ئاو  1/aw: ن:[ کیمیـ ][ ستـ : ئاپه‌][ ئا‌ڤێسـ : Opa :  ئه‌پۆ][ هه‌خ : ئاپی، پهـ: ap، فار: اب][ ئاوێک _ ئاوه‌که‌، ئاوان _ ئاوه‌کان] ئاب _ ئا‌ڤ( كباك)، ئۆو_ئوو( ل).

.

 

نەشوناس

شوناس

تاك

كۆ

تاك

كۆ

شێوەزاری کرمانجی باکوور

ەك

ان

ەكە

ەكان

شێوەزاری کرمانجی ناوەند

ێ ، ێك

ان

ەكە

ەكان

شێوەزاری هەورامی

ێوە

ێ ، ن

ێ

ەكێ

 .

1- پێکهاتووه‌ یان فۆرموله‌یه‌کی شله‌ی بێچێژ و بێبۆن و روونه‌، زۆری له ‌شوێنێکدا کۆبێته‌وه‌ شین ده‌نوێنێت. ئاوێته‌ی کیمیایه‌که‌ی ئۆکسجینێک و دوو هایدرۆجینه‌. فۆرموولوکیمییا یه‌که‌ی H2Oیه‌. له‌ سروشتدا به‌ ئه‌ندازه‌ی سێ له‌ چواری گۆی زه‌وی دا پۆشی وه‌، وه ‌ته‌نـها 2.5 %  ئاوی شیرینه‌. له ‌پله‌ی 100 ی گه‌رمایی ده‌ کوڵێت و ده‌بێت به ‌هه‌ڵم و وه ‌له ‌پله‌ی هیڤۆک ( سفر)دا ده‌مه‌ێت، هه‌روه‌ها به ‌شێوه‌ی(هه‌ڵم) له ‌هه‌وا دا هه‌یه ‌وکه‌ هه‌وای سارد له‌ هه‌ڵم بدات، هه‌ ڵمه ‌که ‌چڕده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ باران،  به‌رف، ته‌رزه‌ دێته‌خواره‌وه‌. ژیانی مرۆ‌ڤ و گیانداری دیکه‌ی سه‌ر زه‌مین به‌ ئاوبه‌نده‌. گه‌ڵێک شتی وه‌کوو( شه‌کر، خوێ) له‌ خۆیدا ده‌توێنێته‌وه‌، ئه‌و ئاوه‌ی به ‌ڕووبار و چۆم و کانیاودا دێت گه‌لێ مادده‌ی تیدا توا و نه‌ته‌وه‌ و تۆز و خۆلێکی که‌ له‌ هه‌وادا هه‌یه‌ تێکه‌ڵیبووه‌، هه‌روه‌ها میکرۆبیشی تێدایه‌، بۆیه‌ له‌وانه ‌یه ‌خواردنه‌وه‌شی مرۆ‌ڤ تووشی گه‌ڵێک نه‌خۆشی بکات، پێویسته‌ به ‌داو و ده‌رمانی تایبه‌تی یا به ‌کوڵاندن پاکژبکرێته‌وه‌‌.[ ئیتالی : aqua ]

2 –  یه‌که‌مین پێشگره‌ له ‌زمانی کوردییدا به ‌واتای ئا‌ڤ بێت. که ‌له ‌گه‌ڵ وشه‌ی تردا یه‌کده‌گرێت و واتایه‌کێ نۆێ ده‌به‌ خشێت

::  ئابات

::  ئابجۆ

::  ئاباد

::  ئابان

::  ئابدار

::  ئابده‌ستخانه‌…..

3– شیره‌ی یان ئاووگی هه‌ندێک میوه‌وسه‌وزه‌وات

::   ئاوی ترێ 

::  ئاوی شووتی تووتن خۆش ده‌کات

::  ئاوی گێزه‌ر بۆتینی چاوباشه

{

به‌گلی سپی و ئاوی ترێ 

دۆشاوی شیرنت چۆن بۆ ده‌کرێت

}{مه‌لا}.

شیله‌ یان شیله‌ی هه‌ندێک میوه‌

:: دۆشاو، تڵته‌، سلپه‌ک، سه‌رپاته‌، شه‌ربه‌ت.

4- فرمێسک، ئه‌سرین، ئه‌شک

::   چاوی پڕبووه‌ له ‌ئاو.

::  پیواز پاکژکردن ئاو له‌چاو دێنێت.

5 – هه‌ر شله‌یه‌ک که ‌له ‌له‌شی مرۆ‌ڤه‌وه‌ یان گیانداره‌وه‌ بێته‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ک

:: میز، تف، فرمێسک، ئاره‌قه‌ ( خوێ) ئاوی زاینده‌گی( تۆماو)، شیری دایک.

:: له‌حه‌یبه‌تان هه‌موو له‌شی وه‌سه‌رئاو که‌وت.

:: هێند گه‌ر مایه‌ مرۆ‌ڤ هه‌موو گیانی ده‌بێت به‌ ئاو.

6- [مجـ] بریسکه‌ و دره‌وشانه‌وه‌ی گه‌وهه‌ر( ئه‌ڵماس، پیرۆزه‌، یاقووت، …)

{

ده‌و گه‌وهه‌ری نیکته‌ی که‌ له‌ نالی ده‌دان خه‌ڵق

ئاوی نییه‌ وه‌ک ئاگری بێ شه‌وقی دزانه‌

}{ نالی}.

7 – تۆوی( توخمی) مه‌ردو وم و ئه‌و گیانه‌وه‌رانه‌ی به ‌چکه‌ی خۆیان به ‌شیری مه‌مکیان به‌خێو ده‌که‌ن.

7 – 1 –  ئاوهاتنه‌وه‌/ orgasme شاوه‌ت له‌( شهوه‌)ی عه‌ره‌بییه‌وه‌هاتووه‌.

8 – جوانی، ته‌ڕو بریی، زێبا شیرینی

::  لێوی به‌ئاوه‌.

9- هه‌ر پارچه‌ ئاوێک که‌ تا ڕاده‌یه‌ک ژه‌رف (قووڵ ) و پان وبه‌رین بێت وه‌ک

:: جۆگه‌، ڕووبار، ئه‌ستێرکه‌، بناوان یان ده‌ریا.

10- یه‌كێكه‌ له‌چوار مادده‌كان( ئاو، خاك، با، ئاگر).

11- پاشگرێكه‌ له‌ زمانی كوردی كه‌ به‌هه‌ندێ ناوه‌وه‌ ده‌نووسێت و وشه‌یه‌كی نۆی دروست ده‌كات

:: سه‌هۆلاو، باراناو، ماستاو، پیازاو .

.

ئاواندن/awandin: کتن:[ كیمیا ][ ئینگ : Hydrolysis] به ‌ئاوشیكردنه‌وه‌، ئاوشیبوونه‌وه‌. پرۆسێسێكی كیمیاییه‌، چۆن مۆلیكیولێك له ‌گه‌ڵ ئاودا كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، قه‌باره‌ی مۆلیكیوله ‌كه‌ دووكه‌رت ده‌بێت و بچووكترده‌بێته‌ وه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌و ماددانه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ئه‌تۆمی C یان تێدایه‌.

ئاوئاسا/aw asa: ئانتـ: ساف و ڕوون وه‌ک ئاو.

ئاوئەمبار/aw embar: ئانتـ:[ ئینگـ: Reservoir].

ئاوبه‌ئاگرداکردن/aw be agir da kirdin: کتپ:[ ئد]

1-  کوژاندنه‌وه‌ی ئاگر به ‌هۆی ئاوه‌وه‌.

2- فیتنه‌ و شه‌ر و شۆز نه‌هێشتن.

ئاوبه‌ئاوه‌دانیدا ده‌ڕوات/awbe awedanî da derwat: شڕ:[ ئد] ئاو به‌ شوێنێکدا ده‌روات که‌ ئاوه‌دانبێت.

ئاتا : تێرئاره‌زووی ئاوخواردنه‌وه‌ ده‌کات، گه‌ده‌ی پڕه‌، تێرو ته‌سه‌له‌ ، گورچووی پڕه‌.  

ئاوبەخۆدا کردن/aw be xo dakiirdin: کتپ:[ ئد]

1- شووشتنی به‌ په‌ڵه‌، بۆ ده‌رکردنی ماندوێتی له‌ش و ڕزگاربوون له‌ گه‌رما و ئاره‌قه‌ و …

2-غوسڵی شه‌رعی به‌جێ هێنان، خۆ پاکژکردنه‌وه‌ له ‌له‌ش پیسی، به‌ده‌و جۆره‌ی شه‌ریعه‌تی ئایینی ئیسلام  دایناوه‌ (دوای سه‌رجێیکردن).

3 – خۆشووشتن( به‌س به‌ئاوی سارد).

ئاوبه‌ردان/aw berdan: کتپ:

1- كردنه‌وه‌ی ئاوی شێره‌ و رژانی ئاو له‌ لووله‌وه‌.

:: ئاوه‌كه‌ به‌رده‌وه‌ با كۆلانه‌كه‌ ئاو ده‌م.

ئاوبه‌ردانه‌وه‌/aw berdanewe: کتپ:  كردنه‌وه‌ی ئاو به‌ بەر‌ده‌وامی بۆ ماوه‌یه‌ك. ئه‌م كاره‌زیاتر بۆ كاری كشتوكاڵی به‌كاردێت.

ئاو به‌ژێرکاداکردن/aw be jêr kada kirdin: کتپ:[ ئد]

1 – به‌نـهێنی کارکردن.

2 – به‌دزیه‌وه‌ ئیشی خۆکردن( ده‌ستی خۆوه‌شاندن).

3- به‌نهێنی پیلان گێڕان.

ئاوبه‌سه‌رکێشان/awbeserkêŝan: کتپ:[ ئد]

1- وونبوونی زه‌وی و زار و هه‌ر شتێکی تر له‌ ژێر ئاودا.

:: به‌ستێنی چۆمی مه‌هاببات به‌هار ئاو سه‌ر ده‌کێشێت.

2- خنکانی کیسێک یان نوقم بوونی شتێک که‌ له‌ناو ئاودا بێت و له‌ پأ ئاوه‌که‌ له‌به‌ر چ ی بێت، تێکی وپێچی و بیبات.

ئاوبه‌شوێنی لێژه‌وه‌ ناوه‌ستێت/aw be ŝwêni lêjewe nawestêt:  شڕ:[ ئد]

1- ئاو هه‌میشه‌ هه‌ر به‌ره‌و خوارده‌ڕوات ( مه‌به‌ست به ‌یه‌کێکی ده‌ست بڵاو ده‌گووترێت یان پاره‌ به‌فیڕۆده‌ر یان ئێجگار خوارده‌ بێت).

2- که‌م ته‌رخه‌می کردن له‌ ….، گوێ نه‌دان به‌ …، خستنه‌ئه‌ولاوه‌.

3 – سستی کردن له‌…، خستنه‌ پشت گوێ( ئیش، کار، فه‌رمان).

ئاوبه‌لووته‌وه‌ ڕانه‌وه‌ستان/aw be lûtewe řanewestan: شڕ:

1- تووشی هه‌ڵامه‌ت هاتن ، په‌سییو(په‌رسیو) گرتن، تووشی په‌تابوون.

2- باپه‌رکردن و ئاوهاتنه‌ خواره‌وه‌ به‌که‌پوودا.

ئاوبۆڕژان/aw bo řijan: کتپ:[ ئد] ڕاهاتن : له‌سه‌ره‌تا وه‌ فێره‌ كاروكرده‌وه‌یه‌ك بوون.

:: ئه‌و كوڕه‌م ڕۆژێ هه‌تا ده‌تمه‌نی نه‌ده‌مێ ناچێته‌وه‌ فێرگه‌ نازانم چی لێبكه‌م تازه‌ ئاو ێكه ‌بۆی ڕژاوه‌.

ئاوبۆگه‌رم کردن/aw bo germ kirdin: کتپ:[ ئد]

1- گه‌رم كردن و ئاماده‌كرنی ئاو بۆ شووشتنی مردوو.

2-[ ئد] له‌مردن نزیكبوون. به‌ مردوو تێگه‌یشتن.

:: جارێك كه‌وتووییم گرت و له‌ مردن گه‌ڕامه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ده‌یانگووت ئاومان بۆ گه‌رم كردووی و كفنمان بۆ بڕیوی { تاریك و ڕوون،  ل،  9}.

ئاوبهێنه‌وده‌ست بشۆ/aw bihêneûdestbiŝo: کتنـ، شڕ:[ ئد]

1- هه‌موو کارته‌واوبووه‌، کار له‌کارترازا وه‌ .

2 – هیچ نه‌مان( له‌ شتێک یان له‌ کارێک).

ئاوپاریز/awparěz: کتن:[ ئەند][ ئاو+ پارێز] کۆگای ئاو.[ ئینگـ : cistern]{ پەیامی ڕەنج، ل، ٤٧}.

ئاوپرژێن/aw pirjěn: کتن:[ ئەند][ ئاو+ پرژێن].[ ئینگـ : wet – pipe]{ پەیامی ڕەنج، ل، 615}.

ئاوتێزان/awtězan: کتن:[ ئاو+ تێ+ زان] ئاوتێگه‌ڕان.

1- زار پڕبوون له‌ ئاو به‌ دیتنی شتی ترش بان باسی خواردنێك كه‌ تامه‌زرۆی بێت.

2- ئاڵوبۆڵبوونی ترێ.

ئاوتێزاندن/awtězandin: کتن:[ ئاو+ تێ+زاندن] ئاڵوبۆڵكردنی ترێ.

ئاوتێگه‌ڕان/awtěgeřan: کتن: [ ئاو + تێ + گه‌ران] ئاوتێزان.

ئاوتێوه‌ردان /awtě werdan: کتن:[ ئاو + تێ + وه‌ر+دان] خولاندنه‌وه‌ی ئاو له‌ شتێكی قووڵدا بۆ شووشتنێكی سه‌ره‌تایی.

::  ئاوێكی ده‌ زارت وه‌رده‌.

ئاوچنین/awçinîn: کتن:[ ئاو+ چنین] ئاوگرتن له‌ میوه‌ و به‌رێك كه‌ ئاودارن.

ئاوخواردنه‌وه‌/awxwardinewe: کتن:[ ئاو+خواردن+ ه‌وه‌]

1- نۆشینی ئاو، نۆشین، ‌ڤه‌خارن.

2- [ئد] كارێكی زۆر ساناوهاسان.

:: ئه‌سپ ئاژۆتن بۆ من وه‌ك ئاوخواردنه‌وه‌ وایه‌.

ئاوخۆشكردن/awxoŝkirdin: کتن:[ ئاو + خۆش+ كردن] شیله‌وتین كردنی ئاو، تێكه‌ڵ كردنی ئاوی سارد وگه‌رم.

ئاودادان/awdadan: کتن، ن:[ ئاو+ دا+دان]

1- هه‌ڵمژینی ئاو، ئاوهه‌ڵچنین.

::  ئاو دایه‌ ژوورێ وچ ووڵاتی نه‌هێشتین.

:: كه‌وشه‌كه‌م چ كه‌ڵكی نه‌ماوه‌ ئاودایه‌ده‌داته‌ نیوه‌كه‌ی.

2-[ نخ] نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ لاقی وولاغی به‌رزه‌ ده‌دات و جومگه ‌یان هه‌ڵده‌مسێ وده‌ڵێی ناوی تێدایه‌.

ئاوداشتن/awdarištin: کتن:[ ئاو+ دان] ئاودان و دێرانی زه‌وی و ده‌غڵ و دان و باغ ون باخچه‌، ئاودێران.

ئاودان/awdan: کتن:[ ئاو+ دان]

1 – ئاوەڕشێن : داشتن، ئاودێری، ئا‌ڤدان. تێراوكردنی گژ و گیا.

2 – تێراوكردنی مالات.

3 – ئاو دانه‌ده‌ست كه‌سێك.

ئاودانه‌وه‌/awdanewe: کتن:[ ئاو+ دان+ ه‌وه‌] ده‌لانه‌وه‌ی ئاو له ‌نێو هه‌رشتێكی ئاودار بۆ ده‌ره‌وی خۆی.

ئاوده‌ئاوڕۆکردن/awde awro kirdin: شڕ:[ ئد] له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ر خراپه‌ کردن، له‌ ئه‌ندازه‌ تێ په‌ڕاندن.

ئاوده‌رهێنان/aw derhěnan: کتپ:[ کیمیـ][ ئینگـ : Dewatering ] کرده‌ی ده‌رهێنانی بڕی گه‌وره‌ی ئاوه‌، له‌ مادده‌یه‌ک بێ ئه‌وه‌ی گه‌رمی بکرێت.

ئاوده‌گوناندا گه‌ڕان/aw de gwnanda geřan: شڕ:[ ئد] هه‌رزه‌کار بوونی کوڕ، شه‌یتان پێ که‌نین، گه‌یشتنه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی که‌ هه‌ستی پیاوه‌تی ده‌بزوێت

::  ئه‌م کوڕه‌ هه‌ قیته‌ قیتێتی ده‌ڵێی ئاو به‌ گونانی دا گه‌ڕاوه‌.

ئاوڕووناکی یه‌! /aw řǔnakî ye !: شڕ:[ ئد] کاتێک ئاو له‌ ده‌ستی یه‌کێک ده‌ڕژێت به‌ شتێک، به‌ ئه‌نجام باش ده‌زاندڕێت و ده‌ربڕینی ده‌م ڕسته‌یه‌ش بۆ دڵنه‌وایی یه‌.

ئاوڕێژ/awřěj: نفا: داته‌ڵینی سروشتی زه‌وی به هۆی ئاوه‌ڕۆی ژێرزه‌ویه‌وه.[ ئینگـ: Sinkhole].

ئاوزایینه‌ده‌م/awzayînedem: شڕ:[ ئاو+ زایین+ ه‌+ ده‌م] ئاو له‌ ده‌م زان.

ئاوشكان/awŝkan: کتن:[ ئاو+ شكان] لادانی ئاوی به‌ردراوه‌ی كشتوكاڵ له‌ ڕێگه‌ی خۆی له‌به‌رهه‌رهۆیه‌ك بێت.

:: ئاوه‌كه‌ له‌ كه‌می داوه‌، وا بزانم له‌ جێیه‌ك شكاوه‌.

ئاوشكاندن/awŝkandin: کتپ:[ ئاو+ شكاندن] لادان و گوازتنه‌وه‌ی ئاوی به‌ردراو بۆ لایه‌نێكی دیكه‌.

به‌ئاوکه‌وتن/be aw kewtin: کتن:[ به‌+ ئاو+ كه‌وتن] ئاوه‌شی بوون، کزبوون و زه‌رد هه‌ڵ گه‌ڕانی داهات له‌به‌ر ئاو زۆری.

ئاوكردن/awkirdin: کتپ:[ ئاو+ كردن]

1- لێدان و پرژاندنی هه‌ندێك ئاو به‌سه‌رنان یا شتی دیكه‌ بۆ نه‌رم بوونه‌وه‌.

::  نانه‌كه‌ ئاو با نه‌رم بنه‌وه‌.

2- ئاو له‌چاوگه‌ڕان و قه‌تیسبوونی له‌به‌ر نه‌خۆشی یان هۆیه‌كی دیكه‌.

3- په‌یدابوونی زنچكاو له‌كران و برین دا.

4- [ ئد] خوردكردنه‌وه‌ و فرۆشتنی كالای له‌ سه‌رده‌ست ماو.

ئاوگه‌/awge: نتـ:[ئاو+گه‌] کۆگای ئا‌ڤ، ئووگه ‌( کهـ).

ئاو له‌ ئاوه‌ڕۆ بران/awleaewe ro biran: شڕ:[ ئد]

1- ئیشک بوون و له‌ جڕایی بوون که‌وتنی ئاو.

2- کوێربوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی قازانج و سوودی کارێک، بڕانی خێرو بێر.

ئاو له‌به‌ر دڵ ڕۆیین/aw leber dil řoyin: شڕ:[ ئد]

1 – دڵ ده‌خێڵه‌ که‌و‌ڤ هاتن و له‌ حاڵی ڕشانه‌وه‌ دابوون.

2-[ ئد] برسێتی زۆر، زۆر برسی بوون.

ئاو له‌به‌ر هه‌ڵنیشتن/aw leber heľnîŝtin: شڕ:[ مکـ] میز ده‌بنه‌ خۆکردنی منداڵ.

:: ئه‌م منداڵه‌ ئاوی له‌به‌رهه‌ڵ نیشتووه‌.

ئاو له‌جێ ماڵی(که‌سێ) نان/aw le cê mal kesê nan: شڕ:[ ئد]

1- وێرانکردنی ماڵی که‌سێک( ته‌ختکردنی جێماڵه‌که‌ی، که‌ بکرێته‌ کێڵگه‌و ئاوی لێ بندرێت تا ئاماده‌بێت بۆ کێڵان).

2– تووشی به‌ڵاکردنی که‌سێک به ‌جوورێ وه‌کو ماڵ وێرانی وه‌هابێت.

ئاوله‌ده‌سک ڕوونگاکوتان/awledeskaûnga kutan: شڕ:[ ئد، مک] تـمـ : ئاوله ‌دینگاکوتان.

ئاوله‌ده‌م زان/aw le den zan: شڕ:[ ئد] تـمـ : ئاو له‌ ده‌م گه‌ڕان.

ئاوله‌ده‌م گه‌ران/aw le dem geran: کتنـ:

1- ئاوکه‌وتنه‌ زار، له‌به‌رخواردنی شتێکی ترش یان چاو پێکه‌وتنی که‌سێک که‌ شتێکی ترش بخوات یان باسکردنیشتی ترش.

2-  ئیشتهاچوونه‌ خواردنێک، حه‌زله‌ شتێک کردن.

ئاوله‌دینگاکوتان/aw le dînga kwtan: شڕ:[ ئد] کردنی کارێک که‌ که‌ڵکی نه‌بێت.

ئاولێ ( له‌کارێ) نه‌خواردنه‌وه‌/awlê(le karê)ne xwardinewe: شڕ:[ ئد] ده‌ست نه‌ گێڕانه‌وه‌ و خۆنه‌پاڕاستن له‌ کردنی کارێک

::  تۆ بڵێی ده‌ست به‌سه‌ر پووله‌ کانه‌وه‌ بگرێت ؟  ئه‌رێ وه‌ڵا ئاوی لێ ناخواته‌وه‌.

ئاو و ئاوچوون/aw - û – aw çûn: شڕ:[ ئد] تووک و نه‌فرینێکه‌ له‌ که‌سێک ده‌کرێت

::  ڕه‌بی ئاو- و- ئاوچێت. تووشی به‌ڵایه‌ک بێت و ڕزگاری له‌دوا نه‌بێت.

{ تێبـ : به‌ ئه‌و واتایه ‌: ئاوێک (چۆمێک، ڕووبارێک) له‌ پێشادا بیگات که‌ خۆی هاته‌ بڕانه‌وه‌ ‌فڕێی داته‌ ئاوێکی دیکه‌وه‌ هه‌تابیبات، هه‌ر به‌ ئه‌وجۆره‌ له‌ ئاوێکی تره‌وه‌ بۆ ئاوێکی تر.

ئاووپیای/aûpyay: نتـ:[هـ ][ توێ ][ ئاو+ و+ پیای] مه‌نی، ئاوی مرۆ‌ڤ، تۆماو، ئا‌ڤک، ئا‌ڤین.

ئاووئاگر/aw ŭ agir: نت:[ ئاو+ و+ ئاگر][ كنـ] به‌لا، مه‌ترسی یه‌كجار زۆر. { ئاو و ئاگر ئامانیان نیه‌}{پپـ}.

خۆ به‌ ئاووئاگر دادان/xo be aw ŭ agir dadan: شڕ:[خۆ+ به‌+ ئاو+ و+ ئاگر+ دا+ دان][ كنـ] ئه‌نجامدانی كارێك و نه‌پرینگانه‌وه‌ له‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك.

ئاووئاوه‌دانی/awûawedanî: نتـ:[ رۆژک، سنــ] تمـ ئاب و ئاوه‌دانی.

ئاووبا/awuba: نتـ:[ ئاو+ و+ با] ئاووهه‌وا، که‌ش.

ئاووتاو/aw ŭ taw: نتـ:[ سنـ][ ئاو+ و+تاو( تاب)] جه‌خت

:: فیسار که‌س له‌ئاب و تابێکه‌وه‌ قسه‌که‌ی ده‌گێڕایه‌وه‌. واته‌ به‌ جه‌خت، به‌ کوڵ و دڵ .

ئاووخاك/aw ŭ xak: نت:[ ئاو+ و+ خاك] ووڵات، نیشتیمان .

{

نه‌سیبم هه‌ر نه‌بوو له‌م ئاو و خاكه‌، بشمرم بێ جێم

به‌ ده‌ردی خۆمه‌وه‌ ده‌تلێمه‌وه‌ بێ ئاو و گڵ چیبكه‌م

}{ ئاواتز ل 20}.

ئاوودان/aw ŭ dan: نت:[ ئاو+ و+ دان] ئاو و دان پێکه‌وه‌.

ئاوودۆ/aw ŭ do:نت: دۆیه‌، که‌بۆ ئه‌وه‌ی سارد ببێ یان ئه‌گه‌ر خه‌ست بئووبێته‌وه‌، ئاوی تێکه‌ڵ ده‌که‌ن. 

ئاووگڵ/aw ŭ giľ: نت:[ کنـ]

1- ئه‌جه‌ل، مه‌رگ، ئاکام.

2- ئه‌و شوێنه‌ی پیاوی لێ ده‌مرێت. ئه‌وشوێنه‌ی لێی ده‌نێژرێت

:: ئاو و گڵ نالـی بردۆته‌ ئه‌ستانه‌( ئه‌سته‌مبول).

:: که‌س نازانێت ئاووگڵی کوێی به‌نسیب ده‌بێت.  

3- له‌ش، ته‌ن، ڕواڵه‌ت، کلۆخ.

4 –  سروشت، نیشتیمان، نیشتگه‌، دیار، زێد.

ئاووگڵ هه‌ڵ گرتن/aw û giľheľgirtin: کتن:[ پپ][ شڕ] ( ئاوگڵ هه‌ڵی گرت)

1- مه‌رگ بۆی هات، ئاکامی هات، واتا نه‌ما، مرد، گیانه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ دا.

2- گیان سپاردن، گیان به‌ده‌سته‌وه‌ دان، دونیابه‌جێ هێشتن، مردن، به‌لاداهاتن، له‌ناوچوون، ته‌فروتوونا بوون.   

ئاووگۆشت/aw ŭ goŝit: نتـ:[ رۆژک] چێشتێکی شله‌ی گۆشته‌، له‌تکه‌ نۆکی تێده‌کرێت ونانی تێده‌گوشرێت. چه‌ند جۆری هه‌یه ‌: شۆربا و گۆشت، گۆشتاو.  

ئاووهه‌وا/aw û hewa: نتـ[ ئاو+ و+ هه‌وا]

1- که‌ش، کا‌ڤار، ۆلکه‌، بینده‌ر : هه‌موو ئه‌و باره‌ سروشتیانه‌ ده‌گرێته‌ وه‌ ( گه‌رما، سه‌رما، باوبژ، گه‌رده‌لوول، به‌رف، باران….) که ‌زانستی هه‌واناسی ده‌یانگرێته‌وه‌ وخۆشی وناخۆشی ووڵاتێک یا شوێنێک پێدیاریده‌کات.

:: ئاوهه‌وای کوردستان به ‌ئاوهه‌وای ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرێت.

{

یاخۆ په‌ڵه‌ به‌فرێكی که‌ ئه‌سڵا نه‌شکابێ 

قه‌ندیلی مونیری گوزه‌ری ئاووهه‌وابێ

}{ نالی}.

 2- جێگا، وار- هه‌وار.

ئاووهه‌وای وشک/aw û heway ŭŝk: نتـ:[ جێۆ] ئه‌و ئاووهه‌وایه‌ی كه‌ رێژه‌ی باران بارین به‌شی ڕووه‌ك‌‌كان ناكات، راده‌ی باران بارین له‌ ١٠ ئینج كه‌متره‌.     

ئاوهه‌ڵمژته‌/awy heľmijte: نفا:[ ئاو+ هه‌ڵمژ( هه‌ڵمژین)+ ته‌] شتێک که‌وتبێته‌ ئاوه‌وه‌ و ئاوی هه‌ڵمژش بێت.

ئاویه‌و/awyew: نتـ:[ هـ] ئابجۆ، ئاوجۆ، بیره‌.

بوون به‌ ئاو/bûn be aw: کتنـ:[ ئد] به‌خۆدا شکانه‌وه‌، خه‌جاله‌ت بوونه‌وه‌، ته‌ریق بوونه‌وه‌

:: وه‌ختێ درۆکانی کرد و سووربووه‌وه‌و هه‌ربوو به‌ئاو.

::  قسه‌ی وه‌های ده‌کرد مرۆ‌ڤی ده‌کردبه‌ئاو.

به‌ ئاودادان/be aw dadan: کتپ:[ ئد] به‌تڵاندن، زایه‌کردن، فه‌و تاندن، له‌ده‌ست ده‌رکردن.  

به‌حه‌وت ئاوپاکنه‌بوونه‌وه‌/be h’ewt aw pak bûnewe: کتنـ:[ ئد] زۆرپیسبوون، گڵاویی ده‌رنه‌چوون.

له‌ئاودان/le awdan: کتنـ: له‌چه‌م و ڕووباران په‌ڕینه‌وه‌.

:: سیروان لێشت نه‌ده‌م هه‌ر ده‌م به‌ی ؟ .

:: له‌حه‌وت ئاوی داوه‌ ، قولاپه‌ی ته‌ڕنه‌بووه‌ : زۆز فێڵبازو زۆینگه‌.

ئاوی/awy: نچ:[ ڕه‌نگ][ ئاو+ی]

1- شین، که‌وه‌، که‌وی.

2-[ زیند] ڕووه‌کی ئاوی یا زینده‌وه‌ری ئاوی : ماسی. ئوویی (کل).

3 – ربه‌، رنیگ، دۆشاو : میوه‌یه‌که‌ به‌گه‌رم کردن خه‌ستکرابێته‌وه‌.

.

ئاویی/awyî: ئانتـ:[ ئاو+ئیی][ ئینگـ : aqueous]

1- هه‌رچی كه‌ پێوه‌ندی به‌ ئاو هه‌بێت.

:: كاژێری ئاوی.

2 – كشتوكاڵێك كه‌ ده‌بێت ئاوبدرێت. به‌راو، ئاویه‌.× دێم.

3- [ زیند] ئه‌و گیاو گیاندارانه‌ی كه‌ له‌ ئاودا ده‌ژێن یا ئه‌وه‌ی كه‌ ژیانیان تا راده‌یه‌ك پێوه‌ندی به‌ ئاوه‌وه‌ هه‌بێت. ئاوژی

:: ماری ئاوی، گیای ئاویی.

4-[ڕه‌نگ] یه‌كێك له‌ سێ ڕه‌نگی سه‌ره‌كی. ( زه‌رد، سوور، ئاوی (شین)  عابی، ئابی، ئاوڕه‌نگ.

.

                         چەند نموونەیەك لە جۆرەکانی ئاوی                                      

.

ئاوی ئه‌مار/awy emar: نتـ: ئه‌ماراو.

ئاوی ئاموون چێ/awy amûn çê: شڕ:[ ئد] تووکو نه‌فرینه‌ : بۆواو نه‌یه‌ته‌وه‌، چوونی بێهاتنه‌وه‌ بێت.

{  تێبـ :

1 – ئاموون ناوی چه‌مێکه‌ له‌ ئاسیای ناوه‌ند.

2 – چه‌مێکه‌ به ‌که‌ناری شاری (خوارزم)دا ده‌ڕوات و له‌ نێوان تورکستان وخۆرستاندایه‌.

3 – دکتۆرمعین ده‌ڵێت له‌باتی ئاموون (ئامووی، ئاموویه‌، ئا مووده‌ریا) ده‌ڵێت وبه‌ چه‌می (جه‌یـحون)ی دا ده‌نێت که‌ له‌باکووری خۆرستانه‌وه‌ به‌ده‌شتی (ئامووی) ده‌ده‌ڕوات. {زه‌بیحی }.

ئاوی ئەمۆنیا/awy emonya نتـ: .[ ئینگـ : aqua ammoniae]

ئاوی بابه‌قه‌تار/awy babeqetar: نتـ:[ رۆژک : مکـ] ئاوی کانییه‌ که‌ له ‌موکریان خه‌لک لایان وایه‌ خواردنه‌وه‌ی کۆخه‌ وکۆکه‌ ڕه‌‌شه‌ چاک ده‌ کاته‌وه‌و له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ‌ڕووی تێ ده‌که‌ن.  تێبـ: بابه‌ قه‌تار خۆی (چاک )ێکه‌ له‌ دێی خۆراسان 30-20  کم دووره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی (مه‌هابات)ه‌وه‌.

ئاوی بادەم/awy badem: نتـ: .[ ئینگـ : aqua amygdalae]

ئاوی باران/awy baran: نتـ: ئاوبه‌نگ، باراناو : گۆمێکه‌ که‌ باراناوی تێدا کۆببێته‌وه‌.[ ئینگـ : aqua pluvialis]

ئاوی به‌ستوو/awy besitŭ: نتـ: سه‌هۆڵ، به‌فری مه‌ییو.

ئاوی بەفر/awy befir: نتـ: [ ئینگـ : aqua nivialis]

ئاوی به‌قا/awy beqa: نتـ:[ئاو+ی+ به‌قا()] ئاوی ژیان.

{

هات به‌هار ئه‌مما له‌پاش بارانه‌ بۆ چیمه‌ كه‌په‌نك

یا له‌ پاش مردن چ سوودێكی هه‌یه‌ ئاوی به‌قا

}{ئاوات. ل 155}.

{

لێوی تۆ ئاوی به‌قا من خوزم

فه‌یزی تۆ ره‌حمه‌ت ومن سه‌وزه‌گیا

}{ نالـی}.

ئاوی بۆندار/awy bondar: نتـ:[ ئاو+ ی+ بۆندار] بۆناوی. [ ئینگـ : aqua armatica]

ئاوی بێلنگاوخواردنه‌وه‌/awybêliğaw xwardinewe : شڕ:[ ئد] کاران به ‌ئاره‌زووی دڵی خۆ کردن و گوێنه‌دانه‌ هیچ که‌س و هیچ شتێک.

::  وه‌ها دیاره‌ ئاوی بێ لخاوی خواردووه‌ته‌وه‌، وه‌ڵڵا به‌سه‌ریه‌وه‌ ناچێت.

ئاوی بێمه‌رگی/awy bêmergî: نتـ: ئاوی حه‌یات.

ئاوی بیر/awy bîr: نتـ:[ ئاو+ ی+ بیر][ ئینگـ : well water]

ئاوی پاک/awy pak: نتـ. شڕ: ئاوی ره‌وان، ئاوی سازگار. ئاوێک بۆ خوار دنه‌وه‌ بشێت.

ئاوی پاڵاوتە/awy bîr: نتـ:[ ئاو+ ی+ پاڵاوتە( پاڵاوتن)] دڵۆپاو. [ ئینگـ : aqua distillata]

ئاوی په‌نگ خواردوو/awy peng xwardû: نتـ:[ ئاو+ ی+په‌نگ+ خواردوو( خورادن)][ ئینگـ : inter ception water]

ئاوی په‌نیر/awy penîr: نتـ:[ئاو+ی+په‌نیر] چۆڕاوه‌ی تووره‌گه‌ی په‌نیر.

ئاوی پشت/awy piŝit: نتـ:[ توێ] تۆماو، شاوه‌ت، ئاوی نێر.

ئاوی پرژ/awy pirj: نتـ: تا ‌ڤگه‌، سوولا‌ڤ، تا‌ڤگه‌یه‌که‌ له‌سه‌کران زۆر سارد وخۆشه‌.

ئاوی پیرۆز/awy pîroz: نتـ: له‌ ئایینی ئیسلام دا به‌ ئاوی زه‌م زه‌م ده‌گوترێت.

ئاوی پیری/awy pîrî: نتـ: چیای شاقشاق، ئاوی مه‌نزور.

ئاوی تاڵ/awy taľ: نتـ:[ ئاو+ی+ تاڵ] مه‌ی : مه‌به‌ست له‌ شه‌راب و عه‌ره‌قه‌.

ئاوی تاڵ وسوێر/awy taľǔ´swěr: نتـ:[ ئاو+ی+ تاڵ+ و+سوێر][ كنـ] كوێره‌وه‌ری، ڕه‌نجه‌ڕۆ.

ئاوی تاڵ و سوێرخواردنه‌وه‌/awy taľ ǔ swěr xwardinewe: نتـ :[ ئاو+ی+ تاڵ+ و+سوێر][ كنـ] كوێره‌وه‌ری و زه‌حمه‌ت زۆر دیتن. ڕه‌نج و مه‌ینه‌ت چێشتن.

ئاوی ترشەلۆک/awy tiršelok: نتـ:[ کیمیـ][ ئاو+ ی+ ترشەلۆک][ ئینگـ : acidulous water].

ئاوی ترێ/awy tirě: نتـ:[ ئاو+ ی+ ترێ] گووشراوه‌ی ترێ.

ئاوی تۆبه‌/awy tobe: نتـ:[ ئاو+ی+ تۆبه‌] ئاوێكه‌ كه‌ له‌كاتی تۆبه‌كردندا به‌سه‌ر دا ده‌كرێت.

ئاوی تۆبه‌یه‌سه‌رداكردن /awy tobe be serda kirdin: كتپ:[ كنـ] تۆبه‌كردن و پاك بوونه‌وه‌ له‌ گوناه‌.

:: قادر ئاوی تۆبه‌ی به‌سه‌ر قه‌حپه‌یه‌كدا كرد وهێنای.

ئاوی تێکراو/awy těkiraw: نتـ:[ ئاو+ ی + تێکراو(تێکردن)] ئه‌و ئاوه‌یه‌ ده‌خرێته‌ دادده‌ی تره‌وه‌، بۆ شل کردنه‌وه‌ی.

ئاوی چاو/awy çaw: نتـ:

1- ئه‌سرین، فرمێسک، فرمیسک.

{

الحضر مه‌حوی له‌ نه‌وحه‌ی بێ گوناهان الحض

ئاوی چاوی بوو جیهانی دا به‌فر تۆفانی نووح

}{ مه‌حوی. ل. 102}.

ئاوی چاودادان/awy ĉawdadan: كتن:[ ئاو+ی+چاو + دا+دان]

1- روونكردنه‌وه‌ی چاو به‌ چاو له‌ جوانی كردن.

2- چاوترسێن، ترساندن. هه‌ڕه‌‌شه‌لێ کردن.

3- [ ئد] روون کردنه‌وه‌ و زاخاو دانی چاو به‌ته‌ماشاکردنی شتی جوان ( ئافره‌ت، دیمه‌ن). ئاوی چاوساندن.

ئاوی چاوداهاتن/awy çawdahatin:  شڕ:[ ئد] کوێر بوون، که‌مبوونی بینایی : هێنه‌ چاوی به‌په‌رتووکه‌کاندا چڕ داگرتووه‌ وه‌خته‌ ئاوی چاوی دابێت.

ئاوی چاورۆڕژان/awy çawrořijan: كتن:[ ئاو+ی+چاو+ ڕۆ+ أژان] كوێربوون، سۆما و بینایی چاو نه‌مان، بینایی چاو ڕژان.

ئاوی چاوسه‌ندن/awy çawsendiin: کتپ:

1 – [ باشک] ترساندن، تۆقاندن، ترس وه‌به‌رکه‌سێ نان، چاوترسێن کردن، چاودان.

2 – [ رۆژک : سنـ] ئاوی چاوسه‌نن.

ئاوی چنین/awy čnîn: ن: ئاوگرتنی میوه‌و هه‌ندێ شتی تر.

ئاوی حه‌یات/awy ĥeyat: نتـ:

1- له‌ چیرۆکه‌ کاندا گوتراوه‌: ئاوێکه‌ هه‌ر که‌س لێی بخواته‌وه‌ نا مرێت. ده‌چمه‌ سه‌رکێوی ئاتێ، دێنم ئاوی حه‌یاتێ.

{ تێبـ :

1-1 وه‌ها باسده‌کرێت که‌( خدر)ی پێخه‌مبه‌ر له‌ ده‌م ئاوه‌ی خوار دۆته‌وه‌ و بۆیه‌ش له ‌کورده‌واریدا ناوی بۆته‌( خدری زینده‌). هه‌ر وه‌ها ده‌گووترێت ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی یش به ‌دوای ئه‌م ئاودا گه‌ڕاوه‌ – که‌ گوایه‌ له ‌مه‌ڵبه‌ندێکی تاریکی دونیایه‌( ؟) و ناوی تاریستانه‌ هه‌ڵوه‌دا بووه‌. که‌ به ‌ئێکسیر ناوی ده‌رکردووه‌.

 1-2  چیڕۆکه‌کانی ناو ئا‌ڤێستا بۆ وێنه‌ باسی باوکی زه‌رده‌شت ده‌کات که ‌له ‌ئه‌م ئاوه‌یخواردۆته‌وه‌ به‌ ناوی (هۆمه‌) و هەر‌وه‌ها له‌ جامی جه‌م ده‌خوڕێته‌وه‌ وه‌ جه‌مشیدیش به‌ هه‌مان مه‌به‌ست گه‌یشتووه‌.

2- [ ئد] لێوی دڵدار.{ له‌شیعرو ئه‌ده‌بیاتدا}

{

ئاوی حه‌یاته‌ ئاته‌شی ئه‌فسوورده‌یی ده‌مت

ته‌حرێکی تۆیه‌، گڕ، له‌تووۆیش که‌دێته‌ده‌ر

}{سالم}.

3 – [ ئینگـ : aqua vitae].

ئاوی خزر/awy xizir : شڕ:[ ئد] ئاوی ژیان.

{

زوڵمه‌ت مه‌دیده‌ چونكه‌ گه‌یشتی به‌ ئاوی خزر

تۆ نامریت و عاله‌م ئه‌كا یه‌ك به‌یه‌ك وه‌فات

}{ بێخود. ل 98}.

ئاوی خواردنه‌وه‌/ awy xwardinewe: نتـ: ئاوێك كه‌ خاوێن بێت و بشێت بۆ خواردنه‌وه‌.

ئاوی خه‌زایی/awy xezayî : شڕ: ئه‌و سالانه‌یه‌ كه‌ كولـله‌ له‌ كشتوكاڵ ده‌دات.

{

كولـله‌ت كه‌وته‌ ناو شینایی 

بۆی بێنه‌ ئاوی خه‌زایی

}{ هه‌ژار ، بۆكوردستان، ل 80}.

ئاوی ده‌م/awy dem: نتـ: لیک، تف : بریتی یه‌له‌ ئاوێته‌یه‌کی شل ولینجه‌. ئه‌م شله‌یه‌ له‌لایه‌ن أژێنه‌ گلانده‌کانی ژێرگوێ و ژێر زاروهه‌ر دوولووی بن گوێ و هه‌موو ئه‌و لووه‌ ورده‌ کانی تر ده‌رده‌درێت. له‌ماوه‌ی 24  کاتژێمرنیزیکه‌ی یه‌ک لیترلیک له‌لایه‌ن ئه‌و لوولنه‌وه‌ ده‌ردێت: ئه‌و مژاده‌ ئۆرگانیکا نه‌ی که‌ له‌ لیکدا هه‌ن بریتین له‌ فۆسفاتی کالیسیۆم و کاربۆناتی سۆدیۆم و فۆسفاتی مه‌نگه‌نیسیۆم وکلۆریدی پۆتاسیۆم. فرمانه‌کانی سه‌ره‌کی لیکگ مرۆ‌ڤ ئه‌مانه‌ن: پاراستنی ته‌رێتی ناو ده‌م به‌شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی، ئاسان کردنی ئاخاوتن، ئاسان کردنی هه‌رس کردن، ئاسان کردنی قوتدان، له‌ناوبردنی هه‌ندێک به‌کتریا.

ئاوی دڵۆپێندراو/ awy dilopěndraw: نتـ: ئه‌و ئاوه‌ كه‌ دڵۆپێنداره‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ی كیمیایی.

ئاوی دیده‌/awy dîde : نتـ: ئاوی چاو، فرمێسك.

{

مه‌گه‌ر خه‌ر یاری نه‌قشێنم ببێته‌ نه‌قشبه‌ندی دڵ

كه‌ نه‌قشی غه‌یری ره‌نگی ئه‌و به‌ ئاوی دیده‌ شۆرابێ

}{ نالـی}.

ئاوی ڕازیانە/awy razyane: نتـ:[ ئاو+ ی+ ڕازیانە]. [ ئینگـ : aqua anisi]

ئاوی ڕه‌‌ش/awy ř: نتـ:[ نخ ] ئاوی سه‌وز : ماکه‌ی ده‌ردێکه‌ که‌ چاو کوێر ده‌کات یان ڕه‌‌شاوێکه‌ که‌چووه‌ په‌رده‌ی چاوه‌وه‌، کوێری ده‌کات وه‌ئیتر ڕووناک نابێته‌وه‌[ ئینگ:  Glaucoma].

ئاوی ڕه‌‌ش داهاتن /awy řeŝ dahatin: کتپ: په‌یدا بوونی ئاوی ڕه‌‌ش له‌چاو دا، کوێر بوون.

ئاوی ڕوو/awy řŭ: نتـ: ته‌ماشای (ئابڕوو) بکه‌ن.

ئاوی زار/awy řŭek: نتـ:[ ئاوی+ زار] ئاوی ده‌م، ئا‌ڤده‌م، لیک، ڕنگاو( هـ).

ئاوی زاردان/awy řŭek: نتـ: ئاوی چاو دان. بریتی یه‌ له‌ هه‌ره‌شه‌لێکردن، تۆقاندن، ترساندن.

ئاوی زه‌مزه‌م/awy zemzem: نتـ: ئاوێکه‌ حاجیان له‌گه‌ڵ خۆیان له‌ (مه‌ککه‌) ڕا بۆ مته‌فه‌رک له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یهێنن.

ئاوی زێر/ awy řŭek:  نتـ: ئه‌و زێراوه‌یه‌ كه‌ زێری پێ نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاوی ژیان/ awy jyan: نتـ: ئاوی بێ مه‌رگی، ئاوی ژیان، ئاوی حه‌یات.

ئاوی ژین/awy jîn: نتـ: ئاوی بێ مه‌رگی، ئاوی ژیان، ئاوی حه‌یات.  

ئاوی ژێر زه‌وی/awy jěr zewy: نتـ:[جێۆ ] ئه‌و به‌شه‌ ئاوه‌ی ژێر زه‌وییه‌ كه‌ له‌ ناو پشتێنه‌ی تێربووندا هه‌یه‌. [ ئینگـ : Groundwater].

ئاوی ساز/awy saz: نتـ:[ ئینگـ :soft water].

ئاوی سازگار/awy sazgar: نتـ: ئاوی شیرین و ڕوون که ‌بۆ خواردنه‌وه ‌بشێت.

ئاوی سه‌وز/awy sewz: نتـ:[ نخ] ئاوی ڕه‌‌ش، ئاوی سەوز، تەمیی چاو، سەوزئاو، گلاوکۆما. [ ئینگـ : Glaucoma]

ئاوی سپی/awy sipî: نتـ:[نخ] ئاوی مرواری، بریتی گه‌ له‌ ڵێڵ بوونی زه‌ره‌بینی چاوکزبوونی هێزی بینینی به‌ هۆی پیری و هه‌ندێک نه‌خۆشی گه‌وره‌ به‌نه‌شته‌ر گه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.

ئاوی سوێر/awy swěr : نتـ: ئاوی شۆرک.  

ئاوی سیاوه‌/awy s: نتـ:[ هـ] ئاوی ڕه‌‌ش.

ئاوی شله‌تێن /awy ŝiletěn: نتـ:[ هـ] ئاوی شیره‌تێن. ئاوی شیله‌و گه‌رم. [ ئینگـ : aqua tepida]. 

ئاوی شه‌و/awy ŝew: نتـ:

1- ئاوێکه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌وه‌وه‌ له‌ گۆزه‌ کرابێت، تاوه‌کو بۆ به‌یانی سارد بێت.

2- [  ئد] شتێک که‌ هیچ مایه‌ی تێ نه‌چێت

:: ئاوی شه‌وێ پارێزت ده‌کات.

{ تێبـ : له ‌کەله‌پووردا : ئه‌وانه‌ی هه‌ر خۆیان ده‌مڕێنن و هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌رچی نه‌فسیان ئیشتیهای چوویه‌، نه‌یخۆن و نه‌یخۆ نه‌وه‌و نه‌یکه‌ن. جا ئاوی شه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساردو خۆشه‌ نه‌فس ئاره‌زووی ده‌کات}

له‌ئاوی شه‌وێ پارێزكردن/awy ŝewê parêzkirdin: نتـ، شڕ: خۆ له‌ ئاوی شه‌وێ پارستن.

:: گوتیام : ناو كام رێوی تۆبه‌ت كردووه‌ به‌ رۆژووه‌، له‌ ئاوی شه‌وێ پارێزێ ده‌كا، ده‌چێته‌ حه‌جێ( مانز ل7).  

ئاوی عه‌ینه‌مه‌ل/awy a’ynemel: نتـ:[ باشک، سیمـ][ ئاوی + عه‌ینه‌مه‌ل] ئاوێکه‌ گوایا باڵنده‌ ی عه‌ینه‌مه‌ڵ (خه‌زایی) حه‌زی لێده‌کات وبه‌داویدا دێت.

 { تێبـ :

1-1 { زیبیحی: نازانم ئه‌م ته‌رکیبه‌(عین الامل)ی عاره‌بی یه‌ یان ته‌رکیبی کوردی وعه‌ره‌بییه‌ به‌واتای(عین: کانی+ مه‌ل: باڵنده‌) یاخود هه‌ر هیچیان نه‌بێت و وشه‌یه‌کی کوردیه‌و جه‌ڕاوه‌.

1-2  له‌ هه‌ندێ شوێنی کوردستان کاتێ کولـله‌ زۆر ده‌بێت و ترسی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ زیان به‌ ده‌غلان بگه‌یه‌نێت. یه‌کێک که‌ ده‌بێت هه‌ندێ سیفه‌تی تێدا بێت – ئه‌نێرن له‌ کانییه‌کی که‌ هیچ که‌س نازانێت له‌ که‌نگێوه‌ ده‌ست نیشان کراوه‌ ئاو بێنێت، باوه‌ڕیان وه‌هایه‌ که‌ باڵنده‌ی خه‌زایی به‌دوای ده‌م ئاوه‌دا دێن و کولـله‌ کان ده‌خۆن.

ئاوی قاچ داهاتن/awy qaç dahatin : کتنـ:[ ئد] زۆرماندووبوون

:: ئه‌وه‌نده‌ به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ ئاوی قاچی داهاتووه‌.

:: ئه‌وه‌ چۆن ئاوی قاچی دانایه‌.

ئاوی قه‌تیس/awy qetîs: نتـ:[ جێۆ] ئاوی كۆن : ئاوی سوێری هه‌ڵگیراو له‌ناو كه‌ڤره‌كاندا.[ ئینگ: Connate water ].

ئاوی قۆره‌/awy qoře :  نتـ: به‌رسیله‌، ئووغووره‌.  

ئاوی کافوور/awy kafûr: نتـ:[ ئاو+ ی+ کافوور][ ئینگـ : aqua camphorae]

ئاوی کانی/awy kanî: نتـ: کانیاو، بیراو. [ ئینگـ : aqua fontana]

ئاوی که‌وسه‌ر/awy kewser: نتـ:[ كو: ئاوی( ئاو+ی)+ ع: كه‌وسه‌ر( )] ئاوی حه‌وزی كه‌وسه‌ر له ‌به‌هه‌شت.

{

ئاوی كه‌وسه‌ر نۆشی سۆفی بێ كه‌ من

ئاوی ئینسان یه‌عنی ماچی ده‌م ده‌خۆم

}{ نالی}.

ئاوی کلۆرۆفۆرم/awy kloroform: نتـ:[ ئاو+ ی+ کلۆرۆفۆرم][ ئینگـ : aqua chloroformi]

ئاوی گه‌رم/awy germ: نتـ: .[ ئینگـ : aqua fervens]  

ئاوی گه‌رم له‌ ژێر(له‌به‌ر)ڕۆیشتن/ awy germ le jêr(le ber) řoyŝtin: شڕ:[ ئد] میزبه‌خۆدا کردن، میزده‌بنه‌خۆکردن.

::  سه‌ری وه‌بنی کڵاوی که‌وتووه‌، ئاوی گه‌رمی له‌ ژێر دا ده‌ڕوا.

ئاوی گوڵاو/awy gwľaw: نتـ: [ ئینگـ :  aqua rosae]

ئاوی گوڵه‌باخ/awy gwľe bax: نتـ: گوڵاو.

ئاوی لووت/awy lǔt: نتـ: ئاوی که‌پوو، چڵم.

ئاوی ڵێڵ/awy ľěľ: نتـ: ئاوی لێخن.  

ئاوی لیمۆ/awy lîmo: نتـ: ئوووالیموو، گووشراوه‌ی لێمۆ.

ئاوی مه‌رگ /awy merg: نتـ: ئاوی مردار، ئاره‌قه‌ی مردوو، چیامانی، چایمانی، ئاوی په‌سیوی.  

ئاوی ناو بۆشایی یەکان/awî naw bošayîyekan : نتـ: [ جێۆ] ئاوی سەر ڕووی ئاوی ژێر زەوی لە چینە تێر ئاوەکاندا. [ ئینگـ : vadose water]

ئاوی نەبا‌ت /awy nebat: نتـ:  ئویونه‌وات( رۆژک، ل ).

ئاوی وه‌شه‌ن /awy weŝen: نتـ:[ هـ] ئاوی خۆش.  

ئاوی هه‌رێمی/awy hermě: نتـ:  گووشراوه‌ی هه‌رمێ.

ئاوی هه‌نار/awy henar: نتـ: ئووئه‌نار، ئاوی ئه‌نار، گووشراوه‌ی هه‌نار.

ئاوی هه‌ڵووژه‌/awy heľǔ: نتـ: ئووئه‌ی، گووشراوه‌ی هه‌ڵووژه‌.

.

.

______________________________________________

ئاو  ²/- aw: پێبـ:

1- له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردستان بۆنیشاندانی شه‌ریکایه‌تی دوو یان چه‌ند که‌س له‌ کارێکدا، له‌ شتێکدا، یان وه‌ک یه‌ک ئه‌ندازه‌ وشێوه‌ی دوویان چه‌ندشت. ده‌خرێته‌ سه‌ر وشه‌ی مه‌به‌ست

::  ئاوده‌نگی

::  ئاودامان

::  ئاوماڵ….

2- ئام، هام، هاو، هه‌و، ئه‌و، ها‌ڤ_هه‌‌ڤ{ کباک}.

3 – پێشگرێکه‌ له‌زمانی کوردی[ ئاو+ وێنه ‌: ئاوێنه‌] نه‌ینۆک، نه‌ینک، قۆدکا.

.

.

__________________________

ئاو  ³/- aw: ئـمـ:

1 – ئامرازی دروست کردنی به‌رکاره‌، له‌ دۆخی ڕابڕدووی سێیه‌م که‌سی تاک که‌ بکه‌ری دیارنه‌بێت( المبنی للمجهول)

::  براو

::  پچراو

::  خوراو

:: خنکاو

:: سووتاو.

 2 – پێشگرێکه‌ له‌ زمانی کوردی ده‌چێته‌ سه‌ر ناو و ناوێکی تری لێ دروست ده‌کات.

::  گوڵاو

::  به‌فراو

::  چەماو یان چەماوە

::   دۆشاو

::  زاخاو

::  قرتاو

::  گه‌رماو

::  کانیاو

::   سه‌راو

.

.

.

.