باب ¹ /bab: ن:[ پەهلەوی : پاپ، پاپەک _ پاپەکان، پاپەها] باڤ _ باڤۆ( کباک)، باووک_ باوک( کناو) _ باووگ، باوە( کباش)، بابی، باکل، باوچ تاتە، پیەر( هـ).
1 – پیاوی خاوەن منداڵ.
:: لە ئێستریان پرسی بابت كێیە؟
گوتی: خالم ئەسپە.( پەند).
2 – [ مجـ] پێکهێنەر و بەرهەمێنەر.
{
بابی پۆڵایە دایکی سەنگی خار
عەولادیان دەبێ وەک دەنکی هەنار
فەقیر و هەژار پێیدەکەن ڕەفتار
}{ مەتەڵ}.
بابا/baba: ن:
1 – [ خێز][ باب+ ئا] کەسێکی بێ ناو: بابایەکی وەکی منی قەلەندەر.
2 – باپیر، ناوی باووک بەرێزەوە هێنان.
3 – ناوی باووک هێنان بۆ ڕێز لێگرتنی.
:: بابا گیان.
4 – [ ئاین] مەزنێ ئێلێ، باب، باووک.
بابان/baban: نتـ:[ باب+ ئان]
1 – ئەم ووشەیە ئەگەرچی لەبارەی زمانەوانیەوە کۆی(باب)ـە، بەڵام بەدەگمەن بەم واتایە دەکاردەکرێت.
2 – بە ماڵەبابی ئافرەت و زاوا دەگووترێت
:: بابانی ئەفراسیاب هەموو پیاوی چاک بوون.
:: بابانت شێوێ : تووك و نزایە تەنها لە ناو ژنان باوە، لەكاتی ئاساییدا تەنها پەندە، بەلإم لە شەر و دەمەقالیدا جنێوە.
بابانە/babane: ئاکتـ:[ باب+ ئانە] باووکانە، لەشێوەی باووک.
بابان خراپ/babanxrap: نتـ:[ بابان+ خراپ] بابان شێوان، بابان وێران.
بابانوێران/babanwěran: نتـ:[ بابان+ وێران] جنێوێکی سەر زاری ژنانە کە زۆر لە دڵان گران نایە، بەمانای ماڵە بابوێران بوونە.
3 – چووکەلەی نێر.
بابە/babe: نتـ:[ باب+ ئە]
1 – لەكاتی بانگ هێشتندا، منداڵانی باوكێك بۆ گازکردن بەكاریدێنن. باووكە، باوە، بابۆ؛ ئان ب زاراڤێ شەبەکی دبێژنە باپیری.
2 – گەورەش بۆ رووی قسە دەكەسێ كردن بەكاری دێنێت.
:: بابەگیان ئەوقسانەی تۆ ئاسمان ورێسما نش نین.
3 – جاروباریش خۆی دەبێتە ئامرازی بانگهێشتن.
:: بابە خەلەكینە.
:: بابەعالەمینا.
4 – نازناوێكە دەكەوێتە پێش ناوی شێخ و دەروێش و چاك وپیران.
:: بابەقەتار.
:: بابەگورگور.
:: تەكیەی بابەخەلیفە،لەگەرەكی سێ ئاشان بوو .
بابەبزرگ/babe: نتـ:[ ئاین][ بابە+ بزرگ]
بابەپیارە/babepyaře: نتـ:[ هـ][بابە+ پیارە] باوەپیاڕە.
بابەڕۆ/babeřo: نتـ:[ بابە+ڕۆ] باوكەڕۆ : لەکاتی مردن و نەکورتە بەسەرهاتنێکدا دەگووترێت.
بابەڕۆ کردن/babeřokirdin: کتپ:[ بابەڕۆ+ کردن] باوكەڕۆکردن : ڕۆڕۆکردن بۆ باووک، شین گێڕان بۆ پرسەی باووک و خۆشەویستێک.
بابەژەنی/babejenî: نتـ:[ هـ][ بابە+ ژەنی] باوەژن، زڕداک، زردایک .
بابەعە(و)مرە/babeäem(w)re: ئان:[ بابە+ع : عەمرە/ عومرە(عمر)]
1- چلۆنەک، گونەگیس، کورتەبنە، بستەباڵا، بنەمۆم، گندڵ، سیخن، گرگن.
2- بە مرۆڤێک دەگوترێت کە بە دیمەن منداڵکار بێت، کەچی بەتەمەن زۆر بێت. ئەم شێوەیەش هۆی فیزیۆلۆجی یە _ کۆستە.
3- بەیەکێک دەگوترێت بەتەمەن منداڵ بێت، بەڵام بە قسە گوستاخ و زۆرزان بێت.
بابەگەورە/babegewre: نتـ:[ بابە+ گەورە] باپیرەگەورە : بۆ بانگکردن و ڕووتێكردن قسەدەگەل باووك و باپیر بەكاردەهێندرێت.
:: بابەگەورە گیان منیش دەگەل خۆت بەرە.
بابەڵباب/babaeľbab: ئانتـ:[ باب+ ئەڵ+ باب] باوان، پشتاوپشت، بەرەدوای بەرە.
بابەلێ/babelê: شڕ:[ بابە+ لێ] باووکە چکۆلە: بۆ خۆشەویستی دەڵێن، باوەڵێ، باوکەڵێ.
بابچاک/babçak: نتـ:[ ئاین][ باب+ چاك] پیاوچاك و خوداپەرستی ئایینی یەزیدییان.
بابک/babik: نتـ:[ باب+ ک]
1 – بچووککردنەوەی باووک کە بە واتای دەستپاک و ئەستەوار دێت.
2- ڕەچەلەک.
بابکوژراو /babkujraw: نفا:[ باب+ کوژراو( کوشتن)] بابكوشتە : کەسێک باووکی کوژرابێت.
{ بابکوژراو دەست هەڵدەگرێ، پڵاوخۆردەست هەڵناگرێ }{پەند}.
بابکوشتە/babkuŝte: نتـ:[ باب+ کوشتە( کوشتن)] بابکوژراو.
بابمردوو /bab mirdû: نتـ:[ باب+ مردوو( مردن)]
1- منداڵی بێ باووک، باووک مردگ، سێوی، هەتیو، هەتیم( یتیم).
2- بەدبەخت، چاڕەڕەش.
بابنۆكەر/babnoker: نتـ:[ باب+ نۆکەر] نۆكەری گەورە، خولامی شەرکەر، چەكداری ئاغاوخان یان کەسێک لە چینی نۆکەران بێت.
بابۆ/babo: ئان:[ باب+ ئۆ] ووشەی رێزلێنان و گازکردنە بۆ باب.
بابوباپیر/bab û bapir: نتـ:[ باب+و+ باپیر] ئەژداد، باوان، بابوكال.
بابوبرا/bab û bira: نتـ:[ باب+ و+ برا] کەس وکار.
بابوكال/bab û kal: نتـ:[ باب+ و+ کال] باب و باپیر.
1- شیاو، رەوا.
:: ئەم كارە بابی تۆ نیە.
2 – باو، داب.
:: ڕیش تاشین قەدیم باونەبوو.
بابێ/babê: نتـ:[ کباک][باب+ ئێ] بابۆ، بابە، باڤە، باووکە.
بابێتی/babêtî: نچ:[ کناو][ باب+ ئێتی] باوکێتی.
:: بابم چ بابێتێکی لەحەق مندا نەکردووە.
بابێنی/babênî: نچ:[ ل][ باب+ ئێن+ ئی ] ئەو کەلەپوور و میراتەی کە لە باووکەوە بۆ منداڵەکانی دەمێنێتەوە.
بابای عەییار/babay äeyar: نتـ:[ کو : بابا (باب+ ئای)+ع : عەییار] کەسێتیەک لە نێوکەسایەتێکانی ئەفسانەی ناو کوردەواری دا ڕەنگی داوەتەوە بابای زۆرزان.
بابیلان/babîlan: شڕا:[ باب+ یل( ئیل)+ ئان] ووشەی خۆشەویستییە بۆ دواندنی لە خۆ بچووکتر.
بێباب/bêbab: ئانتـ:[ بێ+ باب( باڤ، باووک)]
1 – سێوی، هەتیو : کەسێک کە باووکی مردبێت.
2 – زۆڵ، بیژۆک.
.
.
____________________
باب ² /bab: ن:[ع : باب]
1 – دەر، دەرگا، دەرگە، دەرکە، دەروازە.
2 – بەشێک لە پەرتووک( کتێب : کتاب).
باب عالی/babäalî: نتـ:[عو][ ع : باب : دەرگا+ ع : عالی (بڵند)] كۆشكی شاهانەی دەولەتی عوسمانی لە ئەستانە.
بابی رەزا/babî reza: نتـ:[ ع : باب : دەرگا+ کو : ی+ ع : رەزا] خانەی ڕازی بوون، ئەوشتەی دەبێتە هۆی ڕازی بوون و دان پێدا هێنان.
بابی گوشایش/babî guŝayŝ: نتـ:[ع : باب+ كو :ی+ فا : گوشایش] دەرگای فراوان، خانەی فراوانی، ژیانی پڕ لە ئاسوودە و خۆشی، گەشایی.
.
.
_____________________
باب ³ /Bab: ن:[ کوردستان][ جێۆ] شارۆچکەیەکە سەر بەشاری عەفرین لە ڕۆژاڤای کوردستان.
.
.
.
.