پەنجە/pence: ن:[ توێ][ پەهلەوی: panĵāk] ئەموست، ئەنگوست، تل، قامک، کلک، کلگ : بەشی ژوورەوەی دەست لەو جێیەوە كە قامكەكانی لێجیادەبێتەوە.

{

پەنجە لە حەنا بەستوون ئایا، گوڵم ئەمڕۆ ؟

دەستی لەدڵی كوشتەی خۆی خستووە ئاخۆ ؟

}{وەفایی}.

  پەنجەكانی دەستی ڕاستت بەم شێوەیەن                 
 بۆ بینینی وێنەکان کلیک لەسەر ووشە بەستەر کراوەکان بە کەن 

1 – 1  پەنجەگەورە/pence gewre: نتـ:[ توێ][ پەنجە+ گەورە] ئەسپێ كوژە _ سپێکوژە، بەرانک، پەنجەكەڵە، تلیاگردی، قامكامەزن، كەڵەموست ، کلکەکەڵە، کلگکەڵە( کباش).[ ئینگـ: Thumb]

2 – 1 پەنجەی دۆشاومژە/pencey doşawmije: نتـ::[ توێ][ پەنجە+ دۆشاو+ مژە( مژین)] ئالخواج، دووشاولسە.[ ئینگـ: Index finger

3 – 1 باڵابەرزە/baľaberze: نتـ:[ توێ][ باڵا+ بەرز+ ئە] ئال، بەرزەلوتە، تبلی ناوی، زەرنەقوتە، قامكە قوچە، قامكێ قونێ، کلگ درێژ، کلگ دریژ، کلگ ناوەڕاست، کلگ نۆمن، هەڵمەتە قوتە : پەنجە( قامک)ی هەرەدرێژی ناوەڕاستی دەست یان پەنجەی سێهەمی دەست.[ ئینگـ: Middle finger

4 – 1 پەنجەی کلکەوانە/pencey kilkewane: نتـ:[ توێ][ پەنجە+ ی+ کلکەوانە] برای تووتە. [ ئینگـ: Ring finger

5 -1 پەنجەتووتە/pencetûte: نتـ:نتـ:[ توێ][ پەنجە+ تووتە] بابلیچک، قلیچلک، پەنجەچكۆڵە، کلگتوتە، توتەڵە.[ ئینگـ: Little finger

2 – چڕنوكی گیانەوەر، چنگی گیاندار، چنجك، تلی، تبل، پل_ پیلک.

3 – جۆرێک نەخشی تەون لەبەڕە.

پەنجە باز/pence baz: ئانفا:[ پەنجە+ باز] دەست ڕاوەشێن.

پەنجە بازیی/pence bazî: نچ:[ پەنجەباز+ ئیی] دەمەتەقێ بەدەستوپەنجە، گفتوگۆ، شەرەقسە.  

پەنجە بۆدرێژكردن/pence bo drêjkirdin: كتپ:[ پەنجە+ بۆ+ درێژ+ كردن] هیماكردن، دەستنیشان كردن.

پەنجە پێداكردن/pence pêdakirdin: كتپ:[ پەنجە+ پێدا( پێ+دا)+ كردن] قامک پێداكردن.

پەنجە خستنەسەر/pence xistineser: كتن:[ پەنجە+ خستن+ ئە+ سەر] دەستنیشانكردن، دیاریكردنی مەبەست وكێشەیەک، قامک لەسەردانان.

:: پەنجەی خستەسەردانەدانی هەڵەكانم و ووریای كردمەوە !.

پەنجە گۆشت/pence goşit: نتـ:[ کباک][پەنجە+ گۆشت] نەرم.

پەنجە گوشین/pence guşîn: كتن:[ پەنجە+ گوشین]

1 – دەست گوشین لە خۆشەویستیدا یان بۆ ئا گاداركرنەوە.

2 – ئازاردان.

پەنجە لە سەردانان/pence le serdanan: كتن، شڕ:[ كنـ][ پەنجە+ لەسەر+ دانان] چاوتێبڕین، حەزلێكردن.

پەنجە لێدان/pence lêdan: كتن:[ پەنجە+ لێ+ دان] پەنجەلێخشاندن.

پەنجە لە پەنجەی یەكدان/pence le pencey yekdan: كتپ: دەست لێدانەوە دەگەڵ یەكتر، دەست دە نێودەستنان.

{

دەگەڵ ئەحمەدخان پەنجەیان لەپەنجەی یەكتریدا، ڵاس بەخێرهاتنی شەهلیاری كرد

}{ لاس و خەزال}.

پەنجۆڵە/pencoľe: نتـ:[ پەنجە+ ئۆڵە] چووکكراوەی پەنجەیە، پەنجەی بچووک.

{

ئەو كەسەی پەنجۆڵە بكوشێ جاروبار

ئەو كەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار

}{ هێمن}.

پەنجەی بێجومگە/pencey bêcumge: ئانتـ:[ مجـ] پەنجەی ناسک وجوان.

پەنجەی پێ/pencey pê: نتـ:[ پەنجە+ ی+ پێ] قامكەكانی پێ.

پەنجەی خۆكرۆشتن/pencey xokiroştin: نتـ، شڕ:[ كنـ][ پەنجە+ ی+ خۆ+ كرۆشتن] زۆرڕقهەڵستان و هیچ پێنەكران.

پەنجەی خۆگەستن/pencey xogestin: نتـ. شڕ:[ كنـ][ پەنجە+ ی+ خۆ+ گەستن] پەشیمان بوونەوە لە ئەنجامی دانی كارێک.

پەنجەی نەرم/pencey pê: نتـ:[ پەنجە+ ی+ نەرم] دەستوپەنجەیەكی لێهاتوو و چوست لەكاری هونەرییدا.

جووتەپەنجە/cûte pence: نتـ:[ توێ] تەنیا دوو پەنجە لە دەستیدا لە پێیەکدا.[ ئینگـ: didactylism]{ پەزیشکی، ل، 114}

لەسەرپەنجە ڕۆیشتن/leserpence řoîştin: كتن، شڕ: شێوە یەك ڕۆیشتن كە تەنیا پەنجەكانی پێ لەسەر زەوی داندرێت.

لەسەرپەنجە ونینۆكی خۆبوون/leserpence û nînokî xobûn: كتن، شڕ:[ پەنجە] لەسەر پێی خۆ وەستان.

 واتای پەنجە لە واتای جیاجیا دا                                                                                                                                                                         

پەنجەكێشی/pencekêşî: نتـ:[ پەنجە+ كێشی( كێشان+ ئی)] جۆرە كوڵێرەیەكی درێژكۆلەیە، كە كە جێگای پەنجەی دەستی پێوە مابێت لەكاتی دەركردنی لەتەندووردا.

پەنجەک/pencek: ن:[ ] پێنج خشتەكی، پێنج لک.

پەنجە بۆكس/pence boks: نتـ:[ پەنجە+ بۆكس] چەكێكی ساردە، لە كانزا ساز دەكرێت، چواركونی هەیە كە دە قامكەكانی دەستی دەكەن و دەست دەقووزێنن و دەیكەنە مست، سەرەكانی هەندێك دەرپەڕیوە و كەسی مرۆڤ بریندار دەكات.

پەنجە چۆلەكە/pence çoleke: نتـ:[ ڕوو] پێ چۆلەكە : گیایەكە ڵاسق قاوەییە، بەزەوییدا پان دەبێتەوە.

پەنجە دزیاگ/pence dizyag: نتـ: جێژنێكی كۆنی ئێرانیانە.

پەنجە دڵ/pence diľ: نتـ:[ ڕوو] گوڵ ئارام. گیایەكە تا 80 سم بڵند دەبێت گوڵی زەرد دەگرێت.[ Bot : Chelidonium Majus].

پەنجەشێر/penceşêr: نتـ:[ ڕوو] ناوی گوڵێكە [ Bot : Alchemilla.].

پەنجە قازە/penceqaze: نتـ:[ ڕوو] ناوی گیایەكە زۆربەرز دەبێتەوە، قالۆری سپی هەیە و لە قەراغ چۆم و ئاوان دەڕوێت.

پەنجە قازی/penceqazî: نتـ:[ كشت] گاسنێكە زۆری تیغە هەیە، لە تراكتۆری دەبەستن و جووتی پێدەكەن.

پەنجە گیا/pence giya: نتـ:[ ڕوو] تاقەگوڵ.[ Bot : Paeonia Officinalis Lactiflora].

پەنجەوانە/pencewane: نتـ:[ پەنجە+ وانە]

1 – مێنەكە، كلكەوانە، هەنگویسک، گوسترک، ئەمووستیلە، ئەنگووستیلە.

2 – ژێگر، بەركێكە دەكرێتە پەنجەوە بۆپاراستنی لەئیشدا.

پەنجەی بووک/pencey bûk: نتـ:[ ڕوو] ڕووەكێكی كێوی وكشتوكاڵییە، بەرەكەی وەكو بەری پاقلەوایە، دەنكەكەی وەک قاوە وایە، شیرینە بۆمەبەستی پزیشكی بەكاردەهێندێت.

پەنجەی بێچارە/pencey bêçare: نتـ:[ فل] هەسارەیەكە. ؟

پەنجەی تار/pencey tar: نتـ:[ فل] پێنجەی تار، پێنج رۆژەی تار. ناوی پێنج رۆژی دومای ساڵ: پێشتر هەرمانگ سی رۆژ بووە، ساڵ دەیكردە 360 رۆژ. لە بەر دروست هاتنەوەی ساڵ، پێنج رۆژیان پێوە دەنا ، كە ناوی پێنج رۆژەی تار دەناسرا.

{

وەی من دیارەن پەنجەی تارمەن

سەروەخت ها من نەووەهارمەن

}{ مەولەوی}.

پەنجەی خانم/pencey xanim: نتـ:[ ڕوو] گوڵەهەنگوین: دەوەنێكی پزیشكی و ڕڕزاندنەویە، گوڵەكەی بۆن خۆشە، ئاوگێكی شیرینی هەیە، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی سینگ باشە.[Bot :Digitalis]

پەنجەی رۆژ/pencey řoj: نتـ:[ كنـ]

1 – تیشكی هەتاو، گزینگ.

2 – ڕوو، ڕووخسار.

{

كە دەستی برد و هێنابە دولبەری بەتادا

عەیان بوو پەنجەی رۆژ بە خەتتی ئیستیوا دا

}{ وەفایی}.

پەنجەی قەزا/pencey qeza: نتـ:[ كنـ] پەنجەی قەزاوقەدەر.

پەنجەی قەزا و قەدەر/pencey qeza û qeder: نتـ:[ كنـ] دەستی ئەجەل. پەنجەی قەزا.

{

یان وە دەستی خۆم دەخەم فەتح و نووسرەت و تەڕەقییە

یان موقەدەری هەق دەستی ئیڵاهیم دێتە سەرێ،

پەنجەی قنزا و قەدەر عیڵاجی نیە

}{ لاس وخەزال}.

پەنجەی مریەم/pencey miryem: نتـ:[ ڕوو] نانەشێخانە، چنگە_ چنگی، بخورمریەم _ بغوردی مریەم: گیایەكی گوڵ جوانە، گوڵەكانی بەڕەنگی ئەرخەوانی، سووری تۆخ و سپین كە سەریان بەرەو زەوی ڵار دەكەنەوە، بەری ئەم گوڵە سەلكدارە، خڕە وبچووكە. ماددەیەكی زەمقی لێدەردەهێندرێت بۆ مەبەستی پزیشكی بەكاردەهێندرێت، ئەگەر بەووشكی بستووتێندرێت بۆنێكی خۆشی لێدێت. ئەم گوڵە نزیكەی 23 جۆری جیاوازی هەیە. [ Bot : cyclamen]{ تێبـ: ئەم سێ جۆرە گوڵەی لە كوردستان دەڕوێت:  Cyclamen coum، Cyclamen parviflorum، Cyclamen elegans }.

.

.

.

.