنی باڵانەکردوو. کورتەباڵا.

باڵاپۆش/baľapoş: ئانتـ:[ باڵا+ پۆش( پۆشین)]

1 – عەبا : جلکی سەرتاپایی وەک کەپەنک.

باڵاتر/baľatir: ئان:[ باڵا+ تر] پلەی دووەمی بەراوردکردنە لە نێوانی دوو شت دا.

:: شێرکۆ باڵاترە لە شێرزاد.

باڵاترین/baľatirîn: ئان: پلەی سێ یەمە بۆ بەراوردکردن لە نێوان سێ یان وفرەتر.

باڵاخوێن بەر/baľaxwěnber: نتـ:[ توێ] باسکە خوێنبەر.

باڵادەست/baľadest: ئانت: کەسێک کە بە دەستەڵاتتر بێت لە ئەوانی دیکە.

:: ئەم باڵادەستی ئەوە. یاخوا هەر باڵا دەست بی.

باڵادەستە/baľadeste: ئانتـ:[ باڵا+ دەستە]

1 – نەدرێژنەکوردت، نێونجی.

2 – باری منداڵێک خەریک بێت هە ڵبدات، باڵای دەستی کرد بێت بەدرێژبوون.

باڵاڕووان/baľařuwan: ئانتـ:[ باڵا+ ڕووان]

1 – باڵانوێن : ئاوێنەی گەورەیە کە باڵای مرۆڤی تێدا بەتەواوی دیار دەبێت.

2 – پەنجەرە یەکە لە نزیک بنمیچەوە دەکرێت بۆ ڕووناکی و باکێش. ڕۆچنەی میچ.

باڵافڕ/baľafiř: نتـ:[ باڵا+ فڕ(فڕین)] فرۆکە، باڵەفڕ، پڤۆک.

{ تێبـ: ئەم ووشە یە لە جەنگی جیهانی دووەمدا، کە داریۆی( بێروت) دەنگ وباسی بەزمانی کوردی بڵاودەکردەوە، داتاشراوە}.

باڵافڕگەهـ/baľafiřgeh: نتـ:[ كباك][ باڵا+ فڕ( فڕین)+ گەهـ] فرۆکەخانە، فڕگە.

باڵافرشکێن/baľafiřşikěn: نفا:[ كباك][ باڵا+ فڕ( فڕین)+ شکێن( شکاندن)] چەکی فرۆکە شکێن.

باڵافرڤان/baľafirvan: نتـ:[كباك] فرۆکەوان، پیلۆت.

باڵاکردن/baľakirdin: کتپ:[ باڵا+ کردن] درێژبوونی قەدوباڵا، گەشەکردن، گەورەبوون.

:: گەزگەز باڵا دەکەم : واتا لە خۆشیانا گەشەدەکەم.

باڵاکورت/baľakurt: ئانتـ:[كباك][ کباش، فە][ باڵا+ کورت] کورتە باڵا، کوڵەبنە.

باڵاکوڵ/baľakuľ: ئانتـ:[كباك][ گ، هـ][ باڵا+ کوڵ] کورتەباڵا، کوڵەبنە.

باڵاگەردان/baľagerdan: بەڵاگێر، لەسەرگەڕان : کەسێک کە خۆی بگیررێت بە دەوری یەکێکدا.

باڵاگرتن/baľagirtin: کتن:[ باڵا+ گرتن] وەک باڵاکردنە، بەڵام ئەم چاوەڕوان نەکراوە.

باڵان/baľan: ن:[ باڵا+ ئان] هێزی ئاسمانی.

باڵانشین/baľanişîn: کتن: کەسێک جێگای لە لای سەرەوەی دوێخان بێت ، وەک پیاوی گەورە، پیاوماقوول.

{

ئەمێشتەش شێخ عەلی باڵانشینی ئەوجی ئیرشادە 

ئەویش وەک باوک و باپیری لە زومرەی ئەولیا مەعدود

}{ شێخ رەزا}.

باڵانوان/baľanwan: ئانتـ: ئاوێنەی باڵانوان، ئاوێنەی باڵانوێن، ئاو ێنەی باڵاڕووان : کە مرۆڤ سەرتاپا خۆی تێدا دەبینێت.

باڵانوێن/baľanwěn: ئانتـ: باڵانوان، باڵاڕووان.

.

بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی باڵاو کاروباری زانستی/beřêweberayetî: نتـ:[ بەڕێوەبەرایەتی+ خوێندنی+ باڵا+ و+ کاروباریزانستی]

.

.

.

.