كەروێشک ¹ /kerwêşik: ن:[ گیان][ كەر+ وێ( گوێ)+ شک] خەرگۆشە، خەرگووش، خەروێ، قوڵەشین، كەركوهـ( هـ)، كەرێشک، کەرگۆک، كەرگۆهـ( باد)، كەرگوک، كەروشک، كەروێ، كەروێشک، کەرویە، کەڤرۆشک، كەگرۆشک، كەورێشک، کەوریشک، كۆرشک، کورشک، کوێریشک، كێرگو، كێرووشک، كێريشک، كێڤريشک، کێڤریک ، كيفرۆشک، كيڤروشک، كيڤروويشک، هەروشە، هەرووشا، هەروێ، هەرۆشو، هەورێشە( هـ)، هەورێشی : ئاژەڵێكی گیاخۆرە و گۆشتخۆرنییە، یەكێكە لەئاژەڵە بچووكە شیردەرەكان، لەخێزانی كەروێشكییەكانە (Leporidae Family)، كەروێشک چوار پەلی هەیە، هەردوو پەلی دواوە( قاچ) گەورە و بەهێزترن لە هەردوو پەلی پێشەوە( دەست)، وەک ئاژەڵەكانی تر لە سەر چوارپەل ڕێناكات، بەڵكو هێزی ڕۆشتنی دەخاتە سەر دوو پەلی دواوە، هەردوو پەلی پێشەوەی یارمەتی دەردەبن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەكاتی ڕۆیشتن و ڕاكردندا، بۆیە لەكاتی ڕاكردن دا دەتوانێت بازی زۆرگەورە بدات و بەخێرایی( 30) كم لەكاتژمێرێكدا بڕوات و خۆی لە دوژمنەكانی قوتاربكات. دووگوێی درێژی هەیە، كە نیشانەی بەهێزی هەستەوەری بیستنە، واتە تا گوێچكەی گەورەتربێت هەستی بیستنی زیاترە، ددانەكانی پێشەوەی گەورە و بەهێزو زۆر تیژن بۆ قرتاندنی گیا و سەوزی و میوە و ئەو خۆراكانەی كە دەیان خوات، هەندێک جار بەئاژەڵی قرتێنەر ئەژمار دەكرێت، بەڵام كەروێشک چوار ددانی بڕەری هەیە لە كاكیلەی سەرەوە كە دووانی پێشەوە زۆر گەورەن و دوانی دواوە بچوكترن لێوی سەرەوەی هەڵقڵێشا و دەردەكەوێت، لەكاتێكدا ئاژەڵە قرتێنەرەكان تەنیا دوو ددانی قرتێنەریان هەیە(مشک، جرج، ….هتد)، هەروەها هەستی بۆنكردنیشی زۆر بەهێزە، بەڵام هەستی بینینی لاوازە، بەشێوەیەكی گشتی كەروێشک گیا و سەوزی و میوە، گەنم، جۆ، نانەڕەق، شەوەر و وێنجە، گێزەر هەندێ جۆری تری گیا دەخوات. كەروێشک لە هەڵبەزین و دابەزین بە شاخدا سستە، بەڵام لە دەشتایدا زۆر خێراو چالاكە، كاتێک دەخەوێت چاوی كراوەیە، پلەی گەرمی لەشی(37 – 39.4 )ـە ، تێكڕا(38.3) پلەی سەدییە. كەروێشک دووجۆر( پاشەڕۆ) دەكات، یەكەم پشقل و دووەمیش پیسییەكی شلە و لەلایەن خۆیەوە دەخورێتەوە، ئەم پاشەڕۆیە بەیانیان زوو یان ئێواران دەیكات و بەزمان دەی لێسێتەوە كاتێک لە كۆمی دێتە دەرەوە واتە نا كەوێتە سەر ئەرز، بەسەرچاوەیەكی گرنگی ڤیتامین دادەنرێت بۆ خودی خۆی، كەروێشک لەكاتی ئەزیەت دان بۆ خۆپاراستن چڕنوک و قەپ دەگرێت و دەزریكێنێت. كەروێشک دوو جۆری ھەیە( كەروێشكی كێوی، كەروێشكی ماڵی) دیارە كەروێشک بە ھاوشێوەی ئاژەڵەكانی تری وەک سەگ و جوچک و …ھتد ماڵی نابێت. نزیکەی 6 – 10 ساڵێک دەژێت. 

{

کەروێشک

قتوو قتوو قتووڵم

خرپنوو خڕ و خوڵەم

تووكم نەرم و نیانە

قیمەتیە بزانە

كەلكم وەكوو پێم وایە

چاوم وێنەی چرایە

لە چركە ئاگادارم

نە سووچڕ و نە مارم

خواردنم گیاو گوێزەرە

میوەی داری لە بەرە

لە سەر دوو پێم ئەوەستم

هەڵ دەوڕم دوو دەستم

دوو دانی سپێ پێشم

ناودارە گەر بۆت بێژم

ئەگر منداڵێ ژیری

هۆشیار و هەم بە بیری

ناوم بێژە بزانم

ئەی دۆستی میهرەبانم

}{  فه‌ره‌يدوون ميرئه‌حمه‌دي }

:: كەوێشک لە گوێیەكانی ئارەقە دەكات.

:: كەروێشک بە عەرەبانە دەگرن.

كەروێشكە كێوی/kerwêşike kêwî: نتـ:[ گیان] كەروێشكی كێوی پێگەیشتوو نزیكەی (20 – 50) سم درێژە، كێشی زیاترە لە(1 – 2.5)كگم، كەروێشكی مێنگە كێشی قورسترە تا نێرەكەی، هەندێک جۆری كەروێشک هەیە كێشی دەگاتە(7 – 12) كگم، كەروێشک نزیكەی( 9 ) ساڵ یان زیاتر دەژێت، بەشێوەیەكی گشتی كەروێشكی كێوی لە كون و ژێر زەوی دا ئەژی ئەو كونانە خۆیان دروستی دەكەن، بە زۆری بڵاون لەدەشت و دەروشاخەكاندا، دارستانەكان، بیابانەكان، هێلانە وكونەكانیان هەر لەوێ دروستدەكەن، كونەكان بۆ چەندین كەناڵ و كەلەبەر دابەشدەبن و چەندین دەرچەیان هەیە تاكو لەكاتی ترس و هەڕەشە بتوانن خۆیان ڕزگار بكەن لەهێرشی مار وهەڵۆكان. هەروەها لەلایەن ڕاوچیەكانیشەوە بەتفەنگ و تانجی ڕاو دەكرێت.[ لا: Oryctolagus cuniculus]

كەروێشكی ماڵی/kerwêşikî maľî: نتـ:[ گیان] بەئاسایی لەناو كولانە و جێگای تایبەتی خۆیان دەژین. كەروێشک بەشێوەی كۆمەڵ دەژین ( گەلە كەروێشک)، تەنیا جیاوازی لەنێوان كەروێشكی كێوی و ماڵی ئەوەیە کە بێچووی كەروێشكی كێوی كە لەدایك دەبن تووكیان هەیە و وە ئەبینن، كەچی كەروێشكی ماڵی بەپێچەوانەوە هەم بێ تووكن و هەم نابینان.[ لا: Oryctolagus cuniculus]

ئاووسبوونی كەروێشک/awusbûnî kerwêşik: نتـ:[ گیان] ماوەی ئاووسی لەكەروێشكدا(28 – 34) ڕۆژە، بێچوەكان بچكۆلە و بێ توكن و نابینان، چاویان نابینێt، نزیكەی (50 – 55) گرام دەبن، لە ماوەی ( 6 – 7) ڕۆژ توک دەرئەكەن و لە دوای(10 ) ڕۆژ دەبینن، واتە گەشەیان خێرایە، دایكەكەیان بەشیر بەخێویان دەكات و دەیان پارێزێت تاماوەی(35 – 40) ڕۆژ بەبێ هیچ ئەركێک لەسەر خاوەنەكەی، لەمانگی دووەمدا دەتوانن لە هێلانەكەیان بچنەدەرە وە خۆیان هەوڵی خواردن و خواردنەوە بدەن، هەروەها لەمانگی سێهەمدا دەتوانین كوتانی ڤاكسینیان بۆ بكرێ تا لە نەخۆشی بیان پارێزی، پاش(2 – 3 )مانگ گەورەدەبن و نێرەكان دەتوانن پێ بگەن لەڕووی ڕەگەزییەوە.

زاوزێی كەروێشک/zawzêy kerwêşik: نتـ:[ گیان] كەروێشک یەكێكە لەو گیانەوەرانەی كە فرەزێ یە، واتە بەیەک سک چەندین بەچكەی دەبێت و لەساڵێكدا چەندین جار زاوزێ دەكات، هەندێ جۆری كەروێشک لە( 9 – 12) مانگ پێدەگەن و لەگەڵ مێنگەكان جووت ببن و وەرزی زاوزێیان دەست پێبكات، یەك كەروێشكی نێرە بەشی(5 – 10) كەروێشكی مێنگەدەكات بۆ پەڕین و زاوزێ، لەماوەی(7 – 10) ڕۆژ پەڕین و كاتی جووت بوون بەردەوام دەبێت، ئەگەر نێرەی نەبوو دوو ڕۆژ زەوقی نامێنێت و هەم دیسان دەست پێدەكاتەوە. كەروێشكی وا هەیە( 8) جار دەزێت لە ساڵێكدا، بەلانی كەم(35 – 40) بەچكەدەكات هەندێک جۆریش هەیە(48 – 54) بەچكە دەكات، بۆیە دەتوانین بڵێین مێنگەی كەروێشک(20 – 25) ئەوەندەی كێشی خۆی گۆشت بەرهەم دەهێنێت لە ساڵێكدا. ئەم جۆرە ئاژەڵە 40 شەو جارێ بێچووی دەبێت كە كەمتر نین لە 10 بێچوو. دەتوانێت شیر بدات و ئاوسیش بێ لەهەمان كاتدا، توانای زاوزێ كردن لەكەروێشكدا زۆرزۆرە، بەمەش لە ئاژەڵە شیردەرەكانی تری جیادەكرێتەوە، لەدوای(6 – 10) كاتژمێر بێچودان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی، هەرجارەی لانی كەم(3 – 12) بەچكەی دەبێت، كەروێشكی واش هەیە 20 بەچكەی دەبێت، بەڵام كەروێشكی كیوی(1 – 4) بەچكەدەكات، ئەگەر وشكەساڵی و بێ بارانی بێت، بەڵام ئەگەر ساڵەكەی خۆش بێت زیاتر بەچكە دەكات.

بەچكە كەروێشک/beçike kerwêşik: نتـ:[ گیان] كەروێشكی جحێل : خرنک.[ ئینگـ: Kit ، Kitten]{ گیوی، ل، 744}.

خواردنی كەروێشک/xiwardinî kerwêşik: نتـ:[ گیان] كەروێشكی كێوی جۆرەها گیا دەخوات، سەوزە و میوە، بەڵام كەروێشكی ماڵی یان ئەوانەی لە كێڵگە و شوێنی تایبەت بەخێو دەكرێن بەمەبەستی قەڵەوكردن و گۆشت پێویستیان بەخواردنی زیاترە لە جۆر و بڕدا وەك( گیا، یۆنجە، گێزەر، ترۆزی، خەیار، زرك، گەنم، جۆ، نانەڕەق و چەندین جۆری تری دانەوێڵە) بۆیە ئاڵفی تایبەت ئامادە كراوە بۆ بەخێوكردنیان كە ڕێژەی پرۆتین دەبێت(%16) بێت، هەروەها ڕێژەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، نموونە لەكاتی قەڵەوكردنی كەروێشك دەبێت ڕێژەی پرۆتین(%18) بێت، بۆ كەروێشكی ئاوس(%16 – %18) بێت، بۆ كەروێشكی نێرە(%18) پرۆتینە، بۆ مێنگەی ئاسایی(%14). ئینجا ڕێژەی چەوری لە ئاڵفەكەدا بۆ هەموو بارەكان دەبێ(%2 – %3.5) بێت، هەروەها بۆ هەموو بارەكان ڕێژەی ڕیشاڵ (%10 – %14)بێت. ڕۆژانە دووجار خواردن دادەكرێت بۆ كەروێشك بەیانیان خواردنی جۆری هاڕاوەی دانەوێڵە و نانەڕەق، بە نیوەڕوان دەكرێت گیای سەوز و یۆنجە و توێكڵی پەتاتە و گێزەرو ..هتد ، دەبێت بەڕێژەی(50) گرام خواردن بۆ یەک كیلۆ كێشی كەروێشک ڕۆژانە دابین بكرێت، شوێنی ئاوخواردن دەبێت خۆدكار بێت، تاكو ئاوەكە پیس نەبێت.

فەرووی كەروێشک/ferûy kerwêşik: نتـ:[ گیان]

گۆشتی كەروێشک/goşkerwêşik: نتـ: گۆشتی كەروێشل سووری كاڵ مەیلە و سپی و ناسک و پڕ ماددەی خۆراكییە( بەگۆشتی سوور ئەژمار ناكرێت)، ڕێژەی پرۆتینی(%20- %21)ـە، ڕێژەی چەوری(%8.5)، و كاربۆهیدرات(%5) و خۆڵەمێش(%5.1) و چەوری كۆلیسترۆڵی زۆرنزمە، بۆیە كەسانی گەورە و بەتەمەن دەتوانن بێترس بیخۆن، ڕێژەی خوێی كانزایی تەواوی تێدایە، ڕیشاڵی كەم و ناسكە و بە ئاسانی هەرس دەكرێت، لەدوای كوڵاندن ڕەنگی گۆشتەكەی سپی دەبێت وەک گۆشتی مریشک، باشترە ئەو كەروێشكانە بەكاربێن بۆ سەربڕین و خواردن كە تەمەنیان لە(6 – 9) مانگ بێت، یان لەساڵێک زیاتر تێنەپەڕێت.

لانەی كەروێشک/kaney kerwêşik: نتـ:[ گیان]

مێیەی كەروێشک/mêyey kerwêşik: نتـ:[ گیان][ كەروێشك+ ی+ مێ] كەروێشكی مێ.[ ئینگـ : doe rabbit]

نێرەی كەروێشک/nêrey kerwêşik: نتـ:[ گیان] [ ئینگـ : Buck]

كەروێشكەخەو/kerwêşike xew: نتـ:[ كەروێشک+ ئە+ خەو] جۆرە نوستنێكە، كە چاوی هێشتا بەتەواوی نەقووچابێت.

كەروێشک بەخێوكردن/kerwêşik bexêwkirdin: ن:[ گیان] بەخێوكردن و ڕاگرتنی كەروێشک پێویستی بە گرنگیدان وچاودێری زۆر وورد هەیە چونكە زۆرهەستیارە بۆ نەخۆشی و گۆڕانكارییە ژینگەییەكان ، كەروێشک زۆر وریا و هەستیار و خێرایە لەجوڵە و ڕاكردن دا، بەرەبەیان و ئێواران زۆر چالاكە.

وێنجەكەروێشک‌/wêncekerwêşik: نتـ:[ ڕوو][ وێنجە+ كەروێشک] ئەسپسم ئەسپست، وێنجەكێویلە، هەسپست، هەسپک، یۆنجە تاڵێ.

                                         هەندێک لە جۆرەكانی كەروێشک                                          

زیاتر لە( 40) جۆری كەروێشک لەجیهاندا هەیە وەک كەروێشكی گۆشت، كەروێشكی جوانی، بەپێی توانا ناوی ئەمانەیان دەنوسین :

كەروێشكی ئاڵتان/kerwêşikî aľtan: نتـ:[ گیان] كێشی 3 كگم ە، هەمەڕەنگە، قاوەیی، ڕەش، بۆر، ژێرسكی خاكیە، لە ساڵێكدا 35 بەچكەدەكات.[ ئینگـ : Altan Rabbit]

كەروێشكی ئەرجێنت/kerwêşikî ercênt: نتـ:[ گیان] كەروێشكێكی بچووكە ڕەنگی سپی و خۆڵەمێشی، كرێمی، سووری هەیە( 3 – 4) كگم ە، چوار جۆری هەیە ( رجینت كامپیجن( ڕەنگی شەمپانیا)، ارجینت كریمی، ارجینت كەوە( خۆلەمێشی) ، ارجێنت براون  واتە قاوەی كاڵ  یان خورمایی. [ ئینگـ : Argente Rabbit]

كەروێشكی ئەڵمانی/kerwêşikî aľmanî: نتـ:[ گیان] كەروێشكی هێرمان، لە كەروێشكی فلاندەر دەچێ و زۆر گەورەیە، 48 بەچكە دەكات لەساڵێک دا، لە تەمەنی 6 مانگی دا پێدەگات، كێشی( 7 – 8)ـە هەمەڕەنگە، سەری خڕ و گوێی درێژە، بۆمەبەستی گۆشت بەخێو دەكرێت.[ ئینگـ: Germany Rabbit]

كەروێشكی ئەمریكی/kerwêşikî emrîkî: نتـ:[ گیان] كەروێشكی كالیفۆڕنیا : لە ساڵی 1917 بەدواوە لە خوارووی كالیفۆرنیا دۆزراوەتەوە، ڕەنگی كەوە(خۆلەمێشی)و سپیە هەروەها گوێ و لوت و قاچ ڕەشی هەیە دەركەوتووە كە پڕ بەرهەمە، لەماوەی هەشت مانگ تەمەندا كێشی نێرەكەیان دەگاتە( 6 – 7) كیلۆ، مێنگە(7 – 8) كگم گۆشتی سافی.[ ئینگـ: American Rabbit ]

كەروێشكی ئەمریكی لێڵ و گوێشۆڕ/kerwêşikî emrîkî ľêľ û giwêşor: نتـ:[ گیان] ئەم جۆرە چەند ین ڕەنگی هەیە( سپی، سپی بەڵەك، شین، خاكی، بۆر، خورمایی. نۆزدەڕەنگی هەیە) ناوبانگی باشی پەیداكردووە لەناو خەڵكدا زۆر بەخێودەكرێت بەهۆی كەم جوڵە و سستییەوە و جوانی ڕەنگەكانی، نێرە لە ماوەی شەش مانگی تەمەندا كێشی دەگاتە(2.5) كگم، مێنگە(3) كگم، تەنیا بۆ مەبەستی فەروەكەی بەخێو دەكرێت، بەڵام مووەكەی لە هی كەروێشكی ئەنگۆرا كورتترە.[ ئینگـ: American Fuzzy Lop Rabbit]

كەروێشكی ئەنگۆرا/kerwêşikî engora: نتـ:[ گیان] ئەسڵ توركییە، قەبارەی بچووك و مامناوەندە(3 – 4 )كگم، ڕەنگی سپیە، زۆر جوانە، توكەكەی زۆر نەرم و شلە، لەبەرجوانی لە پێشبڕكێكاندا بەكاردەهێنرێت، چەندین جۆری هەیە( ئینگلیزی و فەرەنسی، ئەمریكی، ئەڵمانی، چینی) ساڵانە چوار جار توكەكەی لێدەكرێتەوە، واتە تەنها كەروێشكە كە برینگە دەكرێ بۆ فەروەكەی.[ ئینگـ : Angora Rabbit]

كەروێشكی ئینگلیزی خاڵدار/kerwêşikî înglîzî xaľidar: نتـ:[ گیان] بابیۆن: كێشی مامناوەندە(3 – 5 )كگم ـە، نزیكەی حەوت ڕەنگی هەیە( ڕەش، سپی، بەلەک، قاوەیی، خورمایی، خۆلەمێشی بۆ)، لەگەڵ بوونی خاڵ لەگەڵ هەموو ڕەنگەكان لە دەوری چاو و لوت و گوێچكەی ڕەنگی ڕەش، خاكی، شینی هەیە، لەگەڵ خەتێک بەهەمان ڕەنگ لەسەرپشتی، ئەم جۆرە كەروێشكە لێكنادرێ لەگەڵ جۆرەكانی تردا، لە ساڵێكدا 54 بەچكەدەكات.[ ئینگـ: English Spot]

كەروێشكی ئینگلیزی گەورە/kerwêşikî înglîzî gewire: نتـ:[ گیان] كێشی(6 – 7) كگم، بەمەبسەتی گۆشت و فەروە بەخێودەكرێ، لەكەروێشكی فلاندەر كەمێ بچوكترە. لەئەسڵدا لە بەلجیكاوە هاتوە بۆ ئێرە و پەروەردە كراوە، ڕەنگی خۆلەمێشیەكی زیویە.[ ئینگـ: British Gaint Rabbit]

كەروێشكی بۆكسات/kerwêşikî bokisat: نتـ:[ گیان] ڕەنگی سپی و چاوی سوورە، لەئەسڵ دا فەرەنسیە، سەری گەورە و گوێی دریژە، (5.6) كگم دەبێت.

كەروێشكی بێڤێرین/kerwêšikî bêvêrîn: نتـ:[ گیان] كێشی (4 – 5) كگم ە، و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناژی، ڕەنگی سپی، كەوە، ڕەشە، بۆ مەبەستی گۆشت و فەروەكەی بەخێودەكرێت، ئەسڵی لەناوچەی(بیڤیرن)ی بەلجیكایە.[ ئینگـ: Beveren Rabbit]

كەروێشكی بەریتانی بچووک/kerwêşikî berîtanî biçûk: نتـ:[ گیان] لەئەسڵدا پۆڵەندییە و گرانترین و بە بەهاترین كەروێشكە، چەندین ڕەنگی هەیە(ڕەش، خۆڵەمێشی، خاكی، بۆر)، چاویان سوورو قاوەییە.[ ئینگـ: Britannia Petite Rabbit]

كەروێشكی بەلجیكی كێوی/kerwêşikî belcîkî kêwî: نتـ:[ گیان] (6 )كگم دەبێت، ڕەنگی زەردی ئاڵتونییە، ژێر سكی و دەوری چاو گوێ سپییە، بەرگەی ئاووهەوای گەرم دەگرێت، لەساڵێك دا 48 بەچكە دەكات، لەشی درێژە و پشتی دەچەمێتەوە، لەئەسڵدا كێوی بووە و دواتر ماڵی كراوە و چەندین ڕەنگی تری لێ پەیدابووە.[ ئینگـ: Belgian Hare Rabbit]

كەروێشكی پۆلاری/kerwêşikî polarî: نتـ:[ گیان] کەروێشکە کێوی پۆلاری فەرووەکەی ڕەنگی سپییە، دەتوانێت لە کاتژمێرێكدا 60 كم ببڕێت.[ لا: Lepus arcticus][ ئینگـ: The Arctic hare ، polar rabbit]

كەروێشكی پۆڵەندی/kerwêşikî polendî: نتـ:[ گیان] لە ڕەچەڵەکدا ئینگلیزیە نەک پۆڵەندی، كەروێشكێكی بچكۆلەیە( قەزەم)ە نزیكەی(1 – 1.5)كگم دەبێت، ڕەنگەكانی جیاواز و سەرنج ڕاكێشن، سپییەكەی زۆرپاک و جوانە هەندێ ڕەنگی مەیلەوزەرد و ڕەشی هەیە، چاوی سوور و شینە، بەتایبەت جۆرە ئەمریكیەكەی، گوێچكەی بچووكە.[ ئینگـ : Polish Rabbit]

كەروێشكی چنچیلا/kerwêşikî çinçinla: نتـ:[ گیان] كەروێشكێكی زیرەكە و حەزدەكات لەگەڵ خاوەنەكەی بێت، قەبارەی گەورەیە، سێ جۆری هەیە(چنچیلای ئەمریكی، چنچیلای ئاسایی، چنچیلای گەورە) كێشی(5 – 8) كگم دەبێت و ڕەنگەكانیشی جوانن خۆلەمێشی و مەیلەوشینە، چنچیلای گەورە لەئەنجامی لێكدانی چنچیلای ئاسایی و كەروێشكی فلامیش گەورە(Gaint Flemish ) لێكدراوە نەوەیەكی نوێی زۆرگەورەی لێ بەرهەم هاتووە بەناوی چنچیلای گەورە كە بۆ مەبەستی گۆشتە.[ ئینگـ: Chinchilla Rabbit]

كەروێشكی ڕۆک/kerwêşikî rok: نتـ:[ گیان] واتە كەروێشكی بەردەلڵان، كێشی 4 كگم ە، چەندین جۆری هەیە، ڕەنگەكانیشی جوانە، فەروەی ئەم كەروێشكە گرانترینە لەجیهاندا، گوێ كورتە، لەشوێنە شاخاویەكانی ئاسیا، ڕۆژئاوای ئەمریكا، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی.[ ئینگـ: Roky Rabbit , Rock hyrax]

كەروێشكی سیمنوار/kerwêşik: نتـ:[ گیان] ڕەنگی ڕەشی بریقەدارە ،4 كگم دەبێت، لەساڵێک دا 55 بەچكەدەكات، ڕاهاتووە بەكەش و هەوای میسر.

كەروێشكی فلێمش گەورە/kerwêşik: نتـ:[ گیان] فلاندەر: ڕەنگی خۆڵەمێشییە، ژێرسكی سپیە، چاوی هەنگوینییە هەروەها ڕەنگی سپی و قاوەیی و مەیلە و بۆری هەیە، سەری پانە و گوێی درێژە، بە 8 مانگی پێدەگات( جنسی) و لەیەكساڵی دا كێشی تەواوئەدات كە(8 – 12) كگم ە، ڕەچەڵەک لەناوچەی فلاندەری باكوری بەلجیكایە، یەكێكە لە كەروێشكە گەورەكان كە بۆ مەبەستی گۆشت و فەروو بەخیودەكرێت.[ ئینگـ: Flemish Gaint Rabbit , Flander]

كەروێشكی گوێ شۆڕی ئینگلیزی/kerwêşikî giwê sûrî îngilizî: نتـ:[ گیان] گوێی شۆڕبۆتەوە، كێشی نزیكەی 5 كگم دەبێت، بۆ كاری زاوزێ و وەچەخستنەوە بەكاردەبرێت بەلێكدانی لەجۆرەكانی تری كەروێشک، لەساڵێکدا نزیكەی 48 بەچكەدەكات، ئەسڵی ئینگلیزیە، یەكەم كەروێشكی گوێ شۆڕبووەوەیە كە مرۆڤ بەخێوی كردووە و هەمە ڕەنگە.[ ئینگـ: English Lop Rabbit]

كەروێشكی نیوزلەندی/kerwêşikî newzlendî: نتـ:[ گیان] سەرەڕای ناوەكەی لە ئەسڵدا ئەمریكیە و لە كالیفۆرنیاوە هاتووە لە نیوزلەندا بەخێودەكرێت، كێشی( 4.5 – 6.5) كگم ە، سەری لاكێشەیی و گوێ كورتە، ڕەنگی سپی و چاوسوورە، قاوەیی و خورمایی (سوور) و ڕە شی هەیە، بۆ مەبەستی گۆشت و تاقیگە بەكاردەهێنرێت.[ ئینگـ : New Zealand Rabbit]

كەروێشكی نیوكالیفۆرنیا/kerwêşikî New Halîforniya: نتـ:[ گیان] لە ئەنجامی لێكدانی كەروێشكی نیوزلەندی و كالیفۆرنیای ئەسڵ( ئەمریكی) پەیدابووە بە مەبەستی كێشی زیاتر، هەمان رەنگی كەروێشكی كالیفۆرنیای هەیە, بەڵام لوت و گوێ و كلك و قاجەكانی ڕەشە، توانای زاوزێی زۆرە لەساڵێك دا 48 بەچكە ئەكات.[ ئینگـ :  New California ، Black-tailed jackrabbit]

كەروێشكی هارلی كوین هوتچ/kerwêşikî Harlî kuîn Hutiç: نتـ:[ گیان] ئەسڵ فەرەنسییە و كێشی(2 – 4) كگم ،بەخێو دەكرێت وەك كەروێشكی جوانی، گوێ قوت و ڕەنگی فەروەكەی هەمەڕەنگە، ڕەش و خاكی، سپی و قاوەیی، ڕەش و سپی، ڕەنگەكان وەك ئەڵقە بەدەوری لەشیدا لوولی خواردووە. [ ئینگـ : Harlequin Hutch]

كەروێشكی هاڤانا/kerwêşikî Havana: نتـ:[ گیان] كێشی 3- 4 كگم ە، چەند ڕەنگێكی هەیە(خاكی تۆخ یان چوكلێتی، ڕەش، خۆڵەمێشی، بۆر)[ ئینگـ : Havana Rabbit]

كەروێشكی هۆتۆت/kerwêşikî Hotot: نتـ:[ گیان] جوانترین و قەشنگترین جۆری كەروێشكە، قەبارەی بچووكە، (3 – 4.5) كگم دەورووبەری چاوەكانی ڕەشە وەك كلڕێژ كرابن وایە، چەندین جۆری هەیە، هەمەڕەنگ و گوێ بچووكە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەیەك دەچن، لە ئەسڵدا فەڕەنسییە.[ ئینگـ : Hotot Rabbit]

كەروێشكی هۆڵەندی/kerwêşikî Holendî: نتـ:[ گیان] لەسەرخۆ و ڕەنگی جوانە، لوت و قاچەكانی سپیە، سەرو گوێچكە و لەشی  ڕەش، شین، خاكی، خۆڵە مێشی، خورمایی…هتد، كێشی مام ناوەندە (1.5 – 4.5) [ ئینگـ : Dutch Rabbit]

كەروێشكی هیمالایا/kerwêşikî Hîmalaya: نتـ:[ گیان] قەبارەی بچووكە ( 2 – 2.5)كگم ە، سپیە، خاڵی ڕەش، قاوەیی، سوور، خۆڵەمێشی لە دەوری دەم و گوێچكەی هەیە، بۆ مەبەستی گۆشت و فەرووەكەی بەخێودەكرێ، هەندێك جار لەگەڵ نیوكالیفۆرنیا لەیەك جیا ناكرێنەوە.[ ئینگـ : Himalaya Rabbit]

.

.

_________________

كەروێشک ² /kerwêşik: ن:[ فەل] کۆمەڵە ئەستێرەیەکە.

.

.

_________________

كەروێشک ³ /kerwêşik: ن:[ کات] چوارەمین ساڵی ساڵپێوەی توركستانی یە،

.

.

.

.

.

دكتۆرناجح گوڵپی